کوردستان

چیرۆكی تیرۆركردن موعینی و فرۆشتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی به‌ ئێران له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌

پارتی تەرمە تیرۆركراوەكەی سولەیمان موعینی بە ئێران فرۆشتەوە‌


تیرۆری سولەیمان موعینی لەلایەن پارتییەوە
50 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی سولەیمان موعینیدا تێپەڕی
پارتی تەرمە تیرۆركراوەكەی سولەیمان موعینی بە ئێران فرۆشتەوە


50 ساڵ لەمەوبەر سولەیمان موعینی یەكێك لە سەركردەكانی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن  پارتییەوە تیرۆركرا و تەرمەكەیان رادەستی حكومەتی ئەو كاتی ئێران كردەوە. 

حكومەتی پاشایەتیی ئێران هەموو مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی لە گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان زەوتكردبوو، لەبەر ئەو بێدادییەش ژمارەیەك لە كەسایەتییەكان و پێشمەرگەكانی سەردەمی كۆماری كوردستان دەستیان بە جموجوڵكردەوە بۆ مافەكانی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان.

 بۆ ئەوەش لە ساڵانی 1967 بۆ 1968دا، سولەیمان موعینی (ناسراو بە فایەق ئەمین)، مەلا ئەحمەد شەڵماشی (ناسراو بە مەلا ئاوارە)، ئیسماعیل شەریفزادە، محەمەد ئەمین سیراجی، قادر شەریف، خەلیل شەوباش و عەبدوڵا ئیسحاقی ناسراو بە ئەحمەد تۆفیق و ژمارەیەكی تر لە هاوڕێكانیان كۆمیتەی شۆڕشگێڕیان دامەزراند.

جموجوڵ و چالاكیی ئەو پۆلە لە شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵاتی كوردستان رژێمی پاشایەتی ئێرانی رووبەرووی قەیران كردبووە. 

ئەو رژێمە، كە پەیوەندیی دێرینی لەگەڵ پارتی هەبوو، بۆ پێشگرتن لە شۆڕشی تێكۆشەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوای لە پارتی كرد، ئەو تێكۆشەرانەی رۆژهەڵاتی كوردستان بكوژن و رادەستی ئێرانیان بكەنەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق لەگەڵ پیاوەكانی كەوتنە جوڵە و چەندین پروپاگەندەیان لە دژ ئەو تێكۆشەرانەی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوكردەوە. 

هاوكات لە تەگەرانی سیتەكی سلێمانیدا سولەیمان موعینی و خەلیل شەوباش-یان لە بۆسەیەكی پلان بۆ داڕێژراودا دەستگیركرد. هەر لەوێدا و بە بەرچاوی موعینیەوە خەلیل شەوباش تیرۆر دەكەن و دواتر سولەیمان موعینی بەرەو سەركردایەتیی شۆڕشی ئەو كات برد.

سولەیمان موعینی لە سەركردایەتیی شۆڕشدا چەندین سوكایەتیی پێكرا و زۆر هەوڵیاندا، بیكەنە پیاوی دەستەمۆی خۆیان، بەڵام سەرباری هەوڵە بەردەوامەكانی كەسە نزیكەكانی بارزانی، موعینی خۆڕاگریی كرد و خۆی نەدا بە دەست داواكەیانەوە. 

لە دوای شكستی ئەو هەوڵانە لە  15ی ئایاری 1968دا، سولەیمانی موعینی تیرۆر كرا.

دواتر تەرمەكەی سولەیمانی موعینیان رادەستی جەنەراڵ بەیاتی بەرپرسی دەزگای ساواكی ئێرانی كرا و ئەو جەنەراڵە ئێرانییە تەرمەكەی موعینی لە شنۆ و پیرانشا و مەهابادا بە بەرچاوی خەڵكدا گەڕاند، بەڵام لە دوای چەند رۆژ خەڵكی مەهاباد و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە رێوڕەسێمكی جەماوەریدا تەرمەكەیان لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی مەهاباد دا بە خاكسپارد.

تیرۆركردنی كوردە تێكۆشەرەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تەنها بە تیرۆركردنی ئەو سەركردەیە كۆتایی پێنەهات و هەر یەك لە مەلا ئاوارە و سەدیق ئەنجیری ئازەر و چەندین سەركردە و شۆڕشگێڕی تری رۆژهەڵات لەو ماوەیەدا لەلایەن پارتییەوە تیرۆركران، كە ژمارەیان زیاتر لە  70 كەس دەبێت.

تیرۆركردنی كوردانی رۆژهەڵات لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقەوە هەر بەوە نەوەستا و لە سەردەمی قیادە موەقەتەشدا چەندین شەڕیان لە دژی كوردانی رۆژهەڵاتی بەرپاكرد و چەندین ناوچەیان بۆ حكومەتی ئێرانی لە دەست پێشمەرگەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەرهێنا.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1859