ئابووری

هه‌رێم: 14 ساڵه‌ نه‌وت به‌ئاشكراو به‌نهێنی ده‌فرۆشرێت و داهاته‌كه‌شی نادیاره‌

ده‌یان ملیار دۆلار داهات و شیرینی و گرێبه‌ستی نه‌وت دیار نیه‌
تاكه‌ی ئه‌م داهاتانه‌ی نه‌وت له‌ده‌ستی ئه‌و ده‌سته‌ نائه‌مینانه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌

له‌دوای 2003ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌ئاشكراو به‌نهێنی نه‌وت ده‌فرۆشن و داهاته‌كه‌شی دیار نیه‌، له‌و ساڵه‌شه‌وه‌ تا 2014 زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار له‌به‌غداوه‌ هاتۆته‌ هه‌رێم، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چه‌ندین ملیاری‌ دۆلار داهاتی ناوخۆ، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاریشبوو به‌پێی یاسای نه‌وت وغاز چه‌ند كۆمپانیا بۆ به‌بازاڕكردن و فرۆشتنی نه‌وت دروستبكرێت وسندوقێكیش بۆهه‌ڵگرتنی داهاته‌كه‌ دروستبكرێت، به‌ڵام نه‌كرا.

چوار ساڵه‌ به‌ئاشكراو  له‌رێگای بۆرییه‌و نزیكه‌ی 10 ساڵیش له‌رێگای تانكه‌ره‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان نه‌وت ده‌فرۆشن و به‌تاڵانی ده‌به‌ن، له‌تازه‌ترین پرۆسه‌ی به‌تاڵانبردنیش بۆ سه‌رچاوه‌و سامانه‌ سروشتییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌، دوای دۆڕاندنی 2 ملیار دۆلار به‌كۆمپانیای دانه‌ غاز و پێدانی 1 ملیار دۆلار به‌نه‌قدی به‌و كۆمپانیایه‌، ئاشتی هه‌ورامی به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ غازی كێڵگه‌كانی‌ كۆرمۆریان له‌قادر كه‌ره‌م به‌خشی به‌و كۆمپانیایه‌.

ئه‌م پرۆسه‌ی به‌تاڵانبردن و هه‌ڕاج فرۆشتنه‌وه‌ی نه‌وت و غاز كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ شكستخواردووه‌ ده‌ستی داوه‌تێ، جگه‌ له‌نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانی و هه‌ژارتركردنی هه‌ژاران و خستنه‌ ژێر قه‌رزێكی زۆره‌وه‌ هیچی دیكه‌ی لێ سه‌وز نه‌بووه‌.

له‌ساڵی 2003و له‌دوای روخانی رژێمی سه‌دام حسێن، له‌به‌غداوه‌ تاوه‌كو ساڵی 2014 نزیكه‌ی 100 ملیار دۆلار هاتوه‌ته‌ هه‌رێم، ئه‌مه‌جگه‌ له‌ده‌یان ملیار دۆلاری دیكه‌ له‌داهاتی ناوخۆو شیرینی گرێبه‌سته‌كان و داهاتی ته‌نكه‌ره‌ نه‌وته‌كان، كه‌ هه‌رهه‌موو ئه‌م داهاته‌ كه‌وته‌ ده‌ستێكی نائه‌مینه‌وه‌و كابینه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی هه‌ردوو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار هه‌رێمه‌كه‌یان به‌م ده‌رده‌برد كه‌ ئێستا خه‌ڵك به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

له‌دوای ساڵی 2014و فرۆشتنی ئاشكرای نه‌وت، كه‌ رۆژانه‌ زیاتر له‌ 750 هه‌زار به‌رمیل بووه‌، نه‌ك هه‌ر داهاته‌كه‌یان نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، به‌ڵكو به‌بیانوی شه‌ڕو هاتنی ئاواره‌و قه‌یرانی داراییه‌وه‌، ئه‌و داهاتانه‌شیان لوشداو له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌رێم بكه‌نه‌ وڵاتێكی خۆشگوزه‌ران، هه‌رێمیان كرده‌ وڵاتێكی قه‌رزارو موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان بڕی و دۆخه‌كه‌یان والێكرد وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبنین.

ئه‌م ده‌سته‌ نائه‌مینانه‌ی كه‌ داهاتی ئه‌م وڵاته‌یان له‌ده‌ستدایه‌، ده‌بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت و شه‌فافتربوونی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، بڕگه‌كانی یاسای نه‌وت وغازی هه‌رێمی ساڵی 2004 جێبه‌جێبكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانكرد.


یاسای نه‌وت وغازی هه‌رێم
* به‌پێی بڕگه‌ی 30 له‌ماده‌ی 1، داهاته‌كانی فرۆشتنی نه‌وت وغازو موڵكانه‌،
 پاداشتی ئیمزاكردن و به‌رهه‌مهێنان  له‌گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت له‌سندوقی كوردستان بۆ داهاته‌كانی نه‌وت هه‌ڵده‌گیرێن، 
كه‌چی تا ئێستا سندوقه‌كه‌ دروستنه‌كراوه‌و بوونی نیه‌.
*له‌بڕگه‌ی 10ی ماده‌ی 37، باسی وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ ده‌كات كه‌له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ ده‌درێن بۆ پاڵپشتی ژینگه‌ی هه‌رێم،
 به‌ڵام نه‌پاره‌ی پاڵپشتی ژینگه‌ دیاره‌و نه‌رێژه‌ی موڵكانه‌.

هه‌ربه‌پێی هه‌مان یاسای نه‌وت وغاز، ده‌بوو چوار كۆمپانیاو سندوقێك بۆ رێكخستنی كاری هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ودانانی داهاته‌كانی نه‌وت دروستبكرێت، به‌ڵام تائێستا نه‌ئه‌و چوار كۆمپانیایه‌ دیاره‌و نه‌سندوقه‌كه‌ش، كۆمپانیاكانیش ئه‌مانه‌ن.

كۆمپانیاكانی ناو یاسای نه‌وت وغاز
*كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت
*كۆمپانیای كوردستانیی نیشتیمانی نه‌وت
*كۆمپانیای كوردستان بۆ به‌بازاڕكردنی نه‌وت
*كۆمپانیای كوردستان بۆ پاڵاوتن وپاشكۆكانی
*سندوقی كوردستان بۆ داهاته‌كانی نه‌وت

له‌ئێستاشدا و دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌تاڵان و بڕۆی داهات ونه‌وت و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی تری ئه‌م هه‌رێمه‌، هه‌قی ئه‌وه‌یه‌ هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌خۆیان بپرسن، ئه‌رێ تاكه‌ی ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌ت و سامان و داهاته‌ له‌ناو ده‌ستی ئه‌و ده‌سته‌ نائه‌مینانه‌دایه‌؟

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە225