جیهان

جیهان؛ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌سوریا كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

جیهان؛ چه‌كی كیمیایی به‌ هه‌رزانترین و كاریگه‌رترین چه‌ك داده‌نرێت‌

جیهان؛ چه‌كی كیمیایی به‌ هه‌رزانترین و كاریگه‌رترین چه‌ك داده‌نرێت
جیهان؛ چه‌كی كیمیایی ده‌تواندرێت له‌ تاقیگه‌ی زۆر ساده‌ تاقیبكرێته‌وه‌


به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌ سوریا كاردانه‌وه‌و ناره‌زایی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، چه‌كی كیمیایی به‌هه‌رزانترین و كاریگه‌رترین چه‌ك داده‌نرێت.

 KNN  له‌م راپۆرته‌دا مه‌ترسیدارترین چه‌كه‌ كیمیاییه‌كان و مێژووی به‌كارهێنانیان ده‌خاته‌ ڕوو.

به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌ شارۆچكه‌ی دوما جارێكی تر سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ئاراسته‌ی ئه‌و چه‌كه‌ راكێشا، چه‌كی كیمیایی ئه‌و چه‌كه‌ی به‌ به‌راورد به‌ چه‌كه‌ كلاسیكیه‌كان، نرخه‌كه‌ی كه‌مترو كاریگه‌رتره‌، و به‌ ئاسانی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و ده‌توانرێت له‌ تاقیگه‌كه‌ ساده‌و ئاساییه‌كان تاقی بكرێنه‌وه‌.

گرنگترین جۆره‌كانی چه‌كی كیمیایی

هه‌ر یه‌كه‌ له‌ گازه‌كانی خه‌رده‌ل، سارین و ده‌مار و  ئه‌رسین و سیانیدی هیدرۆجین و  تابۆن و كلۆر و فۆسجین له‌ به‌ناوبانگترین ماده‌ كیمیاییه‌ ژه‌هراوییه‌كانن كه‌ زیان به‌ كۆئه‌ندامانی ده‌مارو هه‌ناسه‌دان و ماسولكه‌كان و دڵ ده‌گه‌یه‌نن.

 گازی گۆگردی فلۆرید به‌ ناوبانگترین گازی‌ ژه‌هراوییه‌ كه‌ ئاسه‌وار له‌سه‌ر مرۆڤ جێ ده‌هێڵێت و ده‌بێته‌ هۆی سووتاندنی پێست و تێكدانی ماسولكه‌كان و كۆئه‌ندامی ده‌مار و له‌ده‌ستدانی هه‌ستی بینین.

سارین و باتۆن به‌ گازه‌ ده‌ماره‌كان ناسراون كه‌ كاریگه‌ری ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كۆئه‌ندامی ده‌مار و ده‌بێته‌ هۆی له‌ده‌ستدانی بیرو هۆش و كوێربوون و ئیفلیجی.

كلۆر و فۆسجین دوو گازی كیمیاوین و كاریگه‌رییان  بۆ سه‌ر كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان و دڵ هه‌یه‌ و ده‌بنه‌ مایه‌ی خنكاندن و وه‌ستانی له‌ناكاوی دڵ.

مێژووی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی 
یه‌كه‌م به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زاین له‌له‌لایه‌ن سوپای یۆنانه‌وه‌ دژی شاری كیرها.

سوپای فه‌ره‌نساش ساڵی 1845 له‌میانی داگیركردنی جه‌زائیر چه‌كی كیمیایی دژی ژماره‌یه‌ك ئه‌مازیغی له‌ ئه‌شكه‌وتێكدا به‌كارهێنا.

سوپای ئه‌ڵمانیا له‌میانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م چه‌كی كیمیایی دژی ژماره‌یه‌ك كه‌مپی جوله‌كه‌كان به‌كارهێناوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ سێ ملیۆن كه‌س كوژران.

سوپای عێراق ساڵی 1988 چه‌كی كیمایی دژی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ باشوری كوردستان به‌كارهێناو به‌هۆیه‌وه‌ 5 هه‌زار كه‌س شه‌هید بوون.

به‌پێی به‌ڵگه‌ نامه‌ مێژووییه‌كان به‌ هۆی به‌كارهێنانی گازه‌ ژه‌هراوییه‌كان له‌ میانی جه‌نگی یه‌كه‌می‌ جیهانی، یه‌ك ملیۆن و 250 هه‌زار كه‌س كوژران‌و برینداربوون.

دواهه‌ین به‌كارهێنانی چه‌كی كیمایی له‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریادایه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن رایانگه‌یاند ٢١٥ هێرشی كیمیایی له‌و شه‌ڕه‌دا ئه‌نجامدراوه‌و دواهه‌مینیان هێرشه‌كه‌ی رۆژی حه‌وتی ئه‌م مانگه‌ی شارۆچكه‌ی دومایه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 78 كه‌س كوژران‌و نزیكه‌ی‌ 1000 كه‌س برینداربوون.

هه‌وڵه‌كانی قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمایی

بۆ رێگریی له‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی‌ 192 وڵات رێككه‌وتنێكیان واژۆكرد و له‌ رۆژی 29ی نیسانی ساڵی 1997 رێككه‌وتنه‌كه‌ چوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. به‌ڵام ئیسرائیل و میسر و كۆریای باكور و باشوری سودان تا ئێستا واژۆیان نه‌كردووه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە344