کوردستان

گۆڕان نە لە رابردوو نە لە ئێستاشدا نەچووەتە ژێر باری هیچ فشارێكەوە

گۆڕان هێزێكی ئازایەو سیناریۆو ساختەكارییەكانی دەسەڵات و یەكێتی رەت دەكاتەوە
پەلامارەكەی چەكدارەكانی یەكێتی بۆ سەر گردی زەرگەتە بۆ رازیكردنی گۆڕان بوو بە ساختەكاری
بەپێی زانیارییەكانی KNN گۆڕان لە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەكانی خۆیەوە ئەنجامەكان رەت دەكاتەوە


پەلامارەكەی یەكێتی و چەكدارەكانی بە فەرماندەیی جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ سەرگردی زەرگەتە و گۆڕی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بە ئامانجی ترساندنی گۆڕان و گۆڕانخوازان، نەك هەر ئامانجەكانی خۆی نەپێكا، بەڵكو گۆڕان و گۆڕانخوازانی زیاتر سوركرد لەسەر رەتكردنەوەی ئەو ئەنجامە ساختەیەی كە بڵاوكراوەتەوە گوایە ئەو هێزە تەزویر چیەو ساختەكارە زۆربەی دەنگەكانی هێناوە، گۆڕان وەك هێزێكی ئازا وەكچۆن لەرابردودا لەبەرەی خەڵك و پارێزەری مافەكانی خەڵك ماوەتەوە، لە ئێستاشدا هەروا دەمێنێتەوەو سازش لەسەر دەنگەكانی خۆی ناكات.

دوابەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق لە رۆژی شەممە و دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكانی ئەو هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستان و دەستكاریكردنی ئەنجامەكان لەلایەن یەكێتی و پارتیەوە، هەر شەش حیزبی (كۆمەڵ و یەكگرتووو گۆڕان و هاوپەیمانی و شیوعی و بزوتنەوە) ئەنجامەكانیان رەتكردەوەو رایانگەیاند: بەهیچ جۆرێك ئەوە قبوڵناكەن و داوای دووبارە هەڵبژاردن دەكەنەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی ئازاو مەدەنی و خاوەن جەماوەرێكی گەورە، لە ئێستادا نەك هەر ناچێتە ژێر باری هیچ ئەنجامێكی واو ساختەكاری وا قبوڵناكات، بەڵكو  لە رابردوشدا گۆڕان هیچ كاتێك سازش و تەسلیم بوونی قبوڵ نەكردووە و ئازایانە بەرگری لە خەڵك و مافی خەڵككردووە، لەو پێناوەشدا قوربانی داوە، بۆنمونە لە خەباتی پەرلەمانی خۆیدا سەرۆكی پەرلەمانەكەی بەهۆی رازی نەبو‌ون بەدرێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی رێگای كاركردنی لێگیراو وەزیرەكانیشی بەهۆی چاكسازی و رێگریكردن لە گەندەڵی نێردرانە ماڵەوە، هاوكات ئەم بزووتنەوەیە وەكچۆن هەمیشە باوەڕی بە دەنگدان و سندوقەكانی دەنگدان هەبووە، لەو پێناوەشدا و لەپێناوی دیموكراسیدا رۆژ بەرۆژ و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن دەنگەكانی زیادیكردووە.

بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە ئێستا لەبەر دەستی گۆڕانە، گۆڕان لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمدا دەنگی زیادیكردووە، بڵاو نەكردنەوەشی تائێستا بەهۆی چاوەڕوانی دوا ئەنجامی كۆمسیۆنە كە بڕیارە كۆمسیۆن بە رەسمی بڵاوی بكاتەوەو ئەوكات گۆڕان قسەی خۆی دەبێت، بەڵام وەك پیشەی هەمیشەییان یەكێتی و چەكدارەكانیان بە فەرماندەیی جەعفەر شێخ مستەفا، دوای هاككردنی سیستەمی دەنگدان و دەستكاریكردنی دەنگەكان و ساختەكردنی لەبەرژەوەندی خۆیان، بە مەبەستی بێدەنگكردنی گۆڕان و رازیكردنی بەو ساختەكارییانە، پەلاماری گردی زەرگەتەو گۆڕی رەوانشاد نەوشیروان مستەفایان دا، بەڵام هەر زوو جەماوەری گۆڕان وەڵامی ئەو هێزە بەزیوو تەزویرچیەیان دایەوەو هێزەكەیان بەتێكشكاوی رەوانەی لای سەركردەكانیان كردنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی KNN لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان لە رێگای پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی خۆیەوە لە هەوڵی رەتكردنەوەی ئەنجامەكانەو دەنگدەرانی خۆشی دڵنیا دەكاتەوە كە بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر باری هیچ ئەنجامێكی ساختەوە و قبوڵی ئەنجامی ساختە ناكات.

هاوكات دڵنیایش دەداتە دەنگدەرەكانی وەكچۆن لە رابوردودا بزووتنەوەی ئازابووەو ستەمی دەسەڵاتی رەتكردۆتەوە، لە ئێستاو لەقۆناغی داهاتوشدا هەر بەئازایی دەمێنێتەوە سیناریۆكانی یەكێتی و دەسەڵاتداران بە هەموو جۆرێك رەت دەكاتەوە.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە375