تاڤگە سابیر
د. ئیسماعیل نامیق
دانا عه‌بدولكه‌ریم
ئارام جەمال
ئاهه‌نگی پشتیوانی گۆڕانخوازان بۆ لیستی 142ی گۆڕان و 183ی نیشتمان
سلێمانی.. بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان
ئەندازیارێكی ئوستڕاڵی بە ئامێرێكی ناوازەی مۆسیقیەوە بە وڵاتاندا دەگەڕێت
وان: پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنی جوانترین پشیله
دهۆک: تیمێکی ئەڵمانیی چەند شوێنەوارێکی دێرین دەدۆزێتەوە
ئەو دەنــگانەی هەرگیز هــاک ناکرێ
پێشه‌كی بڕیاره رۆژی 12ی ئایاری ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجامبدرێت، له‌م سه‌روبه‌نده‌دا قسه‌و باس‌و پرسیارێكی زۆر له‌لای ده‌نگده‌ران‌و پاڵێوراوو قه‌واره سیاسییه‌كان له‌سه‌ر شێوازی كاركردنی سانتلیگۆی هه‌مواركراو دروستبووه، كه پێویستی به روونكردنه‌وه هه‌یه، من لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌م شێوازه به نموونه‌وه روونبكه‌مه‌وه‌و ئه‌وه‌ت بۆ بسه‌لمێنم كه چۆن‌و له‌به‌رچی شێوازی سانتلیگۆی هه‌مواركراو، له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و قه‌واره سیاسیانه‌دا نییه كه له‌ده‌وری یه‌ك كورسی ده‌سوڕێنه‌وه به‌ڵكو ده‌كه‌وێته خزمه‌ت قه‌واره سیاسییه مامناوه‌ندو گه‌وره‌كان. گرنگه ئه‌وه‌ش بزانین كه هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌پێی یاسای ژماره (45)ی هه‌مواركراوی ساڵی 2013 رێكخراوه‌و یاساكه سیستمی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی به "لیستی نوێنه‌رایه‌تی رێژه‌یی" دیاریكردووه، كه گۆڕینی ده‌نگ بۆ كورسی تێیدا به شێوازی سانتلیگۆی هه‌مواركراوه. دیاره هه‌ر سیستمێكی هه‌ڵبژاردن شێواز‌و كرده‌ی حسابی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه له‌گۆڕینی ده‌نگه‌كان بۆ كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نه هه‌ڵبژێردراوه‌كان، بۆ نموونه له‌لیستی نوێنه‌رایه‌تی رێژه‌ییدا، شه‌ش شێوازی حسابی هه‌یه بۆئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بگۆڕدرێن بۆ كورسی نوێنه‌رایه‌تی، كه ئه‌مانه‌ن: • شێوازی زۆرترین ماوه (الباقی الاقوی) • شێوازی به‌هێزترین تێكڕا (المعدل الاقوی) • شێوازی هۆندت (DHondt Quota) • شێوازی سانت لیگۆ (Sainte- Lague Quota) • شێوازی سانت لیگۆی هه‌مواركراو (Modified Sainte- Lague Quota) • شێوازی هارا- نیمایه‌ر (Hare- Niemeyer Quota) خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان ئه‌و شێوازانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌یه هه‌ندێكیان ده‌كه‌ونه خزمه‌ت حزبه تاك كورسییه كه‌م ده‌نگه‌كانه‌وه، به‌مه‌ش فره‌ییه‌كی زۆر‌و زه‌به‌ند له‌ژێر سه‌قفی په‌رله‌ماندا ده‌هێننه‌ئاراوه (وه‌ك شێوازی زۆرترین ماوه "الباقی الاقوی"، شێوازی سانت لیگۆ، شێوازی هارا- نیمایه‌ر)، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانه‌ی تر له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه گه‌وره‌كانه‌و به‌مه‌ش فره‌یی له‌ژێر سه‌قفی په‌رله‌ماندا كه‌مده‌كاته‌وه (وه‌ك شێوازه‌كانی به‌هێزترین تێكڕا، شێوازی هۆندت، شێوازی سانت لیگۆی هه‌مواركراو). كه‌واته له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌گه‌ر شێوازی سانتلیگۆ له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه تاك كورسییه‌كاندا بێت ئه‌وا شێوازی سانتلیگۆی هه‌مواركراو، به‌هه‌موو ڤێرژنه‌كانیه‌وه، له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه گه‌وره‌كاندایه!). به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی له‌شێوازی سانتلیگۆی هه‌مواركراو تێبگه‌ین، باشتروایه پێشتر شێوازی سانتلیگۆ بناسین تا بزانین شێوازه حسابییه‌كه‌ی چۆنه له‌ڕووی گۆڕینی ده‌نگ بۆ كورسی، له‌وێوه ئاسانتره ئه‌و جیاوازیانه نیشانبده‌ین كه له‌نێوان هه‌ردوو شێوازه‌كه‌دا هه‌یه. سانتلیگۆ و هه‌ڵگرتنی نازی حزبه بچووكه‌كان: شێوازی سانتلیگۆ له‌رووی مێژووییه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 1951ی نه‌رویج‌و سویددا به‌كارهات‌و بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌هه‌ڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكرایه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه ئه‌نجامه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی قه‌واره سیاسییه بچوكه‌كان شكایه‌وه. ئه‌م شێوازه ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی به‌سه‌ر ژماره تاكه‌كانی (9،7،5،3،1، ..)دا دابه‌شده‌كات. با مه‌به‌سته‌كه‌مان به نموونه‌یه‌ك روونبكه‌ینه‌وه. نموونه له‌سه‌ر شێوازی سانتلیگۆ: - قه‌باره‌ی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن : پێنج نوێنه‌ر/ كورسی - كۆی ژماره‌ی ده‌نگده‌ران: 75000 ده‌نگده‌ر پێنج خانه زه‌رده‌كه‌ی ناو خشته‌كه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌و 5 كورسییه براوه‌یه‌ی ناو بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه دیاریده‌كات، كه له‌زۆرترین ژماره‌ی ده‌نگی قه‌واره‌كانه‌وه ده‌ستپێده‌كات بۆ كه‌مترین ژماره‌ی ده‌نگ. ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌نجامه‌كانی خشته‌ی ژماره -1- بكه‌ین، كه شێوازی سانتلیگۆی تێدا به‌كارهێنراوه، ده‌بینین قه‌واره‌ی (D) به (٨٠٠٠) ده‌نگه‌وه كورسییه‌كی بردۆته‌وه یاخود قه‌واره‌ی (C) به (١١٠٠٠) ده‌نگه‌وه كورسییه‌كی بردۆته‌وه، له‌كاتێكدا قه‌واره‌ی (B)، وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی مامناوه‌ند، به (٢١٠٠٠) ده‌نگه‌وه ئه‌ویش ته‌نها یه‌ك كورسی بردۆته‌وه یاخود قه‌واره‌یه‌كی گه‌وره‌و براوه‌ی یه‌كه‌می بازنه‌كه (قه‌واره‌ی A ) به (٣٥٠٠٠) ده‌نگه‌وه ته‌نها 2 كورسی بردۆته‌وه. ئه‌نجامه‌كانی شێوازی سانتلیگۆ زۆر له‌ئه‌نجامی هه‌ردوو شێوازی (زۆرترین ده‌نگی ماوه، شێوازی هارا- نیمایه‌ر)ه‌وه نزیكه‌و ده‌رفه‌تی بردنه‌وه‌ی كورسییه‌ك ده‌داته قه‌واره سیاسییه بچوكه‌كان. له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ت‌و نازه زۆره‌ی كه شێوازی (سانت لیگۆ) به پارته بچووكه‌كانی ده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ی به چه‌ند ده‌نگێكی كه‌مه‌وه كورسییه‌ك به‌ده‌ستده‌هێنن، ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌م شێوازه‌یان پیاده‌ده‌كرد ده‌ستكاری ئه‌م شێوازه‌یان كرد‌و شێوازێكی تریان به‌ناوی (سانت لیگۆی هه‌مواركراو) داهێنا. "سانتلیگۆی هه‌مواركراو" و لێقه‌وماوی حزبه بچووكه‌كان: جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) و شێوازی (سانت لیگۆی هه‌مواركراو) له‌وه‌دایه له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی به‌سه‌ر ژماره (1) دا دابه‌ش بكرێت، به‌سه‌ر ژماره (1)ی ته‌واو‌و كه‌رتێكدا دابه‌شده‌كرێت، وه‌ك (1,4) ، (1,6) یان (1,7) . بۆ نموونه ئه‌و كه‌رته له‌وڵاتی سوید‌و نه‌رویجدا (1,4)ه، له‌هه‌ڵبژاردنی خولی سێهه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا (نیسانی 2014) ئه‌و كه‌رته (1,6) بوو، به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا بۆته (1,7). كه‌واته وه‌ختێك له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا بمانه‌وێت ده‌نگه دروسته‌كانی ناو هه‌ر بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویسته له‌سه‌ره‌تاوه ده‌نگه دروسته‌كانی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی دابه‌شی (1,7) بكه‌ین، ئه‌وسا دوای ئه‌وه دابه‌شی هه‌ریه‌ك له‌ژماره‌كانی (3، 5، 7، 9، 11)یان بكه‌ین. بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر، با هه‌مان نموونه‌كه‌ی پێشتر به‌سه‌ر سانتلیگۆی هه‌مواركراودا تاقیبكه‌ینه‌وه تا بزانین ئه‌نجامه‌كه چی لێدێت‌و جیاوازی ئه‌نجامه‌كانیان چه‌نده؟ نموونه له‌سه‌ر شێوازی سانتلیگۆی هه‌مواركراو: - قه‌باره‌ی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن : پێنج نوێنه‌ر/ كورسی - كۆی ژماره‌ی ده‌نگده‌ران: 75000 ده‌نگده‌ر خانه زه‌رده‌كانی ناو خشته‌كه 5 كورسییه براوه‌كه‌ی ناو بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه دیاریده‌كات، كه له‌زۆرترین ژماره‌ی ده‌نگی قه‌واره‌كانه‌وه ده‌ستپێده‌كات بۆ كه‌مترین ژماره‌ی ده‌نگ. ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌نجامه‌كانی خشته‌ی ژماره -2- بكه‌ین ، كه شێوازی سانتلیگۆی هه‌مواركراوی تێدا گیراوه‌ته‌به‌ر، ده‌بینین ئه‌نجامی ئه‌و كورسیانه‌ی به‌ر قه‌واره سیاسییه‌كان ده‌كه‌ون گۆڕانی به‌رچاویان به‌ركه‌وتووه. قه‌واره‌ی (D) به (٨٠٠٠) ده‌نگه‌وه هیچ كورسییه‌كی نه‌بردۆته‌وه یاخود قه‌واره‌ی (C) به (١١٠٠٠) ده‌نگه‌وه هیچ كورسییه‌كی نه‌بردۆته‌وه، به‌ڵام قه‌واره‌ی (B)، وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی مامناوه‌ند، به (٢١٠٠٠) ده‌نگ دوو كورسی بردۆته‌وه‌و قه‌واره‌ی (A) به (٣٥٠٠٠) ده‌نگ 3 كورسی بردۆته‌وه. كه‌واته ئه‌و 2 كورسییه‌ی له‌شێوازی (سانتلیگۆ)دا به‌ر قه‌واره بچووكه‌كانی (C) و (D) كه‌وتبوون، له‌شێوازی (سانت لیگۆی هه‌مواركراو) دا لێیانسه‌ندرایه‌وه‌و به‌ر قه‌واره مامناوه‌ندییه‌كه (B)و قه‌واره گه‌وره‌كه (A) كه‌وتن. لێره‌وه‌یه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی بڵێین، به‌ڵێ شێوازی (سانت لیگۆی هه‌مواركراو) شایی‌و لۆغانه بۆ قه‌واره سیاسییه گه‌وره‌كان‌و لێقه‌وماوییه بۆ قه‌واره سیاسییه بچووكه‌كان . له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌گه‌ر شێوازی سانتلیگۆ له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه تاك كورسییه‌كاندا بێت ئه‌وا شێوازی سانتلیگۆی هه‌مواركراو، به‌هه‌موو ڤێرژنه‌كانیه‌وه، له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه گه‌وره‌كاندایه! ئارام جه‌مال: به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی كوردی بۆ هه‌ڵبژاردن KIE