جیهان

میسر تاوتوێی‌ پلانی‌ ناردنی‌ هێز بۆ سوریا ده‌كات

رۆژنامه‌ی‌ ئه‌هرامی‌ میسری بڵاویكرده‌وه‌، حكومه‌تی‌ میسر تاوتوێ ناردنی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ ده‌كات بۆ سوریا، له‌ چوارچێوه‌ی‌ هێزی‌ عه‌ره‌بیدا.

سه‌میح شوكری وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ میسر، له‌باره‌ی‌ ناردنی‌ هێزی عه‌ره‌بی‌ بۆ سوریا رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ ئه‌گه‌ری‌ روودانی‌ هه‌یه‌ و ناردنی‌ هێز نه‌ك ته‌نها له‌ میدیاكاندا، به‌ڵكو له‌ دانوستانه‌ ناوچه‌یی‌ و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت و گفتوگۆكانیش به‌رده‌وامن.

راشیگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ گۆڕانكاری‌ له‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ناو سوریادا رووبدات و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سوپایه‌كی‌ عه‌ره‌بی ره‌وانه‌ی‌ سوریا بكرێت.

پێشتر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو، ده‌بێت هێزێكی‌ عه‌ره‌بی‌ دروست بكرێت و له‌ جێی‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا جێگیر بكرێن.

به‌رپرسانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستانیش له‌و باره‌یه‌وه‌ رایانگه‌یاندبوو، گۆڕانكارییه‌كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پلانی‌ هاوپه‌یمانیی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌نجام ده‌درێت و كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه‌دا  نییه‌، به‌ڵام تا ئێستا گفتوگۆییه‌كی‌ روون له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە150