کوردستان

سلێمانی؛ لایەنە سیاسیەكان ئیدانەی هێرشە چەكدارییەكەی یەكێتی دەكەن بۆ سەر مەكۆی گۆڕان

لایەنە سیاسیەكان لە سلێمانی: هێرشكردنە سەر مەكۆی گۆڕان بۆ پەردە پۆشكردنی ساختەكاری دەنگەكانە

هەر یەك لە كۆمەڵی ئیسلامی ‌و یەكگرتو‌وی ئیسلامی ‌و پارتی ‌و هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری، ئیدانەی هێرشە چەكدارییەكەی سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن لەلایەن یەكێتیەوە ‌و رایدەگەیەنن، ئەوەی یەكێتی ئەنجامیدا بە هەموو پێوەرێك دژ بە بنەما ‌و بەها دیموكراسیەكانە ‌و تەنها ئامانجیش لەو كارەی یەكێتی پەردە پۆشكردنی دزینی دەنگی دەنگدەرانی بزوتنەوەكە ‌و لایەنەكانی دیكەیە.

پاش ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان ‌و چەند لایەنێكی دیكەی بەشدار لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجامی ساختەی رێژەی دەنگدەرانی خەڵكی كوردستانیان رەتكردەوە ‌و داوای هەڵوەشاندنەوەی كۆی پرۆسەی دەنگدانەكەیان كرد لە هەرێمی كوردستان.

 یەكێتی بە هێزێكی چەكداریی و  بە چەندین ئۆتۆمۆبێلی سەربازی ‌و چەكی قورس ‌و سوكەوە هێرشیان كردە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامیش دەڵێت: با ئەو تەقانەی لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان كرا لە كەركوك دژ بە هێزە بێگانە ‌و داگیركەرەكان بكرایە.

هاوكات هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و قەوارەی هاوپەیمانی دیموكراسی ‌و دادپەروەری، رایدەگەیەنن، ئەوەی یەكێتی ئەنجامیدا تەنها بۆ پەردە پۆشكردنی ئەو ساختەكارییەیە كە لە رێژەی ئەنجامی راستەقینەی دەنگی دەنگدەرانی خەڵكی كوردستان ‌و بزوتنەوەی گۆڕاندا كردویەتی.

دوا بەدوای تەواوبونی وادەی یاسایی ‌و ئاسایی پرۆسەی دەنگدانە ئەلیكترۆنیەكەی رۆژی 12ی ئایاری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق، یەكێتی هەر بە دزینی دەنگی راستەقینەی خەڵكی كوردستانەوە نەوەستا ‌و لە رێگەی شێخ جەعفەرەوە هێرشی چەكداری كردە سەر بینای مەكۆی سەرەكی بزوتنەوە گۆڕان لە سلێمانی، بەڵام هەرزوو ئەو هێزە بەزیوە لەلایەن گۆڕانخوازانەوە ڕاونران.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە817