د. ئیسماعیل نامیق

سێ هەڵویست و یەک دەنگ‌

بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە چوار ساڵی‌ رابردودا سەدان هەڵوێستی‌ مەردانە و جوامێرانەی‌ هەبووە، بەڵام من لێرەدا تەنها ئاماژە بە سێ هەڵوێست دەکەم، کە بەتەنها ئەم سێ هەڵویستە بەسن بۆ ئەوەی‌ تۆی‌ دەنگدەری‌ بەڕێز متمانە بەم بزوتنەوەیە بکەیت و پشتگیری‌ خۆتی‌ بۆ دەربڕیت و نەهێڵی‌ بەئەندازەی‌ تاڵە مویەک پاشەکشە بکات، چونکە هەر پاشەکشە کردنێکی‌ ئەم بزوتنەوەیە واتە بەدوادا هاتنی‌ پرۆسە و قۆناغی‌ گواستنەوەی‌ دیموکراسی‌، واتە بەردەوامبونی‌ ئەم مۆدێلە کارەساتبارەی‌ 27 ساڵی‌ حوکمڕانی‌، کەکەس حەسودی‌ پێ نابا و کەسیش خۆی‌ بەخاوەنی‌ نازانێ. 

هەڵویستەکانیش بریتین لە:

1 -هەڵوێستی‌ یەکەم: کێشەی‌ سەرۆکایەتی‌ هەرێم، لەمانگی‌ حوزەیرانی‌ ساڵی‌ 2015 کاتێک بزوتنەوەی‌ گۆڕان پرۆژە یاسایەکی‌ پێشکەش کرد بۆ چارەسەرکردنی‌ کێشەی‌ سەرۆکایەتی‌ هەرێم، یەکێتی‌ دوو پرۆژەی‌ پێشکەشکرد، لایەنە ئیسلامیەکانیش پرۆژەیەکیان پێشکەشکرد، کە لە23ی‌ حوزەیران خوێندنەوەی‌ یەکەم بۆ پرۆژەکان کرا ئیتر زۆربەی‌ لایەنەکان جگە لەپارتی‌ قسەی‌ رۆژ و شەویان باسی‌ سیستمی‌ پەرلەمانی‌ بوو، کێبڕکیان بو لەگەڵ گۆڕاندا، خۆیان شین ومۆر ئەکردەوە هاواریان ئەکرد، ئەیان شیڕاند، ئەیان قیڕاند، کەئەوان بەهیچ جۆرێک لەگەڵ درێژکردنەوەی‌ ویلایەتی‌ مه‌سعود بارزانی‌ نین، چونکە سیستمی‌ پەرلەمانی‌ عەقیدەی‌ جێگیریانە و لەکۆنگرەی‌ حیزبدا بڕیاریان لەسەر داوە، بەڵام کە لە17/ 8/ 2015 ئەنجومەنی‌ شورای‌ هەرێم بەئیمزای‌ سەرۆکەکەی‌ کە لەپشکی‌ یەکێتیە، وە بەدەنگی‌ هەمو ئەندامانی‌ کەبەشێکیان پشکی‌ یەکێتین، ئیتر لێرەوە منجەمنج وساردبونەوە و خاوبونەوە دەستی‌ پێکرد ووەرزی‌ گەرمی‌ هاوینی‌ پڕ حەماسەتیان تەواو بوو، وەرزی‌ پایز دەستی‌پێکرد بۆ وەرگرتن و چنینەوەی‌ پۆست وپشک. 

لەدوای‌ ئەنجامنەدانی‌ کۆبونەوەی‌ 19/ 8/ 2015، موعاناتی‌ گۆڕان لەگەڵ یەکێتی‌ و یەکگرتودا دەستی‌پێکرد، چونکە هەر رۆژە و شتێکیان ئەوت، بەڵام لە 12/ 10/ 2015 بەتەواوی‌ رووی‌ ئەو دوو هێزە و چەندین هێز و لایەن و کەسایەتی‌ دیکە دەرکەوت، چونکە هەندێکیان خۆیان کرد بەناوبژیکەر و چاکەخواز لەنێوان و گۆڕان و پارتیدا، هەندێکی‌ دیکەیان دەستیان کرد بەموزایەدەکردن بەسەر گۆڕاندا، هەندێکی‌ تریان خۆیان کرد بەکەڕەی‌ شەربەت کەچی‌ ئێستا بانگەشەی‌ گۆڕانکاری‌ و دادپەروەری‌ و دژایەتی‌ ستەم ئەکەن. 

بۆیە لەم کێشەیەدا گۆڕان لەسەرەتاوە تاکو ئێستاش بەهەڵویستێکی‌ جێگیر وەکو شاخ بەرامبەر پارتی‌ راوەستا، بەڵام لایەنەکانی‌ تر تائەو کاتەی‌ مەترسی‌ نەبو بۆ راکێشانی‌ سۆزی‌ خەڵک کێبرکێی‌ گۆڕانیان ئەکرد، بەڵام هەر ئەوەندە پارتی‌ خۆی‌ گیڤ کردەوە، گۆڕانیان بەجێ هێشت وخۆیان کرد بەچاکە خواز و ناوبژیکەر. 

2- هەڵوێستی‌ دوەم: پرسی‌ ریفراندۆم، لەپرسی‌ ریفراندۆمیشدا گۆڕان هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستێکی‌ جێگیری‌ هەبو، بەشداری‌ لەهیچ کۆبونەوە و رێوشوێنێکی‌ ریفراندۆمدا نەکرد، هەوڵی‌ دنیایدا بۆ ئەوەی‌ ریفراندۆم نەکرێت و دوابخرێت، تا کار گەیشتە ئەوەی‌ بە خیانەت و دژەسەربەخۆیی‌ تۆمەتبار بکرێت، بەڵام هێزەکانی‌ تر زۆربەی‌ زۆریان شەڕیان بو لەسەر ئەوەی‌ کێ لەئەنجومەنی‌ ریفراندۆمدا لەتەنیشت مەسعود بارزانیەوە دابنیشێ، وێنەکانی‌ کۆبونەوەی‌ ئەنجومەنەکە و بانگەشەی‌ ریفراندۆم گەواهیدەری‌ ئەم راستیەن، کەچی‌ هەر ئەوەندە بەغداد سزای‌ بەسەر هەرێمی‌ کوردستاندا سەپاند و مەترسی‌ دروستبو، هەمو ئەو هێزانە خۆیان لەریفراندۆم بێبەریکرد و مەسعود بارزانیان بەتەنیا لەوکەژ و کێوە بەجێهێشت. 

3- هەڵوێستی‌ سێیەم، کورد تا ئێستا دەردەداری‌ ئەوەبوە بۆ یەکلایکردنەوەی‌ ناکۆکی‌ و ململانێی‌ ناوخۆیی‌ هانای‌ بۆ دوژمنەکانی‌ بردووە تا تۆڵە لەیەکتر بکەنەوە، مێژوی‌ میرنشینە کوردییەکان و شەڕی‌ نێوان هێزە کوردیەکان سەلمێنەری‌ ئەم راستیەن، بەڵام گۆڕان هاتوە ئەم بیرکردنەوەیە بگۆڕێت، بەکرداریش سەلماندویەتی‌. سەرنجبدەن پارتی‌ لە 12/ 10/2015 ەوە ئەوەی‌ لەتوانایدا بو لەکاری‌ خراپ بەرامبەر گۆڕان کردی‌، تا ئەو رادەیەی‌ فەرمانی‌ گرتنی‌ بۆ رەوانشاد کاک نەوشیروان دەرکرد، پێشتریش لە17ی شوباتی‌ 2011 ویستی‌ پەلاماری‌ گردی‌ زەرگەتە بدات وبیسوتێنێت و تاوانی‌ کۆمەڵکوژی‌ دژی‌ گۆڕان ئەنجامبدات، کەچی‌ کاتێک لە 16ی‌ ئۆکتۆبەری‌ 2017 لەلایەن بەغدادەوە زەلیل کرا، هێزەکانی‌ عێراق گەیشتنە نزیک هەولێر، گۆڕان جگە لەهەڵوێستی‌ نەتەوەیی‌ و نیشتمانی‌ هیچی‌ تری‌ نەنواند، خۆ ئەگەر بەدوای‌ تۆڵەدا بگەڕایە دەیتوانی‌ بەپاڵپشتی‌ بەغداد تۆڵە لەپارتی‌ بکاتەوە، وەکو چۆن پارتی‌ لە 31ی‌ ئابی‌ 1996 بەرامبەر یەکێتی‌ کردی‌، نەک هەر ئەوە، گۆڕان رێگر بو لەلەتبونی‌ هەرێمی‌ کوردستان، گۆڕان رێگربو لەوەی‌ بەتەنیا فڕۆکەخانەی‌ سلێمانی‌ بکرێتەوە وفڕۆکەخانەی‌ هەولێر نەکرێتەوە، بەڵام کاتێک دەوڵەتی‌ تورکیا گەشتی‌ بۆ فڕۆکەخانەی‌ هەولێر دەست پێکردەوە گەشتی‌ بۆ فڕۆکەخانەی‌ سلێمانی‌ راگرت پارتی‌ وحکومەتەکەی‌ بێدەنگبون رەنگە دەستخۆشیشیان کردبێ. 

شایانی‌ باسە نابێت لەپرسی‌ سەرۆکایەتی‌ هەرێم و ریفراندۆم هەڵویستی‌ کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ نادیدە بگیرێ.
گۆڕان بەم هەڵوێستانە و سەدانی‌ تریش کەپێنوسە خاوەن ویژدانەکان نوسیویانەتەوە، دەیەوێت نەخۆشی‌ تۆڵەکردنەوە و هێنانی‌ دەستی‌ دەرەکی‌ بۆ یەکلایکردنەوەی‌ ناکۆکی‌ و ململانێ ناوخۆییەکان بنەبڕ بکات و کۆتایی‌ پێ بهێنێت.

بۆیە جیاوازی‌ گۆڕان وهێزەکانی‌ تر بریتیە لە جیاوازی‌ نێوان هەڵوێستەکان بیرکردنەوە و گوتار و میکانیزمی‌ کاری‌ سیاسی گۆڕان وئەوانی‌ تر. 
ئێستا تۆی‌ دەنگدەری بەڕێز دەتوانیت بڕیار بدەیت ئایا ئەم سێ هەڵوێستە و ئەو سەدان هەڵوێستەی‌ تری‌ گۆڕان شایانی‌ ئەوە نین بەتەنها یەک دەنگ پشتگیری‌ بکەیت بۆ بەردەوامبون وبەرەوپێشچونی‌ زیاتر وتۆمارکردنی‌ هەزاران هەڵوێستی‌ هاوشێوەو جوانتر؟

خوێندراوەتەوە953
     گشت ووتارەکان