کوردستان

KNN زانیاری لە بارەی ئەو كۆمپانیایەوە ئاشكرا دەكات كە ئامێری دەنگدانی دابین كردبوو

ئەو گرێبەستەی لەگەڵ كۆمپانیای میرو سیتمیزی كۆری كرا لەسەردەمی سەربەست مستەفادا بوە‌

ئەو گرێبەستەی لەگەڵ كۆمپانیای میرو سیتمیزی كۆری كرا لەسەردەمی سەربەست مستەفادا بوە
كۆریا؛ ئەو كۆمپانیایەی كۆمسیۆن گرێبەستی لەگەڵ واژۆكردووە داهاتی ساڵانەی 5 ملیۆن دۆلارە


KNNبەدواداچوون بۆ ئەو كۆمپانیا كۆریە دەكات كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق گرێبەستێكی لەگەڵ واژۆكردووە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی ئامێری دەنگدان  ئەو كۆمپانیایە پێشتر ئامێرەكانی هەڵبژاردنی قرغیزیای دابینكرد كە دواتر هەڵبژاردنەكە بە ئابڕووچونی دیموكراتیەت وەسف كرا...

كۆمسیۆنی پێشووی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەو سەردەمەی لەلایەن سەربەست مستەفا كادیری پارتیەوە سەرۆكایەتی دەكرا بە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی رۆژی 30ی ئازاری ساڵی 2017 بەردی بناغەی گرێبەستێكی گوماناویان دانا لەگەڵ كۆمپانیای میروسیتمزی كۆریای باشور بۆ كڕینی 59 هەزار و 800 ئامێری دەنگدان.

KNN بەدواداچوون بۆ ئەو كۆمپانیایە دەكات، كۆمپانیای میروسیتمز كۆمپانیایەكی كۆریای باشورە بە بەرێوەبەر و كارمەندەكانیەوە تەنها 28 كەسن و داهاتی ساڵانەی كۆمپانیاكە كەمتر لە پێنچ ملیۆن دۆلاربووە.

كۆمپانیاكە یەك ژووری لە باڵەخانەیەك لە شاری سونگنام كۆریای باشور هەبووە، لەمێژووی ئەو كۆمپانیایەدا تەنها یەك جار  ئامێری دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی دابینكردووە ئەویش لە هەڵبژاردنەكەی قرغیزیا كە دواتر حكومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاند، ژمارەیەكی زۆری وڵات و كەسایەتیە بیانیەكان لەرێگەی ئەو سیستمەوە دەست وەردانیان لەهەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ساڵی 2017 دا كرد و كۆمپانیاكەش 15 ملیۆن دۆلاری لە قرغیزستان وەرگرت لە بەرامبەر ئامێرەكانی دەنگداندا.

گرێبەستەكەی نێوان كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و كۆمپانیاكە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار لەشاری ئیستەنبوڵی توركیا واژۆكراو دواتر دەركەوت لەسەر داوای كۆمپانیاكە گرێبەستەكە لە توركیا واژۆكراوە.

بەپێی بەدواداچوونەكەی KNN كۆمپانیاكە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكانی كۆریای باشور تۆماركراوە، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هیچ ئۆفیسێكی دیاریكراوی نەبووە و لەساڵی 2016 شەوە سایتی فەرمی كۆمپانیاكە ئەبدەیت نەكراوەتەوە ئەوەش گومانی ئەوەی دروستكردووە كە ئەو كۆمپانیا كۆریە لەنێوان وەهمی و راستیدا خۆی مەڵاسداوە.

بەپێی بەدواداچوونەكەی KNN كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەرێگەی نوسینگەیەك لەوڵاتی پۆڵندا ئامێرەكانی لەو كۆمپانیا كۆریە كڕیووە.

كۆمپانیای میروسیتمز لەلایەن كۆریای باشورەوە رێگەی پێنەدراوە لۆگۆی تایبەت بەخۆی هەبێت ئەوەش لەترسی دروستبوونی كاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمەكانی ئەو وڵاتە.

كۆمپانیا كۆرییەكە سایتێكی فەرمی هەیە كە ماوەی دوو ساڵە ئەبدەیت نەكراوە و لەسەر سایتەكەش دەربارەی كۆمپانیاكە ئەوەندە هەیە كە كۆمپانیایەكی بواری دەنگدانی ئەلیكترۆنیە، بەڵام شوێنی كۆمپانیاكە و زانیاری زیاتری ئاشكرا نەكردووە. جگە ئیمەیڵێك و ژمارە تەلەفۆنێك.

كۆمسیۆنی ئێستای  هەڵبژاردنەكانی عێراق كە 23 تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو متمانەی وەرگرت لەو گرێبەستە گوماناویە نەكشایەوە و بەردەوام بوو لەسەر كڕینی ئەو ئامێرانە.

كۆمپانیای میروسیتمز لەكۆریای باشور رێگە پێنەدراوە بەرهەمەكانی بخاتە ڕوو وەك كۆمپانیاكانی تر، ئەوەش لەكاتێكدایەپێشتر لە بواری سكانەردا كاری كردووە.

كۆمپانیا كۆریەكە دەڵێت  ساڵی 2006 دامەزراوە و لەوكاتەوە لەبواری سكانەردا كاری كردووە، تەنانەت لەسایتی فەرمی كۆمپانیاكەشدا هیچ ریكلامێكی بۆ بەرهەمەكانی نەكردووە ئەوەنەبێت كە سێ ڤیدیۆی داناوە كە تێكەڵەیەكن لەنێوان خەیاڵ و راستیدا.

بەپێی گرێبەستی نێوان كۆمپانیا كۆریەكە و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كۆمسیۆن مافی داواكردنی قەرەبووی لە كۆمپانیاكە نیە لەكاتی بوونی هیچ گرفتێكدا لەبری ئەوە كۆمپانیاكە لە جیاتی 59 هەزار ئامێر 94 هەزار ئامێری رەوانەی عێراق كردووە بۆ ئەوەی ئەو ئامێرانەی كارناكات فرێ بدرێن و ئامێرێكی تر جێگەیان بگرێتەوە.

بەپێی زانیاریەكانی KNN پێشتر 20 كۆمپانیای ئەمریكی و ئەوروپی ئامادەیان پیشانداوە گرێبەست لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق واژۆ بكەن بۆ دابینكردنی ئامێری دەنگدان بەڵام كۆمسیۆن گرێبەستی  لەگەڵ ئەو كۆمپانیا كۆریە واژۆكردووە.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە522