شەش لایەنی سیاسی هەرێم هەڕەشەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكەن
شەش لایەنە سیاسییەكە ناڕەزایەتییەكانیان گەیاندە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە سلێمانی
شەش لایەنە سیاسییەكە ناڕەزایەتییەكانیان گەیاندە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە سلێمانی
شەش لایەنی سیاسی هەرێم هەڕەشەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكەن، ئەگەر بێت و ئەنجامەكان هەڵنەوەشێنەوەو هەڵبژاردن دووبارە نەكرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ناڕەزایەتیەكانیان گەیاندە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش داوای لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد وەڵامی لایەنەكان بداتەوە.
لەبەرچاونەگرتنی سكاڵاو تانەی شەش لایەنەكەی هەرێم لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە، دۆخەكەی لە سكاڵاو ناڕەزاییەوە بردە بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق.
هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، حزبی شیوعی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی داوا دەكەن ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەڵوەشێتەوەو هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە.
دەزگای هەڵبژاردنی ئەو شەش لایەنە سیاسیە ناڕەزایەتییەكانیان گەیاندە نوێنەرایەتی نەتەووە یەكگرتووەكان لە سلێمانی و جەختیان لەوە كردەوە: ساختەكارییەكی گەورە لەو هەڵبژاردنەدا كراوەو ئەنجامەكەشی ڕەتدەكەنەوە.
ئەو شەش لایەنە باس لەوەشدەكەن: سكاڵایان لەلای كۆمسیۆن تۆمار كردووە، بەڵام تا ئێستا كۆمسیۆن وەڵامی نەداونەتەوە، جەخت لەوەش دەكەنەوە ئەگەر بێت و كۆمسیۆن ئەم سكاڵایانە یەكلایی نەكاتەوە ئەوا سكاڵا لەسەر ئەویش تۆمار دەكەن، چونكە كۆمسیۆن بەرپرسە لە نەزاهەتی هەڵبژاردنەكان.
لای خۆیەوە سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان تەئكیدی لەوە كردووەتەوە: بەهەموو جورێك ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ڕەتدەكەنەوەو بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر دەنگە دزراوەكانیان ناكەن.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: نیگەرانی شەش لایەنەكەی هەرێم بەجدی وەردەگرن و داواشی لەكۆمسیۆن كرد بەجدی كار لەسەر ئەو سكاڵاو نیگەرانییانە بكات.
بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە ڕابگەیەنێت، لەكاتێكدا تانەی هیچ لایەنێك تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە.
خوێندراوەتەوە366