كار بۆ زیادكردنی ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان دەكرێت
دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەستە و سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتیەكان، بۆ دانانی پلان و ئامار و ئامادەكاریەكانی رۆژانی نەورۆز لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە، سەرۆكی دەستەكەش دەڵێت ئامانجیان زیادكرنی ژمارەی گەشتیارانە.
مەولەوی جەبار، سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، دوای كۆبوونەوەكهیان، رایگەیاند: "ئەمڕۆ لێرە ئامادە بووین بۆ ئەوەی پلانی ساڵی 2018 تاوتوێ بكەین و چۆنیەتی جێبەجێكردنی و ئەوەی تائێستا جێبەجێكراوە چییە، لەسەر داهاتی گەشتوگوزار 20 لەسەدی دەتوانین بكەینە پڕۆژە بۆ خزمەتگوزاری ناوچە گەشتیارییەكان، لەسەر بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم و خودی وەزیریش 75 ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆ رۆژانی نەورۆز بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری باشتر بكەین بۆ جێگە گەشتیارییەكان و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێویستە".
مەولەوی جەبار هەروەها وتی: "بۆ هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئاسانكاری دەكرێت".
سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد؛ رۆژی شەممەی داهاتوو بە سەرۆكایەتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم، سەردانی بەغدا دەكەن بۆ بەشداریكردنی پێشانگایەكی تایبەت و كۆبوونەوە لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیارییەكان و تاوتوێكردنی بابەتی گەشتیاری و دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەرێم و عێراقدا.
بە گوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، سەرۆكی دەستەكەش رایگەیاند کە ئامانجیانە ئەو رێژەیە بۆ ئەمساڵ بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار بەرز بكەنەوە.
خوێندراوەتەوە250