کوردستان

ڕێكخه‌ری گشتی گۆڕان: 12ی5 بكه‌ن بە کەرنەڤاڵێکی نیشتمانی بۆ سزادانی گەندەڵکاران و نیشتمان فرۆشان

عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، له‌وتاری كه‌رنه‌ڤاڵی ئیراده‌ و سه‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایگه‌یاند، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان،  ژنان،  گەنجان داواتان لێ دەکەین ١٢-٥-٢٠١٨ بکەن بە کەرنەڤاڵێکی نیشتمانی بۆ سزادانی گەندەڵکاران و نیشتمان فرۆشان.

 هه‌روه‌ها وتی، سەرلەبەیانی ڕۆژی دەنگدان بە گوڕوتینەوە بڕۆنە بنکەکانی دەنگدان، لە هەرێمی کوردسان دەنگ بە لیستی ١٤٢ی گۆڕان و کاندیدەکانی بدەن، لە کەرکوك و ناوچە دابڕاوەکان دەنگ بە لیستی ١٨٣ ی نیشتمان و کاندیدەکانی گۆڕان  بدەن.


دەقی وتاری عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی لە کەرنەڤاڵی ئیرادەو سەرکەوتن پێشکەش کرد ئەمە دەقەکەیەتی:


سڵاو   هاوڵاتیان و گۆڕانخوازانی ئازیز ...


لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا،  ئێوەی خاوەن ئیرادەو هیوا، ئێوەی شوێنکەوتوانی رێبازی کاك نەوشیروان، بێ وچان و لە سەر گیرفانی خۆتان، بۆ بە دیهێنانی ژیانێکی شایستە، لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان، خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردنن، بۆ سەرخستنی لیستی ١٤٢ی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێم و، لیستی ١٨٣ نیشتمان و کاندیدەکانی گۆڕان لە ناوچە دابڕاوەکان.

گۆڕانخوازان، شێوازی بانگەشەی ئاشتیانەی ئێوە بە تەنها ئامادەسازی نیە بۆ سەرخستنی لیستەکەتان، بەڵکو جەختکردنەوەیە لە سەر شوناسی ڕاستەقینەی بزوتنەوەی گۆڕان، وەك هێزێکی مەدەنی، کە باوەڕی تەواوی بە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداری پێکردنی هاوڵاتیانە لە بڕیارو بەڕێوەبردنی وڵات.

بەرێزان؛ وەك دەزانن هەڵبژاردنی ئەم جارە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، لە کاتێکدایە کێشەکانی مادەی ١٤٠ و بڕینی بودجەی هەرێم بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە ، لە پاڵ ئەوانەدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کاتی نەگونجاودا و بەدوایدا کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بەکارهێنانی هێز لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، پێگەی هەرێمی کوردستانیان لە بەغداو وڵاتان لاواز کردوە.

لە ڕابردودا پارتی و یەکێتی لە بەغدا بە ناو نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، هەمو جارێك لە هەڵبژاردنەکاندا لە سەر بنەمای کۆمەڵێك بەڵێنی ساختە داوای دەنگیان لە هاوڵاتیان و یەکڕیزیان لە لایەنەکان دەکرد، پاشان کە دەڕۆشتنە بەغدا، هەردولا بە ٥٠ کورسی پەرلەمانیەوە لە باتی داکۆکی لە مافەکانی کوردستانیان و پێکهاتەکانی تری عێراق، سەرکێشی و کڕین و فرۆشتنیان بە چارەنوسمانەوە دەکردو تەسلیم بە پلەو ئیمتیازات ئەبون، بۆ خۆیان.

ئێستاش وەك ئەوەی هیچ ڕوینەدابێ لە بانگەشەکاندا هاوڵاتیان لەم شار بۆ ئەو شار ڕاپێچ دەکەن و، بێ شەرمانە داوای دەنگیان لێ دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش میدیایەکی زەبەلاحیان بە پارەی دزراوی خەڵك بۆ چەواشەکاری خستوتە گەڕ، وەك ئەوەی خەڵك نەزانن ئەمانە گەلەکەمانیان توشی چ قەیرانێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و دارایی کردوە!.

هاوڵاتیانی خۆشەویست، پاش ئەو هەمو بێ بەڵێنی و چەواشەکاری و شکستانە، کاتی ئەوە هاتوە لەم دەسەڵاتە بپرسینەوەو پێیان بڵێین: لە ساڵانی ڕابردودا لە بەغداد چیتان بۆ خۆتان و چیتان بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان کرد؟ چیتان بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان کرد؟ چیتان بۆ کەرکوك و ناوچە دابڕاوەکان کرد؟ چیتان بۆ موچەی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش و فەرمانبەران کرد؟ چیتان لەو دەیان ملیار دۆلارە کرد کە لە ساڵانی رابردودا لە بەغداوە دەهاتە هەرێم و چۆنتان تەخشان و پەخشان کرد؟ بۆ خەڵکی کوردستانتان لە داهاتی عێراق بێ بەش کردو، لێرەش بە ناوی ئابوری سەربەخۆوە داهاتی نەوتی هەرێمتان تاڵان کرد؟

خەڵك بیریانە بۆ یەکجاریش لە سەر هیچ بەرژەوەندیەکی نیشتمانی هەڵوێستتان نەبو! بەڵام هەرکات مەترسی لە سەر بەرژەوەندیە داراییەکانی خۆتان دروست دەبو هەڕەشەی کشانەوەتان لە بەغدا دەکرد، ئێوە بەو رۆ‌حیەتە خۆپەرستیەوە لە بەغدا کارتان دەکرد، بۆیە ناتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بن.

گۆڕان داوای ئەکرد بۆ بڕیاردان لە سەر کێشەکانمان لە گەڵ عێراق وەك مەرجەعی باڵا پشت بە پەرلەمانی کوردستان ببەستین، ئێوە لە کۆبونەوە نهێنیەکانتاندا بەو جۆرە لە گەڵ لایەنە عێراقیەکان رێك دەکەوتن کە لە قازانجی خۆتان بو، نەك گەلەکەمان.

شەهیدبون و برینداربونی هەزاران پێشمەرگەو ماڵوێرانی لە شەڕی داعشداو لە دەستدانی نیوەی خاکی کوردستان، بەرهەمێکی تری سیاسەتی چەوتی ئێوەیە، بە هۆی ڕێکەوتنە شاراوەکانتان لە گەڵ هاوپەیمانان و هێزەکانی ناوخۆو دەوروبەر، کە گەلەکەمان بە مایە پوچی لێی دەرچو. 

ئیتر بەسە گەندەڵی! ئیتر بەسە وتاری درۆزنانە و فریودان، ئیتر بەسە دوڕویی و بادانەوە، جارێك باسی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن، جارێکی تر باسی عێراقی یەکگرتو، جارێکیش خاکی کوردستان دەکەنە مۆڵگەی سەربازی بۆ هێزی بێگانە.

بەرێزان؛ گۆڕان لە بەغدا کار دەکات بۆ گۆڕینی کەلتوری خراپی نوێنەرایەتی کردن، لە نوێنەرایەتی کەسی و بنەماڵەیی و حیزبیەوە لە پێناو پارەو و پۆست، بۆ نوێنەرایەتی دامەزراوەیی و نیشتیمانی لە پێناو بەدەستهێنانی مافە دەستوریەکانمان.

هاونیشتمانیانی ئازیز، بە دڵنیاییەوە دەنگی ئێوە نرخێکی گەورەی هەیە و چەکێکی کاریگەرە، لە پرۆسەی سیاسیدا، بۆ بە دیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و دادی کۆمەڵایەتی.

دروشمبازی ناتوانێت خزمەت بە پرسی ڕەوای گەلەکەمان بکات، بەڵکو لە سەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە زیانی گەورەی لێدەدات، بۆیە وەک چۆن لە ڕابردودا بەشداریمان لە نوسینەوەی دەستوری عێراقی فیدراڵدا کرد، ئێستاش کاتی ئەوەیە بە گوڕوتینەوە کار بۆ جێبەجێکردنی بکەین.

هیچ رێکەوتنێکی حزبی نابێتە بەدیلی بڕگە و مادەکانی دەستور، هیچ بەرژەوەندیەکی تائیفی و حزبی و بنەماڵەیی سیاسی بێت یان ئابوری، لە ڕابردو بێت یان لە داهاتو، نابێت بکرێنە پاساو بۆ جێبەجێنەکردنی دەستور، ئێمە رێگە نادەین ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان بە ساختە بکەنە قەڵغان بۆ داپۆشینی گەندەڵی و مانەوە لە سەر کورسی دەسەڵات.

وەك لە کارنامەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق هاتوە لەم قۆناغەدا کار بۆ بە دیهێنانی ئامانجە نیشتیمانیەکانمان دەکەین، لە بتەوکردنی سیستمی فیدراڵی، چەسپاندنی پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دورخستنەوەی دەستی حیزب لە دامەزراوەکان، دەستەبەرکردنی ئازادی و برەودان بە کلتوری دیموکراسی و پێکەوە ژیان، بەهێزکردنی سیستمی لامەرکەزی، بە دامەزراوەیی کردنی پەیوەندی و دانوستانەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، چارەسەری کێشەی ناوچە دابڕاوەکان و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠، دروستکردنی سوپاو دامەزراوەی نیشتمانی، چارەسەری گرفتی نەوت و سامانی سروشتی و گێڕانەوەی مافە دارایەکانمان.

بەڕێزان، لەم رووەوە دەبێ ئەو راستیە بسەلمێنین، کە چەندە بنەماکانی دروستکردنی دامەزراوەی دەستوری و دیموکراسی لە عێراقدا بچەسپێت، ئەوەندە بە قازانجی هەرێمی کوردستان و تەواوی پێکهاتەکانە.

لە هیچ سەردەمێکدا چ وەك بەشێك، چ وەك دوو دەوڵەتی دراوسێ لە قازانجمان نیە عێراق وڵاتێکی تاکڕەوی سەربازی و تایەفی و مەزهەبی بێت، بەڵکو دەبێت ستراتیجی نزیك و دورمان عێراقێکی دیموکراسی بێت، کە هەموان تیایدا هەست بە شکۆ و دڵنیایی بکەین. 

ئەم ئامانجە تەواو کۆکە لە گەڵ خواستە نیشتمانیەکانمان بە خواستی دروستکردنی دەوڵەتیشەوە.

ئەزمونی کاری ڕابردوی گروپەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێم و عێراق بۆمان دەردەخات، کە ئەمانە تەواوکەری سیاسەتەکانی یەکترن، وزەی مانەوەیان لە یەك وەرگرتوەو، بۆ درێژەدان بە حکومڕانیان جگە لە ئاژاوەو پشێوی لە نێوان پێکهاتەکان هیچی تریان نەویستوە.

لە ساڵانی ڕابردودا وەك چۆن حکومەتی عێراق ئامادە نەبو لە چوارچێوەی دەستوردا مافەکانی هەرێم و هاوڵاتیان دەستەبەر بکات، بە هەمان شێوە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتیش پێداگر نەبون بۆ جێبەجێکردنی دەستور، بەم جۆرە گەلەکەمان لە نێوان بەرداشی سیاسەتی خراپی بەغداو هەرێمدا بو بە قوربانی.

بۆیە پەیامی ئێمە بۆ هاوڵاتیانی ناوچە دابڕاوەکان ئەوەیە: کاتێك چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بیر لەو رۆژە بکەنەوە کە شەنگال بۆ داعش چۆڵ کرا، بیر لەو رۆژە بکەنەوە کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا کەرکوك و ناوچە دابڕاوەکان و گەلەکەمان بە فەرمانی دەستڕۆیشتوانی ناو حیزب بە تەنها بە جێهێڵران و روبەڕوی چارەنوسێکی نادیار کرانەوە.

پەیاممان بۆ تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە: کە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئەو رۆژانە لە بیر مەکەن کە لە لایەن جەللادەکانی حیزبەوە رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران شەهید دەکران! ئەو رۆژانە لە بیرمەکەن کە لە لایەن بەڵتەجیەکانی حیزبەوە لە مامۆستایان دەدرا!

بیرتان نەچێت لەو ساتەدا کە دەنگ دەدەن دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی و دارودەستەکانیان بە پارەی دزراوی میللەت لەو پەڕی خۆشیدا دەژین، بەڵام ئێوەی خاوەنی راستەقینەی نیشتمان و بزوێنەری هەمو شۆڕشەکان چەند مانگ جارێك چارەکە موچە وەردەگرن.

بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبونیەوە دژی ئەو ڕەفتارانە بووە و داوای چاکسازی و گۆڕانکاری دەکرد، بەڵام گوێیان لێ نەگرتین!

هاوڵاتیانی سەربەرز، بە پشتیوانی فراوانی ئێوە چیتر لایەنەکانی دەسەڵات ناتوانن بە کەیفی خۆیان یاری بە چارەنوسی میللەتەکەمانەوە بکەن، بێگومان لە داهاتودا بە لە بەرچاو گرتنی خواستە نیشتمانی و دیموکراسیەکانمان، پرۆژەی چڕوپڕمان بۆ شێوازی کارکردنمان لە بەغدا دەبێت.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان،  ژنان،  گەنجان داواتان لێ دەکەین ١٢-٥-٢٠١٨ بکەن بە کەرنەڤاڵێکی نیشتمانی بۆ سزادانی گەندەڵکاران و نیشتمان فرۆشان، سەرلەبەیانی ڕۆژی دەنگدان بە گوڕوتینەوە بڕۆنە بنکەکانی دەنگدان، لە هەرێمی کوردسان دەنگ بە لیستی ١٤٢ی گۆڕان و کاندیدەکانی بدەن، لە کەرکوك و ناوچە دابڕاوەکان دەنگ بە لیستی ١٨٣ ی نیشتمان و کاندیدەکانی گۆڕان  بدەن.

داوا لە رەوەندی کوردی دەکەین وەك چۆن لە ڕابردودا پشتیوانمان بون، بە هەمان گوڕوتینی جارانەوە برۆنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی گۆڕان بدەن.

داوا لە هێزی پێشمەرگەو زێرەڤانی و ئاسایش و پۆلیس و فەرمانبەران دەکەین، بێ ترس و دڵە راوکێ بڕۆنە سەر سندوقەکان و دەنگ بە گۆڕان بدەن، دڵنیاتان دەکەینەوە هیچ هێزێك ناتوانێ دەنگی ئێوە ئاشکرا بکات.

لە کۆتاییدا سوپاسی هاوڵاتیان و هەڵسوڕاوان دەکەین، هەمو ئەوانەی کە بە جۆرێك لە جۆرەکان بانگەشەیان بۆ سەرخستنی گۆڕان کردوە، دەستی ماندوی یەك بە یەکتان دەگوشین، پێزانینی تەواومان بۆ ڕەنج وتێکۆشانتان هەیە.

سوپاسی هەمو بەشەکانی پۆلیس و ئاسایش و فەرمانبەران دەکەین، ئەوانەی کە لە چوارچێوەی یاساو رێساکاندا کاریان بۆ رێکخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن و پاراستنی ئارامی بەرژەوەندی هاوڵاتیان کردوە.

هاوکات زۆر داوای لێبوردن لە هەر کەسێك دەکەین کە لەم ماوەیەدا بە هۆی بانگەشەی گۆڕانەوە بە جۆرێك لە جۆرەکان بێزار کرابێت، یاخود زیانی پێ گەیشتبێت.

دڵنیاتان دەکەین نوێنەرکانمان لە ئایندەدا بە کارو چالاکیەکانیان، بە دڵسۆزیان، دڵی هەمو لایەکمان خۆش دەکەن.

لێرەوە بەڵێن بە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەدەین بە چونمان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان و سوربوون لەسەر ڕێبازەکەی . سەرکەوتوبێت ئیرادەی گەلەکەمان...

سەرکەوتو بێت بەرەی گۆڕانکاری و پێکەوە ژیان..

سەرکەوتو بێت لیستی ١٤٢ی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێم و، ١٨٣ی نیشتمان لە ناوچە دابڕاوەکان.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە723