جیهان

ئه‌فغانستان.. ڕۆژنامه‌نوسێك له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ كوژرا

چەکدارێکی نەناسراو بە فیشەک ڕۆژنامەنوسێکی ئەفغانی لە باشووری هەرێمی قەندەهار کوشت.

ئەندامانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێمەکە دەڵێن، ئەو هێرشە هەوڵێکە بۆ بێدەنگ کردنی ڕا دەربڕینی ئازاد و ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و بەرپرسان ئەگەری تێوەگلانی چەکدارە توندڕەوەکانیان لە هێرشەکەدا لانەبردووە.

عەبدول مەنان عیرفاند تەمەن 31 ساڵ لە کاتێکدا ماتۆڕەکەی لێخووڕیوە لە شاری قەندەهار لەلایەن چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

بەپێی وته‌ی خێزانەکەی، عیرفاند کاری بۆ کەناڵی تایبەتی کابوڵ نیوز کردووە، هەروەها پێش هێرشەکە لەڕێی تەلەفونەوە هەڕەشەی لێکراوە.

براکەی عیرفاند وتی، ئێمە هیچ دوژمنایەتییەکی تایبەتیمان نیە لەگەڵ هیچ کەسێکدا، یان ئەوەتا تاڵیبان ئەو کارەی ئەنجامداوە یاخوود حکومەتی ئەفغانستان، هیچ کەسێکی دیکە لە پشت ئەو هێرشەوە نیە.
پەیامنێرانی ناوخۆی قەندەهار داوا لە حکومەت دەکەن ئەنجامدەرانی ئەو کارە بدرێنە دەست دادگا.

بەڕێوبەری یانەی ڕۆژنامەگەری قەندەهار له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی، تاوەکو بکوژانی عیرفاند ڕادەستی دادگا نەکرێن و دڵنیا نەبین لە پارێزراویمان، ئەوا ئێمە ڕووماڵی هیچ هەواڵێکی پەیوەست بە تاڵیبان و حکومەتەوە ناکەین.

هێرشەکەی سەر عیرفاند هاوکاتە لەگەڵ ئاماری ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا کە لەلایەن پەیامنێرانی بێ سنوورەوە بڵاوکرایەوە و تیایدا ئەفغانستان لە کۆی 180 وڵاتی جیهان لە پلەی 118 دایە.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە243