جیهان

مێركڵ و ماكرۆن داوای دانبه‌خۆداگرتنی ئێران و ئیسرائیل ده‌كه‌ن

وته‌بێژی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا له‌ زاری ئه‌نگێلا مێرکڵ‌، ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا و ئیمانویڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ڕایگه‌یاند، داوای لە ئیسڕائیل و ئێران کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان بەدوور بگرن لە زیادبوونی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هه‌روه‌ها وتی " دەزانین ڕەوشەکە زۆر ئاڵۆزە، زیادبوونی گرژییەکان لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا بۆمان دەردەخات کە بابەتەکە پەیوەندیی بە جەنگ و ئاشتیەوە هەیە، منیش ناتوانم هیچ شتێک بکەم جگە لەوەی داوا لە هەموو لایەنەکان بکەم کە دان بەخۆیاندا بگرن.

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەدا مێرکڵ و ماکرۆن لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە هێرشە موشەکییەکانی ئێران کردووە بۆ سەر شوێنەکانی ئیسڕائیل و وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل بۆ ئەو هێرشانە.

دواتر مێرکڵ لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا بە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتووە پشتیوانی لە پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەکات ئەگەر ئێران پابەند بێت بە جێبەجێکردنیەوە.

هەروەها مێرکڵ سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی ئیسڕائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان و داوای لە ئێران کرد کارێک بکات زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا بوەستێنێت.
مێركڵ ئاماژەیە بۆ جەنگی ناوخۆی سوریا كرد و وتی، زۆرێک لە ململانێ نێودەوڵەتییەکانی ئەمڕۆ لە دەرگای ئەوروپا دەدەن.

هه‌روه‌ها وتیشی، چیتر شتەکە وانەماوە ئەمریکا هەروا بە ئاسانی بمانپارێزێت، لەجێی ئەوە پێویستە لەسەر ئەوروپا چارەنووسی خۆی بەدەست خۆیەوە بێت، ئەوە ئەرکی داهاتوومان دەبێت.

ماکرۆنیش بە هەمان شێوە داوای دانانی سیاسەتێکی دەرەوەی هاوبەشی ئەوروپی کردەوە و بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وڵاتێکی دیاریکراو بدات وتی، ئەوەمان هەڵبژارد کە ئاشتی به‌رقه‌رار بكه‌ین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام زلهێزێکی دیکه‌، بەڵێنەکەی خۆی نەبردە سەر.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئیسڕائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە دوای ئەوەی ئێران کۆمەڵێک موشەکی هاویشتووە بۆ ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل لەسەر سنووری سوریا، ئیسڕائیل هێرشی کردۆتە سەر هەموو ژێرخانە ئابوورییە سەربازییەکانی ئێران لە سوریادا.

دوای بڕیارەکەی دۆناڵد تره‌مپ بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران، پێشبینییەکان بۆ هەڵگیرسانی ململانێی هەرێمی زیادی کردووە.








تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە193