جیهان

سكرتێری‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان داوا ده‌كات رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێنرێته‌وه‌

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز: مه‌ترسی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شه‌ڕێكی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز: پێویسته‌پارێزگاریی‌ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ بكرێت
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران: گۆڕانكاریی‌ له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتو‌وه‌كان داوا له‌ ئه‌مریكا ده‌كات پابه‌ند بێت به‌ رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی‌ نێوان ئێران و وڵاتانی‌ پێنج كۆیه‌ك.

ئێرانیش هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ ده‌قی‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌مریكا به‌ پێشێلكردنی‌ تۆمه‌تبارده‌كات.
له‌گه‌ڵ نزیك بو‌ونه‌وه‌ له‌و واده‌یه‌ی‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بۆ بڕیاردان له‌باره‌ی‌ رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ نێوان ئێران و وڵاتانی‌ پێنج كۆیه‌ك دایناوه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ زیاتر ده‌بێـته‌ جێی‌ سه‌رنجی‌ میدیاكان و سه‌ركرده‌كانی‌ جیهان و مشتومڕی‌ نێوان ئێران و ئه‌مریكا.

به‌ده‌ر له‌رای‌ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی‌ وڵاتان له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌، سكرتێری‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش مه‌ترسیه‌كانی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نه‌شارده‌وه‌ و داوای‌ له‌ دۆناڵد تره‌مپ، كرد هه‌ڵینه‌وه‌شێنێته‌وه‌.

 له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ بی‌ بی‌ سی‌ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز وتی‌، رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنێكی‌ دیبلۆماسی‌ گه‌وره‌بوو، بۆیه‌ پێویسته‌ پارێزگاری‌ لێبكرێت.

سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتو‌وه‌كان هۆشداری‌ دا له‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕێكی‌ گه‌وره‌ ئه‌گه‌ربێت و ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ به‌پێویستیشی‌ زانیوه‌ رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ بمێنێـته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ جێگره‌وه‌یه‌كی‌ باشتری‌ بۆ ده‌دۆزرێته‌وه‌.

هه‌رچی‌ ئێرانیشه‌ ئه‌نجامدانی‌ گۆڕانكاری‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و هێنده‌ی‌ پێداگیریه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌، ئه‌ویش پێداگری‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبو‌ون پێیه‌وه‌ ده‌كات.

 له‌ نوێترین هه‌لوێستی ئه‌و وڵاته‌شدا محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران هه‌ر جۆره‌ رێككه‌وتنێكی‌ نوێ‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: ئێران ئاماده‌ نیه‌ جارێكی‌ تر گفتوگۆ له‌ سه‌ر رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ بكات و ته‌ئكیدیشی‌ كرده‌وه‌  ئه‌نجامدانی‌ هه‌ر جۆره‌ گۆڕانكاریه‌ك له‌و رێككه‌وتنه‌دا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌.

زه‌ریف ئه‌مریكای‌ به‌ پێشێلكردنی‌ رێككه‌وتنامه‌كه‌ تۆمه‌تباركردو  وتی‌، ئه‌مریكا ده‌ستپێشخه‌ری‌ كرد له‌ پێشێلكردنی‌ رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌. 

پێده‌چێت ئه‌و لێدوانه‌ی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌  ئێران وه‌ڵامێك بێت بۆ پێشنیاره‌كه‌ی‌  ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا كه‌ داوای‌ كرد بوو رێككه‌وتننامه‌یه‌كی‌ نوێ‌ له‌گه‌ڵ ئێران بكرێت.

رۆژی‌ 12ی‌ ئه‌م مانگه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی‌ كه‌ له‌باره‌ی‌ كشانه‌و یاخود مانه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ناو رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ نێوان  ئێران و  وڵاتانی‌ پێنج  كۆ یه‌ك دروستبوون، به‌لاَم  به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ هه‌لوێسته‌  تونده‌كانی‌ دۆناڵد تره‌مپ ، پێده‌چێت ته‌مه‌نی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ ته‌نها چه‌ند رۆژێكی‌ مابێت.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە165