جیهان

ئه‌فغانستان.. به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ 17 كه‌س كوژران

بەرپرسانی ناوخۆی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە مزگەوتێکدا کە بۆ بنکەی تۆمارکردنی دەنگدەران بەکارهێنراوە لە هەرێمی خوست لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان 17 کەس کوژراون و 34 کەسی دیکە برینداربوون.

بەسیر بینا، وتەبێژی پۆلیسی ناوخۆ وتی دوێنێ دوای نوێژی عەسر خەڵکەکە لە مزگەوتەکە کۆبوونەتەوە کە وەکو بنکەی تۆمارکردنی دەنگدەرانیش بەکاردەهێنرێت بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کە وابڕیارە لە مانگی 10ی ئه‌مساڵدا ئەنجام بدرێت.

هه‌روه‌ها وتیشی، تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبه‌وه‌ بووه‌، لە ناو مزگەوتەکەدا دانراوە و هێرشی خۆکوژی نەبووە.

حەبیب شا ئەنساری، سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی تەندورستی خوست له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی، بەهۆی تەقینەوەکەوە 17 کەس کوژراون و 34 کەسی دیکەش برینداربوون. 

خوست هەرێمێکی شاخاوییە دەکەوێتە سەر سنووری پاکستان، هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە کە نوێترین هێرشە دەکرێتە سەر بنکەی تۆمارکردنی دەنگدەران.

جێی ئاماژەیە مانگی ڕابردوو لە ئەنجامی کردەوەیەکی خۆکوژیدا بۆ سەر بنکەیەکی تۆمارکردنی دەنگدەران لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان 60 کەس کوژران و ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند و لە هەمانکاتدا هەندێک ڕووداوی بچوکتر ڕوویانداوە کە وای کردووە خەڵکانێکی زۆر نەچن بۆ بنکەکانی خۆتۆمارکردن.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە276