چەندین ئەگەرو سیناریۆ لەبەردەم هەر شەش لایەنەكەدایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكەدا
گۆڕان و هەر پێنج لایەنەكەی تر دژی ساختەكاری هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ
گۆڕان و هەر پێنج لایەنەكەی تر دژی ساختەكاری هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ
بژاردەی سكاڵا و مانگرتن و پەنابردنە بەر نەتەوەیەكگرتووەكان و بایكۆت و سەربازی لەبەردەستن
ئەوانەی شەڕی ئیرادەی گۆڕان و گۆڕانخوازان دەكەن لەئەنجامدا تێكدەشكێن
ئەو پرۆسە تەزویرەی یەكێتی و پارتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ئەنجامیاندا شتێك نیە بەئاسانی بۆیان بچێتە سەر، (گۆڕان و هاوپەیمانی و بزوتنەوەو یەكگرتوو و كۆمەڵ و شیوعی) لەبەرەیەكی دژ بەو ساختەكارییانە كۆبوونەتەوەو رایانگەیاندووە لەیەك دەنگی دەنگدەرەكانی خۆیان خۆشنابن، ئەگەرو سیناریۆكانی بەردەم ئەو شەش لایەنە چین..؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخێكی وەهادا دەكەن و چۆن رووبەڕووی ئەو ساختەكارییانە دەبنەوە..؟لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر...
دوابەدوای ئەو ساختەكارییە بەرفراوانەی یەكێتی و پارتی لەناوچەكانی دهۆك و هەولێرو سلێمانیو كەركوك لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی رۆژی شەممەی رابردوو ئەنجامیاندا، هەر شەش لایەنی (گۆڕان و هاوپەیمانی و یەكگرتوو كۆمەڵ و بزوتنەوەی ئیسلامی و شیوعی) ناچاركرد دژی ئەو ساختەكارییانە بوەستنەوە و بەهەموو شێوەیەك ئەنجامەكانی رەتبكەنەوە، هاوكات هەوڵەكانی خۆشیان یەكخستووە بۆ ئەوەی دەنگی راستەقینەی خەڵك بگەڕێننەوە و ئەو ساختەكارییە شكست پێبێنن.
لەئێستاشدا بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو پێنج لایەنەی تر لەبەردەمی چەندین ئەگەردان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە تاوەكو رەتبكرێنەوەو دووبارە پرۆسەكە ئەنجامبدرێتەوە.
گۆڕان و پێنج لایەنەكەی تر چیدەكەن بۆ گەڕاندنەوەی دەنگەكان:
یەكەم: پەنابردنەبردنە بەر سكاڵا تۆماركردن لە كۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكان
لەم رێگایەوە ئەگەر دادگای فیدراڵی بیەوێت دووبارە چاوبخشێنێتەوە بەئەنجامەكان و ئەو سكاڵایانەی تۆماركراون و قەبارەی ساختەكارییەكەی بۆ دەربكەوێت، ئەوا بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردنەكە دەدات و دووبارە ئەنجامدەدرێتەوە.
دووەم: لەئەگەری نائومێدبوون لەكۆمسیۆن بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، ئەوا گۆڕان و ئەو پێنج لایەنە سیاسیەی تر پەنادەبەنەر نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات و كۆمسیۆن بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن.
سێهەم: لەئەگەری نائومێدبوون لە كۆمسیۆن و نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەوا ئەگەری بەهێزە پەنابردنە بەر رێگاكانی خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیانەو مانگرتنی سەرتاسەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و كردنەوەی هەڵبژاردنێكی نوێ.
چوارەم: لەئەگەری نائومێدبوون لەخۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیانە، كشانەوە لەپرۆسەی سیاسی عێراق و بایكۆتكرنی تەواوی پرۆسەكەیە تا بەدەستهێنانەوەی مافی دەنگدەرانی.
پێنجەم: لەئەگەری نائومێدبوون لەتەواوی ئەو رێگایانەی كە گۆڕان و هەر پێنج لایەنەكەی تر بۆ گەڕانەوەی مافی زەوتكراوی خۆیان دەیگرنە بەر، دواجارو ئەوەی دەمێنێتەوە وەك دواین بژاردە بژاردەی پەنابردنە بەر پێكدادانی چەكداری و تێكچوونی دۆخی هەرێمی كوردستانە كە هیچ كات شەش لایەنەكە تەمەنای ئەوە ناكەن و ئاواتەخوازی نین.
بەڵێ گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی خاوەن ئیرادە نەك هەرهیچ كاتێك سازش بۆ تەزویرچییەكان و ساختەكارەكان ناكات، بەڵكو وەك هێزێكی خۆڕسك و هەڵقوڵاو لەدەنگی حەقیقی و راستەقینەی خەڵك لەمافی دەنگدەرەكانی خۆی خۆشنابێت و ناهێڵێت خەون و هیواو ئاواتەكانیان بكوژرێت و لەگۆڕبنرێت..هەربۆیە ئەو شەڕی ئیرادەی تەزویرو تەزویرچییەكان دەیانەوێت لەگەڵ گۆڕان و گۆڕانخوازاندا بیكەن دەرئەنجامەكەی بەشكستی خۆیان دەشكێتەوە.
خوێندراوەتەوە829