خه‌لیل سەرکانی

موزایەدەکردن بە پێشمەرگەوە‌


خەبات و مێژووی دورو درێژی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و نزیکەی دەساڵ لە خەباتی مەدەنی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەزمونێکی نوێی سیاسی پێشکەش بە گەلی کوردستان کرد. خەباتێک لە سەرەتای شەستەکان و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی کوردستان، قۆناغەکانی پیش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین، خەرمانێکی مەزنە لە ڕێگایەکی سەختی خەبات.

ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بە ئەزمونێکی دەوڵەمەند و باکگراوندێکی مەعریفی نایاب، تێکەڵ بەژیانی واقیعی خەڵک و خواستی هاوڵاتیانی کوردستان خەباتی کرد. شوێن دەست و کاریگەری لەهەموو کەس زیاتر دیار بووە. ئیمە وەک هاوڕێ و هاوسەنگەری ڕەوانشاد لە نزیکەوە ئاگادار و هاوکار بووین، بەخۆشحاڵیشەوە شەرەفی بەشداریکردنمان لەو خەباتە پاک و پڕ سەلیقەیە پێبڕا. بەتایبەت لە پلان و سەرپەرشتیکردنی ڕاپەڕین و ئازادکردنی تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان. کە بووە هۆی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەت و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان.

قۆناغی دوای ڕاپەڕین بۆ ئێمە خەباتێکی نوێی دەویست، کە هەرێمەکەمان بەرەو دامەزراوەیی بەرێت. هەرچەندە کاریگەریە خراپەکانی شەڕی بەعس و ئەنفال و کیمیاباران، هاوکات ململانێ و شەڕی ناوخۆ بەتایبەت دوای ڕاپەڕین، خەڵکی کوردستانی بەهیلاک بردبوو. بەڵام ئەوەی توانی سوارچاکی ئەم خەباتە نوێیەش بێت هەر خۆی بوو. لە بەڵگەی ڤیدیۆی سەرەتاکانی دوای ڕاپەڕینەوە تا دەگاتە دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن بۆ نیازپاکی و خەمخۆری بەرنامە سیاسیەکەی ڕەوانشاد و ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانیش.

ئامانجی سەرەکی گۆڕان بە دامەزراوەیی کردنی سەرجەم دەزگاکانی دەوڵەتە، بەتایبەت هێزە چەکدارەکان، لەناویاندا  هێزەکانی ئاسایش، ناوخۆ و پێشمەرگە. خەمی بەردەوام و ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان داماڵینی ئەو هێزانەیە لەهەر بیروباوەڕێکی سیاسی و حیزبی. دەرهێنانیەتی لەژێر چەپۆکی حیزب و بنەماڵە، گۆڕینی ناسنامەی پێشمەرگەیە لە پاسەوانی هەر هێز و حیزبێکی سیاسی، هەر بنەماڵە و مەسئول و بازرگانێک بەناوی فەرماندەی پێشمەرگەوە، بۆ ناسنامەیەکی شەرەف مەندانە و نیشتیمانی. شەڕی ئێمە شەڕی شکۆ و شانازیە بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە ئێمە بەشی هەرەزۆری ژیانی خۆمان پێبەخشیوە.

ئێمە نەک ڕێگا بەخۆمان نادەین تەشهیریان پێبکەین، بەڵکو داکۆکیکارێکی سەرسەختی بەرگریکردنین لەوان، بۆ گێرانەوەی ماف و دابینکردنی ژیان و گوزەرانی شایستە بۆ ماڵ و منداڵیان. نەک لە ئێستادا بەڵکو هەمیشە و هەردەم، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین. ئێمە پێشمەرگەی ڕاستەقینە و لە ڕیزی خەباتی پێشمەرگایەتیدا بوون، هەربۆیە لە هەموو کەس باشتر لە ئەرک و ماندوبونیان دەزانین. نەک ئەو لێشاوە لە جەنەراڵی بێ ئەستێرە و فەرماندەی نا مەسئول و بەرپرس کە لە پێشی پێشەوەی هەڵاتووەکانی شەڕدان. کەسانێک کە بونەتە بازرگانی جەنگ و، جەنگیان کردوەتە وەسیلەی خۆ دەوڵەمەندکردن. ئێمە دەزانین کە پێشمەرگەی کوردستان چەندە گیان لەسەر دەست و خۆ ڕاگرن، بۆیە ئێمە هەر باسێک لەم بارەیەوە بکەین تەنها مەبەست لێی فەرماندە هەڵهاتەوکانیانە. هەتا ئەو کاتەی ئیشیان پێیان بێت بەکوشتیان دەدەن و هەرکات وویستیان ژێربەژێر مامەڵەی بازرگانی لەسەر خوێنی ئەوان دەکەن.

بەپێی پرۆتۆکۆلە نێودەوڵەتیەکان؛ ساڵی ١٨٩٩ لاهای و دواتریش ڕێککەوتنی جنێفی ساڵی ١٩٤٩ کە باس لە چۆنیەتی هەڵسوکەوتی جەنگاوەر و پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی و دامەزراوە حکومیەکان دەکات، یاساگەلێکی گرنگن. دەبوو فەرماندەکانی پێشمەرگە خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە ئامادە بکردایە کە ئازادی دەکەن لەژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتنە نێوەدەوڵەتیەکان و بەتایبەت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی شوێنە ئازادکراوەکان. بەڵام بێگومان فەرماندەکان ئەو ئەرکەیان وەک خۆی بەجێ نەهێناوە.

هەموو دەزانن پێشمەرگە فەرمانی بەرپرسەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، ئەو بەرپرسانەش نەک نەیانتوانی ڕێز و شکۆیان بپارێزن، بەڵکو بە پێچەوانەوە هۆکاربون بۆ شکاندنی شکۆ و پیرۆزیان. بۆ کورد دەرفەتێکی گرنگ بوو تا لەو ناوچانە وێنایەکی جوان بدەن بە دونیای دەروە. ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سنوری نێوان کورد و عەرەبی عیراقی. ئەو ناوچە کوردیانە لە ناوچەی کیشە لەسەرەوە بگێڕنەوە بۆسەر نەخشەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمە نەکرا. بۆیە هەر کەموکوڕی و یاساشکێنیەک کرابێت پیشمەرگە لێی بەربرس نیە بەڵکو فەرماندە و بەرپرسەکانیانن کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات. دواجار دەبێ شکۆ بۆ پێشمەرگە بگەڕێتەوە و ئەوانەشی دەیانەوێ مەمەڵە بەخوێن و پیرۆزیانەوە بکەن، بچنە بەردەم دادگای گەل و نیشتیمان.

خوێندراوەتەوە990
     گشت ووتارەکان