جیهان

ڕوسیا و ئه‌ڵمانیا: پێویسته‌ ئێران له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتنه‌ ناوه‌كییه‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌

وەزیرانی دەرەوەی ڕوسیا و ئەڵمانیا ڕایانگه‌یاند، کاردەکەن بۆ مانەوەی ئێران لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران ڕاگەیاند و فەرمانیدا بە سەپاندنەوە سزاکانی واشنتن بەسەر ئێراندا.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسی هاوبه‌شدا هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی، زۆر گرنگە ئێران پابەند بێت بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە لە ڕێکكەوتنە ناوەکییەکەدا سەرەڕای ئەوەی تره‌مپ بەڵێنیداوە سزای نوێ بسەپێنێت بەسەر ئێراندا. 

هه‌روه‌ها وتیشی، مۆسکۆ دەتوانێت لەم بارەیەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بەکاربهێنێت.

 ماس وتیشی، پێویستی بە وردەکاری زیاترە لە ئەمریکاوە سەبارەت بە سزا نوێیەکان.

هاوكات لاڤرۆڤ وتی، زۆر گرنگە سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کارنەکاتە سەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە.

هه‌روه‌ها وتیشی، بێگومان سەرەتا کاردەکەین لەسەر ئەوەی ئەو ڕێکەوتنە تێک نەدرێت، ئەوە ئامانجی هاوبەشمانەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە.

لاڤرۆڤ ئه‌وه‌شی وت، داوای لە ئێران و ئیسڕائیل کردووە خۆیان بەدووربگرن لە هەر ڕەفتارێک کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ دوای بڕیارەکەی تره‌مپ.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ڕۆژی سێشەممە دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران کشایەوە و وتی، ڕێکەوتنەکە هەڵەی زۆر تێدایە، ئەو هەڵوێستەش دژی هەڵوێستی هاوپەیمانە ئەوروپییە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە و ڕوسیا و چینیشە.

کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، تره‌مپ خۆی ئامادە دەکات بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر تاراندا و لەوانەیە ئەوە لە هەفتەی داهاتوودا بێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە356