جیهان

هه‌فته‌یه‌كی‌ دیكه‌ تره‌مپ بڕیار له‌باره‌ی‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دات

كۆشكی‌ سپی‌: تره‌مپ و تێریزا مای‌ به‌ ته‌له‌فۆن تاوتوێی‌ ئه‌و دۆسیه‌یان كرد 
به‌رپرسانی‌ كۆشكی‌ سپی‌: تا راده‌یه‌كی‌ زۆر تره‌مپ بڕیاری‌ كشانه‌وه‌یداوه‌   


هه‌فته‌یه‌كی‌ دیكه‌ دوا واده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا دوا بڕیار له‌ چاره‌نوسی‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ وڵاتانی‌ پێنج كۆ یه‌ك له‌گه‌ڵ ئێران بدات، تره‌مپ و سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیاش به‌ ته‌له‌فۆن تاوتوێی‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌یان كرد. 

كۆشكی‌ سپی‌ رایگه‌یاند: له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌ی‌ نێوان دۆناڵد تره‌مپ و تێریزا مای‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ به‌ریتانیا زۆر به‌وردیی‌ تاوتوێی‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانیان كردووه‌.
 
بڕیاره‌ رۆژی‌ 12ی‌ ئه‌م مانگه‌ دۆناڵد تره‌مپ، دوا بڕیار بدات له‌باره‌ی‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ ئێران كه‌ ساڵی‌ 2015 ئیمزا كرا، به‌ڵام چه‌ند رۆژی‌ رابردوو به‌رپرسانی‌ كۆشكی‌ سپی‌ رایانگه‌یاند: تا راده‌یه‌كی‌ زۆر تره‌مپ بڕیاریداوه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ بكشێته‌وه‌. 

له‌ كۆتایی‌ مانگی‌ رابردووشدا نوسینگه‌ی‌ تێریزا مای‌ رایگه‌یاند: به‌ریتانیاو فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا، پابه‌ند بوون به‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ به‌باشترین رێگه‌ چاره‌ ده‌زانن بۆ به‌رگرتن له‌ ئێران تا چه‌كی‌ ئه‌تۆمیی‌ ده‌ست بكه‌وێت.  


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە216