ئابووری

زانیاری ورد لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە و رەخنە دیارەكان لەسەری

زانیاری ورد لەبارەی پڕۆژه‌ یاسای بوودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ ده‌كات كه‌ ٨٨ ملیار دۆلار پتره‌، یەكێك لە رەخنەكان كە لەم پڕۆژەیە گیراوە, قه‌باره‌ی كورتهێنانی بوودجه‌كه‌یه‌ كه‌ نزیك به‌ ١١ ملیار دۆلاری ئه‌مریكییه‌، لەوبارەشەوە بڕیارده‌ری لێژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق، ده‌ڵێت "پڕۆژه‌كه‌ سته‌می له‌ هه‌رێمی كوردستان تێدایه‌ له‌ رووی پشكی هه‌رێمه‌وه‌".

ئاژانسی ئانادۆڵی توركی، لە بەدواداچونێكیدا زانیاری وردی لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەگی عێراق بۆ ساڵی 2018 بڵاودەكاتەوە و تیایدا ئەحمەد حاجی رەشید بڕیارده‌ری لێژنه‌ی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت: "بە پێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی پلاندانان رێژەی پشکی موستەحەقی ھەرێمی کوردستان بریتییە لە ١٤ لەسەد، لەکاتێکدا ئەم ژمارەیە لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی بارزگانیی عێراق بریتییە لە ١٣،١ لەسەد، بۆیە ئەو رێژەیەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی داراییەوە دانراوە و داتاکانییان ورد نیین و ھیچ ئاماژەیەکی روون نییە کە پشتی پێ بەسترابێت بۆ دیاریکردنی ئەو رێژەیە، بۆیە ئەوە ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان".

"بوودجەیەکی ٨٨ ملیار دۆلاری، ھەناردەکردنی سێ ملیۆن و ٨٨٨ هەزار بەرمیل نەوت"

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شەممەی رابردوو سێی ئازار، پڕۆژە بوودجەی گشتیی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٨ پەسەند کرد دوای ئەوەی نیسابی یاسایی دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی ١٧٦ ئەندام لە کۆی ٣٢٨ ئەندام تەواو بوو، پڕۆژەکە کە ٦٠ ماددە لەخۆ دەگرێت بە بێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە پێشتر بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکە ژمارەیەک مەرجییان ھەبوو پەسەندکرا و تێپەڕێنرا.پڕۆژە یاساکە بە لای بەشێک لە ئابووریناسانەوە جێی رەخنە و تێبینیی زۆرە، بەشێکیش دیکەش بە پڕۆژەیەکی باشی دەبینن کە لەگەڵ واژووکردنی لە لایەن سەرکۆماری عێراقەوە دەبێتە یاسا و کاری پێدەکرێت.

ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی لەو رەخنەگرە دیارانەبوون کە بەتوندی پڕۆژەکەیان رەتکردەوە و پێش ئەمانیش فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا نەچوونە کۆبوونەوەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە و دواتریش رۆژی یەکشەممەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەکەی دایە بەر تانە و وتی: "بەغدا بەو کارەی شەراکەتی تێکدا، ھەڵوێستی ئێمە ھەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکانە کە رەتیان کردووەتەوە، چونکە بەو بەشەی کە دیاریکراوە ناتوانین ئەو مووچەیەی کە ئێستا پاشەکەوت دەکرێت بدرێت".

بە پێی پڕۆژە یاساکە کە لە ماددەی یەکەمیدا ھاتووە بڕی داھاتەکانی عێراق ٩١ تریلیۆن و ٦٤٣ ملیار و ٦٦٧ ملیۆن و ٢٣٦ ھەزار دیناری عێراقی ( نزیکەی ٧٧ ملیار و ٥٣٢ ملیۆن دۆلار) پێکدێت، نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ھەناردەکراو لەسەر بنچینەی تێکڕای ٤٦ دۆلار خەمڵێنراوە و تێکڕای بڕی نەوتی ھەناردەکراویش لە رۆژێکدا بە سێ ملیۆن و ٨٨٨ ھەزار بەرمیل دیاریکراوە، لەنێویاندا ٢٥٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانەی ھەرێمی کوردستان و نرخی ھەر دۆلارێکیش بە ھەزا و ١٨٢ دینار دیاریکراوە.

بەو پێیە و بە پێی بەدواداچوونەكانی ئاژانسی ئانادۆڵ بۆ پڕۆژە یاساکە، بڕی ٧٧ تریلیۆن و ١٦٠ ملیار و ٣٩٢ ملیۆن و ٦٤٠ ھەزار دینار لە کۆی گشتی داھاتەکانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ کە بریتییە لە ٩١ تریلیۆن و ٦٤٣ ملیار و ٦٦٧ ملیۆن و ٢٣٦ ھەزار دینار داھاتی نەوتیین، واتە ئەو داھاتانەی لە فرۆشتن و پاڵاوتن و ھەناردەکردنی نەوتەوە بەدەست دێت کە رێژەی ٨٤،١ لەسەدی کۆی داھاتەکانی عێراق پێکدەھێنێت لەو ساڵەدا، ھەرچی داھاتە نا نەوتییەکانە ئەوا رێژەی ١٥،٨ پێکدەھێنێت کە بڕی ١٤ تریلیۆن و ٤٨٣ ملیار و ٢٧٤ ملیۆن و ٥٩٦ ھەزار دیناری عێراقی دەبێت.

بڕیاردەری لێژنەی دارایی و ئابووری عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید لە لێدوانێکدا دەڵێت: پرۆژە بوودجەی گشتی عێراق ستەمێکی زۆری لە ھەرێمی کوردستان و سوننەکانیش تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا شیعەکان ویستیان بە زۆرینە تێیپەڕێنن و تێیانپەڕاند، ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بە کەموکوڕییەکانی پڕۆژەکەش دەڵێت "پشکی کورد لە پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ ستەمی زۆری لە ھەرێمی کوردستان تێدایە و بە رادەیەک بە بێ پشتبەستن بە ھیچ رێژەیەکی راستی و واقیعی ئەو رێژەیە بۆ ھەرێمی کوردستان لە بوودجە دیاریکراوە کە ١٢،٦ ە، ھەروەھا چەندین کەموکوڕی دیکە ھەن دیسانەوە بەشی زۆریان لەسەر حسابی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەتی، لەنێویاندا بوودجەی سیادی لە ٢٠٠٥ تەنھا ١٦ بڕگە بوو، کەچی لە ساڵی ٢٠١٨ ئەوە گەیشتووەتە ٨٦ بڕگەیە و لە ساڵی ٢٠٠٥ بڕی پێنج تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکرابوو بۆ بوودجەی سیادیی عێراق، کەچی لە ساڵی ٢٠١٨ ئەو بڕە گەیشتووەتە ٤١ تریلیۆن دینار و ئەوەش بوودجەی گشتی کەم دەکاتەوە و رێژەی کورد کەم دەکاتەوە".

ئەحمەد حاجی رەشید لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق دەڵێت: "بە پێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی پلاندانان رێژەی پشکی موستەحەقی ھەرێمی کوردستان بریتییە لە ١٤ لەسەد، لەکاتێکدا ئەم ژمارەیە لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی بارزگانیی عێراق بریتییە لە ١٣،١ لەسەد، بۆیە ئەو رێژەیەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی داراییەوە دانراوە و داتاکانییان ورد نیین و ھیچ ئاماژەیەکی روون نییە کە پشتی پێ بەسترابێت بۆ دیاریکردنی ئەو رێژەیە، بۆیە ئەوە ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان".

ھەرچی خەرجییەکانی عێراقە بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٨ بریتییە لە ١٠٤ تریلیۆن و ١٥٨ ملیار و ١٨٣ ملیۆن و ٧٣٤ ھەزار دیناری عێراقی (نزیکەی ٨٨ ملیار و ١٢٠ ملیۆن و ٢٩٠ ھەزار دۆلاری ئەمریکی) لەنێویاندا بڕی قیستەکانی قەرزی ناوخۆی و دەرەکی ھەیە کە هەشت تریلیۆن و ٢٤٦ ملیار و ٨٩٩ ملیۆن دیناری عێراقی دەبێت و لە خەرجییەکان بڕی ٢٤ تریلیۆن و ٦٥٠ ملیار و ١١٢ ملیۆن و ١٣٨ ھەزار دینار خەرجیی پڕۆژەکانە، بڕی ٧٩ تریلیۆن و ٥٠٨ ملیار و ٧١ ملیۆن و ٥٩٦ ھەزار دینار خەرجیی بەردەوامە، عێراق بە پێی پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ بڕی ١٩٢ ملیار دیناریشی وەکو یەدەگی لەناکاو دیاریکردووە.

لەو خەرجییانەی عێراق لە ئەمساڵدا بە پێی بوودجە دەیانکات کە ١٠٤ تریلیۆن و ١٥٨ ملیار و ١٨٣ ملیۆن و ٧٣٤ ھەزار دیناری عێراقی دەبێت بڕی ٧٩ تریلیۆن و ٥٠٨ ملیار و ٧١ ملیۆن و ٥٩٦ ھەزار دینار بریتییە لە خەرجییە بەردەوامەکان کە رێژەی ٧٦،٣ لەسەدی کۆی خەرجییەکان پێکدەھێنێت.

ھەرچی خەرجی وەبەرھێنانە ئەوا رێژەکەی لە خەرجییەکان دەگاتە ٢٣،٦ لەسەدا دەبێت کە بڕەکەی ٢٤ تریلیۆن و ٦٥٠ ملیار و ١١٢ ملیۆن و ١٣٨ ھەزار دینار دەبێت.

"زیادکردنی باج لەسەر ھاووڵاتییان خەسڵەتێکی دیاری بوودجەی ٢٠١٨"
بە پێی بەدواداچوونەکان بۆ پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ کە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکراوە و لە ٦٠ ماددەی یاسایی پێکدێت، رێژەی پێنج لەسەدی داھاتەکانی نەوتی خاوی بەرھەمھاتوو لە ھەر پارێزگایەک و رێژەی پێنج لەسەدی داھاتەکانی نەوتی خاوی پاڵێوراو لە پاڵاوگەکانی پارێزگاکان و رێژەی پینج لەسەدی داھاتەکانی غازی سروشتی بەرھەمھاتوو لە پارێزگاکان بۆ ئەو پارێزگایانە خەرج دەکرێت و پارێزگا سەرپشک دەکرێت یەکێک لەو داھاتانە ھەڵبژێرێت.

ھەرچی پەیوەستە بە بڕی کورتھێنان لە بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ ئەوا رەخنەی توند ئاراستەی حکوومەت دەکرێت کە لەمبارەیەوە زۆر کورت بین بووە لە کەمکردنەوەی ئەو بڕە و ئەوەش بە زیان بە ھاووڵاتییان دەزانن.

بەدواداچوونەکانی ئەوەش دەریدەخات، بڕی کورتھێنان لە بوودجەی گشتی عێراق بریتییە لە ١٢ تریلیۆن و ٥١٤ ملیار و ٥١٦ ملیۆن و ٤٩٨ ھەزار دیناری عێراقی (١٠ ملیار و ٥٨٧ ملیۆن و ٥٧٧ ھەزار دۆلاری ئەمریکی) کە لەو بڕە پارەیە پڕدەکرێتەوە لە بڕی داھاتەکان زیاد دەبێت، ھەروەھا بە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی و داھاتی دیکە پڕ دەکرێتەوە.

شارەزای بواری ئابووری و دارایی، دکتۆر سەلام سمێسم کە راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بووە لەمبارەیەوە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی پرسی کورتھێنانی بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق مەسەلەیەکی گەورە و کەموکوڕییەکی دیاری پڕۆژەکەیە.

سەلام سمێسم لەوبارەیەوە رایگەیاند "دیارترین خەسڵەتەکانی بوودجەی گشتیی ساڵی دارایی عێراق ٢٠١٨ ئەوەیە کە کورتھێنانێکی زۆری تۆمارکردووە بە بڕی نزیکەی ١١ ملیار دۆلار کە ئەم کورتھێنانەش لە رێگەی ھاووڵاتییانەوە پڕ دەکرێتەوە ئەویش بە سەپاندنی بڕی ١٤ جۆر باج لەسەر خەڵک، باجێک لەسەر داھاتە و راستەوخۆیە کە رێژەکەی لە نێوان ٣ بۆ ١٥ لەسەد دەبێت و فەرمانبەران و کاسبکاران و خانەنشینانیش دەگرێتەوە، ھەروەھا باجی دیکە سەپێنراوە کە ناڕاستەوخۆیە و لەسەر شمەک و کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دانراوە، ئەمەش ھاووڵاتیی دەیدات و بەو پێیە کاریگەریی لەسەر ئاستی بژێوی دەبێت، چونکە دەبێتە ھۆی ئەوەی بەھای راستەقینەی داھات کەم ببێتە و شەپۆلێکی دیکە لە ھەڵکشان سەرھەڵبداتەوە و زیان بە چینی مام ناوەند و ھەژار دەگەیەنێت".

پەیوەست بە باجەکانەوە لە پرۆژە یاسای بوودجەی عێراقدا بۆ ئەمساڵ باس لەوە دەکرێت کە حکوومەتی عێراق بە پێی ماددەی ١٧ی یاساکە چەندین باجی دووبارە داناوەتەوە و رێژەی بەشێکشی لێ زیادکردوون، بە نموونە رێژەی پێنج لەسەدی فرۆشتن خراوەتە سەر کاڵا فرۆشراوەکان لە مۆڵ و شوێنەکانی بازاڕکردن، ھەروەھا ئەو خزمەتگوزارییانەشی لە لایەن ساڵۆنەکانی سەرتاشینی پیاوان و ژنانیش دەگرێتەوە و پێویستە ھەموو ئەو شوێنانە ئامێری کاشێری ئەلیکترۆنییان ھەبێت.

رێژەی ٢٥ ھەزار دینار وەکو رسوماتی فڕۆکەخانە خراوەتە سەر ھەر پلیتێکی گەشتکردنی دەرەوە، بڕی ١٠ ھەزار دیناریش بۆ ھەر گەشتێکی ناوخۆیی، ھەروەھا پێبژاردن خراوەتە سەر ھێنانی خواردنەوە کهولییە ھاوردەکراوەکان بەڕێژەی ٢٠٠ لەسەد لە بەھای کەلوپەلی ھاوردەکراو، ھەروەھا باج خراوەتە سەر شیرینەمەنی و ساردەمەنی و بەرھەمەکانی شیرەمەنی و شەربەت و خواردنەوە غازییە ھاوردەکراوەکان بەڕێژەی ٢٥ لەسەد.

"پابەندکردنی ھەرێم بە رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و گێڕانەوەی پترۆ دۆلاری کەرکووک"

لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق کە پشکی ھەرێمی کوردستان بە "کەم" تێیدا دەزانرێت چەندین ماددەی دیکە ھەن کە تەرخانکراوی پارە لەخۆ دەگرێت لەنێویاندا وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق رێگەپێدراوە کە دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران بە بڕی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی و پاڵپشتیی لۆجیستی بۆ ھەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای دژە تیرۆر دەست بخات و بەم پێیە، بۆ وەزارەتی بەرگری ٦٠٠ ملیۆن دۆلار و بۆ وەزارەتی ناوخۆ ١٤٦،٤ ملیۆن دۆلار بۆ دەستەی حەشدی شەعبی ٨٠ ملیۆن دۆلار بۆ دەزگای دژە تیرۆری عێراق ٨٠ ملیۆن دۆلار.

ھەروەھا پەیوەست بە پەیوەندییە داراییەکانی ھەرێم و ناوەندیشەوە لە ماددەی ١٠ی پڕۆژە یاساکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە موستەحەقاتی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی بۆ ساڵەکانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٧ دوای وردبینیکردنی لە لایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە و بە ھەژمارکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی خەرجییە کردەییەکان بۆ ساڵانی رابردوو کە ژمێرەی کۆتایی پەسەندکراو لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدرالییەوەوە یەکلایی دەکرێنەوە.

ھاوکات ھەرێمی کوردستانیش پابەندکراوە بە رادەستکردنی بڕی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بۆ ئەوەی لە رێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە ھەناردەبکرێت و داھاتەکانیشی دەدرێت بە گەنجینەی گشتیی فیدرالی.

ئەمە سەرباری ئەوەی رێژەیەک لە پارەی دابینکراو بۆ ھێزەکانی زەمینیی عێراق بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بە پێی رێژەی دانیشتووان دابین دەکرێت.

لە پرۆژە یاسای بوودجەی گشتی ٢٠١٨دا ئەوەش ھاتووە کە ئەگەر ھەرێمی کوردستان داھاتە بەدەستھاتووەکانی نەدات بە گەنجینەی گشتی فیدرالی یان ئەگەر ئەو دوو بڕگەیە جێبەجێ نەکات، ئەوا وەزارەتی دارایی بڕی پشکی دیاریکراوی ھەرێمی کوردستان دەبڕێت.

ھەروەھا لە یاساکەدا ئەوە ھاتووە کە وەزارەتی دارایی و نەوتی فیدرالی ئەو بڕە نەوتە ھەناردەکراوەی کێڵگەکانی کەرکووک لە دەرەوەی کۆمپانیای سۆمۆ لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ ھەژمار دەکەن و رێژەی پترۆدۆلار کە تایبەتە بە پارێزگای کەرکووک دیاری دەکرێت و ئەو بڕە پارەی لێ دەردەکرێت کە دراوە بە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک لەو ماوەیەدا و ئەو بڕە پارەیەشی کە دەمێنێتەوە و نەدراوە بە کەرکووک لە پترۆدۆلار و قەرزە لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دابینکردنەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨ دەبڕدرێت.

ھاوکات لە ماددەی ١٠ی ھەمان یاسادا ھەرێمی کوردستان پابەند کراوە بەوەی سەرجەم ئەو پارانەی پارێزگای کەرکووک کە لە پترۆدۆلارە و لە بانکەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵگیراون بگەڕێنرێنەوە بۆ حسابی پارێزگای کەرکووک.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە330