کوردستان

تره‌مپ له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵ ئێران كشایه‌وه‌

دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتەیەکدا كه‌ له‌ کۆشکی سپی پێشكه‌شی كرد، کشانەوەی ئه‌مریكای لە ڕێککەوتنە ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند.

سەرۆکی ئەمه‌ریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئه‌و گەمارۆیانه‌ی کە بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێن، و‌ڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە کە دەستیان لە گەڵ ئەو وه‌ڵاتەدا تێکەڵکردووە.

 هه‌روه‌ها وتیشی، ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ ئێراندا ئیمزاکرابوو، ڕێگەی بە تاران داوه‌ کە لەسەر پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت.

 لە بەشێکی دیكه‌ی قسه‌كانیدا دۆناڵد تره‌مپ ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ڕێککەوتنەکە بواری دا بە ئێران ملیۆنان دۆلار داهات بۆ خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام لە ناوخۆی و‌ڵاتەکەیدا بەکاری نەهێنێت. 

ئه‌وه‌شی وت، لە دوای ڕێککەوتنەکەوە، داهاتی ئێران لە ٤٠% زیادیکردووە و کاریکردووە لەسەر دروستکردنی موشەکی ئەتۆمی و دروستکردنی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.

ترەمپ جەختیکردەوە ئێران لەڕێگەی ڕێککەوتنەکەوە دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا چەکی ئەتۆمی دروستبکات. 

هه‌روه‌ها وتیشی، ڕێککەوتنەکە نەبووەتەهۆی سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئێران، بەڵکو بەردەوام بووە لە دروستکردنی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و پشتیوانی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

سەرۆکی ئەمریکا ڕاشیگه‌یاند، بە چوونە دەرەوەیان لە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان گفتوگۆ دەکەن بۆ چارەسەرێکی هەمەلایەنە و بەردەوام.

له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی وت، وا پێویست بوو کە ڕێککەوتنەکە بنیاتنەرانە بێت، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و ئەمڕۆ بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان لەبەر دەستدایە کە بەڵێنەکانی ئێران درۆ بوون، ڕێککەوتنەکە مەترسیدار بووە و نابێتە هۆی بەرپابوونی ئاشتی و ئارامی.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە448