بۆچی دەبێت ڕێژەی دەنگ و كورسییەكانی گۆڕان زیادی كردبێت؟
ساڵ لە دوای ساڵ متمانەی هاوڵاتیان بە یەكێتی و پارتی كەمی كردوە
هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن متمانەی هاوڵاتیان بە گۆڕان زیادی كردوە
ساڵ لە دوای ساڵ متمانەی هاوڵاتیان بە یەكێتی و پارتی كەمی كردوە
لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاكانی دەسەڵات بۆ شاردنەوەی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن، دەستیان كردوە بە بڵاوكردنەوەی شیكاری بێ بنەما لەسەر ئەوەی كە بۆچی رێژەی دەنگ و كورسییەكانی گۆڕان كەمی كردوە، بەڵام كەی ئێن ئێن لەم راپۆرتەیدا بە پشتبەستن بە چەند هۆكارێك ناڕاستی ئەو بۆچوونانە دەخاتەڕوو پیشانی دەدات چۆن ڕێژەی دەنگ و ژمارەی كورسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەزیادبوندایە.
بۆچی سەرباری بەشداری كەمی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردندا دەبێت رێژەی دەنگ و كورسییەكانی گۆران زیادی كردبێت و لە بەرامبەریشدا ڕێژەی دەنگ و كورسییەكانی یەكێتی و پارتی كەمی كردبێت؟ كەی ئێن ئێن لەم راپۆرتەیدا بە پشتبەستن بە چەند هۆكار وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.
یەكەم: جگە لەم هەڵبژاردنە، پێشتر گۆڕان بەشداری لە پێنج هەڵبژاردنی دیكەدا كردووە و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردنیش ڕێژەی دەنگەكانی زیادی كردوە، ئەمەش سەرباری ئەوەی كە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا یەكێتی و پارتی ساختەكارییان كردوە، ساڵی ٢٠٠٩ لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا گۆڕان زیاتر لە ٤٤٥ هەزار دەنگی بە دەستهێنا كە دەیكردە لەسەدا ٢٣ پۆینت ٧٢، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٣دا ٣٢ هەزار دەنگ زیادی كرد و ٢٤ پۆینت ٢ی دەنگەكانی بە دەستهێنا.
پۆ پەرلەمانی عێراقیش لە ساڵی ٢٠١٠دا لە پارێزگای سلێمانی گۆڕان لەسەدا ٣٥ پۆینت ٨ی دەنگەكانی بە دەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٤دا رێژەی دەنگەكانی بەرز بووەوە بۆ لەسەدا ٣٨ پۆینت ٩، لە بەرامبەردا پارتی و یەكێتی لە ماوەی ٢٧ ساڵی رابردوودا هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن رێژەی دەنگ و كورسییەكانی كەمی كردووە.
دووەم: بزوتنەوەی گۆڕان لە ناو زۆرینەی هاوڵاتیاندا بەو هێزە ناسراوە كە وەفادارە بەو پرەنسیپ و بەها و بیروباوەڕانەی لەسەری دامەزراوە و هەرگیز بۆ یەكجاریش سازشی لەسەر ماف و داواكارییەكانی خەڵك نەكردووە، نەبووەتە پاشكۆی هیچ هێزێكی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، هەر بۆیە زۆر ئاساییە كە دەبێت متمانەی هاوڵاتیان بە گۆڕان زیادی كردبێت نەك كەمی كردبێت.
سێیەم: هەموو هاوڵاتیانی هەرێم دەزانن ساڵی ٢٠١٥ كاتێك كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم سەریهەڵدا، ئەوە گۆڕان بوو كە پێداگریكرد لەسەر سەروەری یاسا و رێگەی نەدا بە درێژكردنەوەی نایاسایی ویلایەتەكەی بارزانی و باجی ئەم هەڵوێستەشیدا، كەچی پارتی و یەكێتی بە درێژایی ٢٧ ساڵی رابردوو بە پێشێلكەری یاسا ناسراون، تەنانەت ڕێز لەو یاسایانەش ناگرن كە بە دەنگی پەرلەمانتارەكانی خۆیان پەسندكراون.
چوارەم: هەر لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە تایبەت لە دوو ساڵی رابردوودا گۆڕان پاڵپشت و پشتیوانی زۆربەی خۆپیشاندانەكانی هاوڵاتیانی ناڕازی هەرێم بوو، ئەوە لە كاتێكدایە، هەموو ئەو خۆپێشاندانانە لە دژی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی بوون، هەر ئەو دوو حیزبەش بوون كە خۆپێشاندەرانیان سەركوت دەكرد.
پێنجەم: گۆڕان ماوەی دە ساڵە هۆشداری دەدات لە شكستی ئەزمونی حوكمڕانی هەرێم و هیچ رۆڵێكیشی لە شكستی ئەم حوكمڕانییەدا نەبووە، گۆڕان لە دژی ئەو بەناو سەربەخۆییە ئابورییە بوو، لە دژی تاڵانی و دزینی داهات و سامانی وڵات بووە، لە دژی ئەو سیستمی پاشەكەوتی موچەیە بوو كە پارتی و یەكێتی بەسەر موچەخۆراندا سەپاندیان، لە دژی سوتاندنی كارتی ریفراندۆم بوو.
شەشەم: زۆربەی هاوڵاتیان گۆڕان وەك هێزێكی نیشتمانی دەناسن، كەچی پارتی و یەكێتی ئەو دوو هێزەن كە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانیان كردوەتە قوربانی بەرژەوەندییە حیزبییەكانیان، لە پێناو بەرژەوەندی كەسیی و حیزبیدا، كارتی ریفراندۆمیان سوتاند و كارەساتی ١٦ی ئۆكتۆبەریان بەسەر كورددا هێنا و لەماوەی شەو و رۆژێكدا زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستانیان رادەستی بەغدا كرد.
ئێستا دەپرسین، ئایا دوای ئەم مێژووە پاكەی گۆڕان، بە چ پێوەرێك دەبێت هاوڵاتیان متمانەیان بە گۆڕان نەمابێت و لە بەرامبەردا بە چ پێوەرێك دەبێت متمانەی هاوڵاتیان بە پارتی و یەكێتی زیادی كردبێت؟ هەروەها دەپرسین ئایا شكستی ریفراندۆم و كارەساتی ١٦ی ئۆكتۆبەر و قەیرانی دارایی و بێ كارەبایی و دابەزینی رێژەی بەشداری هاوڵاتیان بۆ خوار لەسەدا ٥٠ بایی ئەوە نەدەبوو ڕێژەی دەنگ و كورسییەكانی یەكێتی و پارتی كەم بكات؟ یان ئەوەی لەوانەیە یەكێتی و پارتی تەنیا دوو حیزب بن لە جیهاندا كە پێچەوانەی هەموو زانست و لۆژیكێك تا كارەساتی زیاتر بە سەر خەڵكدا بێنن، متمانەی خەڵك بەوان زیاتر دەبێت.
خوێندراوەتەوە888