وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا: روسیا‌و سوریا هه‌وڵی لابردنی شوێنه‌واره‌كانی هێرشه كیمیاییه‌كه‌ی دوما ده‌ده‌ن
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا: روسیا‌و سوریا نایانه‌وێت لێكۆڵه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی بچنه دوما
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئاشكرای ده‌كات روسیا‌و سوریا كارده‌كه‌ن بۆ لابردنی پاشماوه‌كانی هێرشه كیمیایه‌كه‌ی شارۆچكه‌ی دوما.
هێزه‌ر ناوێرت، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند: زانیاری باوه‌ڕپێكراومان هه‌یه كه به‌رپرسانی روسیا‌و سوریا كارده‌كه‌ن بۆ رێگریكردن، له چونی لێكۆڵه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شارۆچكه‌ی دوما.
لێدوانه‌كه‌ی ناوێرت له‌كاتێكدایه بڕیاره تیمێكی سه‌ر به رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی سه‌ردانی شارۆچكه‌ی دوما بكات به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه له به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی.
وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رپرسانی روسیا‌و سوریا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه كارده‌كه‌ن بۆ پاككردنه‌وه‌و لابردنی پاشماوه‌كانی هێرشه كیمیاییه‌كه له شارۆچكه‌ی دوما.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا خۆشیه‌وه كینیس ماكنزی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی ئه‌ركان له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاند: تاكو ئێستاش حكومه‌تی سوریا توانا كیماییه‌كانی له‌ده‌ست نه‌داوه‌و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه چه‌كی كیمیایی به‌كار بهینێت.
خوێندراوەتەوە104