جیهان

ماكرۆن: 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ هاوكاری سوریا ته‌رخان ده‌كات

نزیکەی 13 ملیۆن کەس کە لەنێویاندا شەش ملیۆن منداڵ هەیە، پێویستیان بە یارمەتییە مرۆییەکان هەیە‌

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگه‌یاند، وڵاتەکەی بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ یارمەتیی مرۆیی بۆ سوریا تەرخان دەکات، ئەوەش دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە ناحکومیەکاندا لە پاریس.

ماکرۆن لە هەژماری خۆی له‌ تویتەر نوسیویەتی "ئەم ئێوارەیە ڕێکخراوە ناحکومییەکانم کۆکردەوە کە لە سوریا کاردەکەن، فەڕەنسا بەرنامەیەکی بەپەلەی هه‌یه‌ و بە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ یارمەتییە مرۆییەکان هاوكاری سوریا ده‌كه‌ین".

هاوكات نوسینگه‌ی سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا ئەو بڕە پارەیە دەدرێت بە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە سوریادا کاردەکەن، لەوانەش نوسینگه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ زیاتر لە 20 ڕێکخراوی ناحکومی بەشداریان لە کۆبوونەوەکەدا کرد لەگەڵ ماکرۆندا لە کۆشکی ئیلیزییە، لەو ڕێکخراوانەش ڕێکخراوی کارکردن دژی برسێتی و خاچی سوور و تێدابوو.

ڕاپۆرتی ڕێكخراوه‌ كرۆییه‌كان باس له‌وه‌ دەكەن کە نزیکەی 13 ملیۆن کەس کە لەنێویاندا شەش ملیۆن منداڵ هەیە، پێویستیان بە یارمەتییە مرۆییەکان هەیە لە سوریادا.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە185