جیهان

ئه‌مرۆ تره‌مپ بڕیار له‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانیان له‌ سوریا ده‌دات

ئه‌مریكا؛ ئه‌مرۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌رۆكایه‌تی تره‌مپ كۆده‌بێته‌وه‌
ئه‌مریكا: لێدوانه‌كه‌ی‌ تره‌مپ له‌باره‌ی‌ كشانه‌وه‌ نه‌بووه‌ته‌ بڕیار
ئه‌مریكا؛ وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری‌و ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ كشانه‌وه‌ نین


ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، كۆده‌بێته‌وه‌و بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌یان له‌ سوریا ده‌دات. شاره‌زایه‌كی دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر واشنتۆن ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت، پێگه‌ی جیۆستراتیژی له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌دات".

دوای چه‌ندین ساڵ له‌ مانه‌وه‌ هێزه‌كانیان له‌ سوریا، به‌رای شاره‌زایان، واشنتۆن كه‌وتۆته‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت بڕیاری چاره‌نوسازو یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ بدات.

كه‌ناڵی عه‌ره‌بیه‌ی نزیك له‌ سعودیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ كۆده‌بێته‌وه‌و تێیدا بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه‌ یان كشانه‌وه‌ی سوپاكه‌یان له‌ سوریا ده‌ده‌ن.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر تره‌مپ رایگه‌یاندبوو: كه‌ سوپاكه‌یان له‌ سوریا ده‌كێشنه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و لێدوانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا نه‌بووه‌ به‌ بڕیارو نه‌گه‌یشتۆته‌ وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری‌و ده‌ره‌وه‌.


ئه‌مریكا له‌ سوریا له‌گه‌ڵ روسیا، توركیا، ئێران‌و رژێمی سوریا په‌یوه‌ندیه‌كی ئاڵۆزی هه‌یه‌‌و مانه‌وه‌ی سوپاكه‌ی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خۆی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ بكات، به‌ڵام كشانه‌وه‌ی زیان به‌پێگه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت.

 له‌و باره‌یه‌وه‌ كریستن كنیب، شاره‌زای دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ كه‌ناڵی دوچه‌ ڤێله‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت: "دانانی جۆن بۆڵتن، وه‌ك راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و مایك پۆمپیۆ وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، چۆن یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاری كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌سوریا، له‌ كاتێكدا ئه‌و دوو كه‌سایه‌تیه‌ زۆر پێداگری له‌سه‌ر پاراستنی به‌رژوه‌ندییه‌ نیشتمانیه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن‌و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ پشتیوانی له‌ به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازیشی ده‌كه‌ن.

كنیب ده‌شڵێت: "كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌ سوریا هه‌نگاوێكی تره‌ به‌ ئاراسته‌ی له‌ده‌ستدانی پێگه‌ی جیۆستراتیژی واشنتۆن له‌ناوچه‌كه‌‌و هه‌نگاوه‌كه‌ش باجی زۆری ده‌بێت.

به‌بڕوای‌ كنیب، پاشه‌كشه‌ی ئه‌مریكا له‌م كاته‌دا ته‌نها چاره‌نوسی سوریا دیاری ناكات، به‌ڵكو چاره‌نوسی ناوچه‌كه‌ بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ی تر ده‌ستنیشان ده‌كات‌و  چاوه‌روان ده‌كرێت روسیا باڵ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بكێشێت‌و، براوه‌ی یه‌كه‌میش ئێران ده‌بێت‌و، هیلالی شیعی ده‌بێته‌ راستی.

رۆژی پێنچ شه‌ممه‌ی رابردوو، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌سوریا ده‌كێشێته‌وه‌، پاشانیش رایگه‌یاند، كه‌ ده‌یه‌وێت پلانی هاوكارییه‌كانیان بۆ سوریا رابگرێت، كه‌ ساڵانه‌ به‌ 200 ملیۆن دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1009