کوردستان

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌ند رێنماییه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان: هه‌ر ده‌نگده‌رێك هه‌وڵی ساخته‌كاری بدات زیندانی ده‌كرێت‌

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان: هه‌ر ده‌نگده‌رێك هه‌وڵی ساخته‌كاری بدات زیندانی ده‌كرێت
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان: رێگه‌ نادرێت ده‌نگده‌ر مۆبایلی پێ بێت و وێنه‌ی ده‌نگدان بگرێت


كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره‌یه‌ك رێنمایی بۆ رێگریكردن له‌ ساخته‌كاریی بڵاوكرده‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌ر كه‌سێك هه‌وڵ بدات له‌ بری كه‌سێكی تر ده‌نگ بدات ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت و، رێگه‌ش نادرێت هیچ كه‌سێك به‌ مۆبایل وێنه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌ی بگرێت، هه‌ر كه‌سێكیش سه‌رپێچی بكات ڕووبه‌ڕووی سزا ده‌بێته‌وه‌.


كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ژماره‌یه‌ك بڕیاری گرنگی ده‌رباره‌ی رێگری له‌ ساخته‌كاری بڵاوكرده‌وه‌. به‌پێی بڕیاری ژماره‌ 2793 كه‌ به‌رواری 2/ئایار ده‌رچووه‌، ته‌نها كه‌سی پله‌ یه‌ك كه‌ بریتیه‌ له‌ ( باوك، دایك ، كوڕ ، كچ، هاوسه‌ر، خوشك، برا) بۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌ر بچێته‌ ژووره‌وه‌‌و هیچ كه‌س بۆی نیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ بچێته‌ ژووره‌وه‌ كه‌ رۆژی ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌نگ ده‌ده‌ن.


به‌گوێره‌ی‌ بڕیاری ژماره‌ ( 2664 )، بردنه‌ژووره‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ مۆبایلێكی هۆشمه‌ند كه‌ توانای وێنه‌گرتنی هه‌بێت قه‌ده‌غه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئامێری تۆماری ده‌نگی و هه‌موو كامێرایه‌ك رێگه‌ پێنه‌دراوه‌ بچێته‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان.


رۆژی 29ی ئازاری رابردووش، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ژماره‌یه‌ك بڕیاری تری‌ بۆ ڕێگری له‌ ساخته‌كاری ده‌ركرد بوو. 


 به‌پێی بڕیاره‌كانیش هه‌ر كاندیدێك یان لایه‌نێكی سیاسی هه‌وڵی كڕینی كارتی ده‌نگدان بدات دوورده‌خرێته‌وه‌و ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت. هه‌روه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك كارئاسانی بۆ ساخته‌كاری بكات فه‌سڵ ده‌كرێت‌و ڕووبه‌ڕووی دادگاییكردن ده‌كرێته‌وه‌. كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن راشیگه‌یاند هه‌ر هاوڵاتیه‌ك له‌ رۆژی ده‌نگدان هه‌وڵ بدات به‌ كارتی كه‌سێكی تر ده‌نگ بدات، راده‌ستی لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌كرێت و دواتر ده‌درێته‌ دادگا بۆ ئه‌وه‌ی رێكاری یاسای پێویستی له‌دژ بگیردرێته‌ به‌ر.


كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق هه‌موو هه‌وڵه‌كانی چڕكردۆته‌وه‌ بۆ رێگری له‌ ساخته‌كاری.  
چاودێرانی سیاسیش  هۆشیاری‌ ده‌ده‌ن له‌وه‌ی‌ هه‌ر هه‌وڵێكی‌ پێشێلكردنی‌ بڕیارو رێنماییه‌كانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌‌و به‌رپرسانی كۆمسیۆنی نزیك له‌دوو حزبه‌كه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ناوبانگی كوردستان ناشیرین تر ده‌كات. ئه‌گه‌ریی‌ ئه‌وه‌ش زیاترده‌كات وه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابوردو به‌شێك له‌ وێستگه‌كان بخرێنه‌ لیستی ره‌شه‌وه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە996