جیهان

تره‌مپ: ئه‌وه‌ی‌ تا ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئێران وتوومه‌ هه‌مووی‌ راست ده‌رچوو

سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌رگا دانه‌خراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنی نوێ له‌گه‌ڵ ئێرانداو، له‌ 12ی ئایاردا بڕیاره‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران یان نا.

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا، له‌ میانی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌گه‌ڵ مه‌حه‌مه‌د بوخاری‌، سه‌رۆكی‌ نه‌یجیریا، له‌ كۆشكی‌ سپی‌ رایگه‌یاند: ده‌رگا دانه‌خراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنی نوێ له‌گه‌ڵ ئێراندا، به‌ڵام له‌ ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌بێ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، كاریگه‌ری نه‌رێنی ناكاته‌ سه‌ر ئه‌و قۆناغی دانوستانه‌ ئه‌تۆمییه‌ی له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور درێژه‌ی هه‌یه‌.


وتیشی‌، له‌ 12ی ئایار بڕیاره‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران یان نا.

راشیگه‌یاند: ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی هه‌یه‌ كاتێك واژۆ كرا، له‌ لایه‌ن زۆر لایه‌نه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كرا و رێككه‌وتنێكی زۆر خراپ بوو بۆ ئه‌مریكا.

باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ركاتێك واده‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ ته‌واوبوو تاران ده‌توانێت به‌ ئاسانی چه‌كی ئه‌تۆمیی به‌رهه‌مبهێنێت و ئه‌و دۆخه‌ش مایه‌ی قبوڵكردن نییه‌ و هه‌روا دانانیشن. ده‌شڵێت: "مووشه‌ك هه‌ڵده‌ده‌ن و به‌وه‌ش ده‌ڵێن ئامانجی ته‌له‌ڤیزیۆنییه‌". 

له‌باره‌ی‌ وته‌كانی‌ دوێنێی‌ بنیامین نه‌تانیاهوَی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، وتی‌ " ئه‌و وتانه‌ ده‌یسه‌لمێنن ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ وتوومه‌ له‌سه‌دا %100 راست بوون".

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە240