کوردستان

ئامانجی هێرشەكەی یەكێتی بۆ سەر گۆڕان چی بوو؟

ئامانجی هێزەكە دەستبەسەرداگرتنی مەكۆی سەرەكی گۆڕان ‌و داخستنی KNN بوو
گۆڕانخوازان لە چەند خولەكێكدا پیلانەكەی یەكێتیان پوچەڵكردەوە


كاتژمێر ٩ و نیوی شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی ئایار هێزێكی یەكێتی بە فەرماندەیی جەعفەر شێخ مستەفا هێرشیان كردە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، ئەو شەوە چی روویداو ئامانجی هێرشەكەی یەكێتی بۆ سەر گۆڕان چی بوو؟

شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی ئایار لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی چی روویدا؟

دوای ئەوەی كاتژمێر ٦ی ئێوارە پرۆسەی دەنگدان كۆتایی هات، لایەنە سیاسییەكان و هاوڵاتیان چاوەڕێی دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن بوون، هێشتا هیچ ئەنجامێك دەر نەكەوتبوو كە یەكێتی كاتژمێر ٦ و نیو لە بەردەم مەڵبەندی سلێمانی ئاهەنگی سەركەوتنی گێڕا، لە دوای كاتژمێر حەوت، جگە لە یەكێتی و لایەنێكی دیكە نەبێت، لایەنە سیاسییەكانی دیكە و هاوڵاتیان تووشی شۆك بوون كاتێك كە ئەنجامە بەراییەكانی هەندێك لە بنكەكان ئاشكرا كران، ئەنجامەكان تەواو پێچەوانەی ئەو ئەنجامانە بوون كە خەڵك و لایەنە سیاسییەكان چاوەڕێیان دەكرد، بۆ نمونە لە چەند بنكەیەكی دەنگدان كە سەرۆك لیست و سەركردەی لایەنەكان دەنگیان لێ دابوو، ئەو لایەنانە هیچ دەنگێكیان بۆ حیساب نەكرابوو، بەو واتایەی كە سەركردە و كاندیدی لایەنەكان دەنگیان بە لیستەكەی خۆیان نەداوە، ئەمەش ئەوەی دەرخست كە بە شێوەیەكی سیستماتیك و پلان بۆ داڕێژاو لە ئاستێكی بەربڵاودا یەكێتی ساختەكاری كردو‌وە و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی لە بەرژەوەندی خۆیدا گۆڕیوە.

دوای ئەم رووداوانە، گۆڕانخوازان و لایەنگرانی لایەنەكانی دیكە روویانكردە بنكەكانی دەنگدان و پشتێنەی مرۆییان  دروستكرد بۆ ئەوەی رێگری بكەن لە گواستنەوەی سندوقەكان و دەستكاریكردنی دەنگەكان.

 كاتژمێر ٩ی شەو، چوار لایەنی سیاسیی ناڕازیی، گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەورەوەی و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە، هێشتا كۆبوونەوەكە كۆتایی نەهاتبوو كە هێزێكی یەكێتی بە فەرماندەیی جەعفەر شێخ مستەفا هێرشی كردە سەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان، هاوكات لەگەڵ ئەوەش هێزێكی ئەمنی چوونە سەر هەندێك لە بنكەكانی دەنگدان.

هێزەكەی یەكێتی دوو ئامانجی سەرەكیی هەبوو، یەكەم: مەبەستیان بوو بە هێرشكردنە سەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان، سەرنجی هاوڵاتیان بخەنە سەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان، لەم حاڵەتەشدا بە ئاسانی بتوانن ئەو پشتێنە مرۆییەی هاوڵاتیان بشكێنن كە بە دەوری بنكەكانی دەنگدان دروستیان كردبوو، بۆ ئەوەی بتوانن سندوقەكان بگوازنەوە و دەستكاری دەنگەكان بكەن.

ئامانجی دووەمیش ئەوە بوو، كە دەست بەسەر مەكۆی سەرەكی گۆڕاندا بگرن و كەناڵی KNN دابخەن، وەكچۆن پێشتر لە كۆتایی ساڵی رابردوودا كەناڵی ئێن ئاڕتیان داخست. بەم شێوەیە ویستیان گۆڕان ناچار بكەن دان بەو كودەتایەی هەڵبژاردنەدا بنێت كە یەكێتی بە شێوەیەكی سیستماتیك ئەنجامی دابوو.

بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان نەك تەنیا وەك یەكێتی پلانی بۆ دانابوو تەسلیمی كودەتاكەی یەكێتی نەبوون، بەڵكو تەنیا لە ماوەی چەند خولەكدا بە هەزاران گۆرانخواز لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان كۆبوونەوە و هێزەكەی یەكێتیان ناچار بە پاشەكشە كرد، بەمجۆرە گۆڕان و گۆڕانخوازان پیلانەكەی یەكێتیان پوچەڵ كردەوە، ئەمەش بۆ جارێكی دیكە سەلماندییەوە كە گۆڕان هێزێكە كە تەنیا پشتی بە هێزی خەڵك بەستووە و هەر خەڵكیش دەیپارێزێت، هەربۆیە گۆڕان وەكچۆن لە رابردوودا لەسەر داواكارییەكانی هاوڵاتیان سازشی بۆ هیچ هێزێك نەكردووە، لەمەودواش سازش بۆ هیچ هێزێك ناكات و بە هەموو هێزییەوە داكۆكی لە دەنگی تاك بە تاكی هاوڵاتیان دەكات.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1862