ئابووری

له‌نێوان ساڵه‌كانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٣دا كۆمه‌ڵێك سه‌رمایه‌دار له‌ هه‌رێمدا سه‌ریانهه‌ڵدا

به‌شێكی ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ هیچ سودێكیان بۆ ئابوری هه‌رێم نه‌بووه‌‌

حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان سه‌رمایه‌داری تایبه‌ت به‌ خۆیان دروست كردووه‌


هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی بچوك و ئابورییه‌كی لاوازی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌نێوان ساڵه‌كانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٣دا كۆمه‌ڵێك سه‌رمایه‌دار له‌ هه‌رێمدا سه‌ریانهه‌ڵدا كه‌ ژماره‌یان زیاتره‌ له‌ ژماره‌ی سه‌رمایه‌داره‌كانی هه‌ندێك له‌ وڵاتانی پێشه‌سازی و پێشكه‌وتووی رۆژئاوا، هه‌ندێك له‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ سه‌رمایه‌كانیان له‌ڕێی وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی نیشته‌جێ بوون به‌ده‌ست هێناوه‌، كه‌ به‌ بۆچوونی هه‌ندێك له‌ ئابوریناسان هیچ سودێكیان به‌ ئابوری هه‌رێم نه‌گه‌یاندووه‌.

كورد ئه‌ڵێت، له‌ پڕێك بوو به‌ كوڕێك.. ئه‌مه‌ چیرۆكی به‌شێك له‌ سه‌رمایه‌داره‌كانی هه‌رێمه‌ كه‌ له‌ ساڵه‌كانی نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٣دا له‌ پڕێكدا و له‌ چه‌ند شه‌و و ڕۆژێكدا ژیانیان له‌ هاوڵاتییه‌كی ئاساییه‌وه‌ گۆڕا بۆ سه‌رمایه‌دارێكی گه‌وره‌، له‌ ئیستاشدا هه‌ندێكیان به‌ فه‌خر و شانازییه‌وه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه‌ كتوپڕییه‌ی خۆیان وه‌ك چیرۆكی سه‌ركه‌وتن بۆ خه‌ڵك ده‌گێڕنه‌وه‌. 

له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌ تایبه‌ت وڵاتانی پیشه‌سازی پێشكه‌وتوودا نموونه‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ هه‌ن كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا له‌ كه‌سێكی ئاساییه‌وه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رمایه‌دارێكی گه‌وره‌، له‌وانه‌ بیل گه‌یتس خاوه‌نی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، مارك زۆكه‌ربێرگ خاوه‌نی فه‌یسبووك، ستیڤ جۆبز خاوه‌نی كۆمپانیای ئه‌پڵ و چه‌ندین نمونه‌ی دیكه‌، سه‌رمایه‌داره‌كان له‌و وڵاتانه‌دا، سه‌رمایه‌كانیان یان له‌ڕێی داهێنانێكی گرنگی بواری ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ به‌ ده‌ستهێناوه‌، یان ریسكێكی ئابوری گه‌وره‌یان كردوه‌ و وه‌به‌رهێنانیان له‌ بوارێكدا كردووه‌ كه‌ به‌ر له‌ ئه‌وان سه‌رمایه‌داره‌كانی تر نه‌یانوێراوه‌ خۆی لێ بده‌ن.

به‌ڵام چیرۆكی به‌شێكی به‌رچاوی سه‌رمایه‌داره‌كانی هه‌رێم زۆر جیاوازه‌ له‌ ئه‌زمونی سه‌رمایه‌داره‌كانی وڵاتانی دیكه‌، له‌ هه‌رێم دوو جۆر سه‌رمایه‌دار هه‌ن، به‌شێكیان هاوشێوه‌ی سه‌رمایه‌دارانی وڵاتانی دیكه‌ به‌رهه‌می سروشتیی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورین و له‌ كه‌رته‌كانی خزمه‌تگوزاری و پیشه‌سازیدا وه‌ك به‌رهه‌مهێنانی چیمه‌نتۆ و كاره‌با وه‌به‌رهێنانیان كردووه‌، له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ كه‌م تا زۆر ده‌رفه‌تی كاریان بۆ هاوڵاتیان ره‌خساندووه‌ و باجیش به‌ هه‌ر دوو حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق ده‌ده‌ن.

به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌ی سه‌رمایه‌داره‌كان ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌رهه‌می سیستمی دوو زۆنی _ دوو حزبی هه‌رێمن، به‌ جۆرێك كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٣دا هه‌ر دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار سه‌رمایه‌داری تایبه‌ت به‌ خۆیان دروست كردووه‌، ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ی كه‌ له‌و ماوه‌یه‌شدا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ سه‌رمایه‌كانیان زیاتر له‌ڕێی وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی نیشته‌جێبوون به‌ ده‌ستهێناوه‌ و به‌هۆی نزیكایه‌تیانه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، پڕۆژه‌ی گه‌وره‌یان له‌ كه‌رتی نیشه‌جێبووندا پێدراوه‌ و له‌ڕێی قۆستنه‌وه‌ی بۆشایی یاسایی له‌ یاسای وه‌به‌رهێنان، له‌ باشترین شوێنه‌كانی شاره‌كاندا زه‌ویان به‌ خۆڕایی یان نرخێكی ڕه‌مزی له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتووه‌.

 بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ش یان قه‌رزێكی گه‌وره‌یان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتووه‌ كه‌ تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت قه‌رزه‌كانیان نه‌داوه‌ته‌وه‌، یان خود پێشوه‌خته‌ یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون و ڤێللاكانیان به‌ خه‌ڵك فرۆشتووه‌ و قۆناغ به‌ قۆناغ پاره‌یان له‌ كڕیاره‌كان وه‌رگرتووه‌ و هه‌ر به‌ پاره‌ی كڕیاره‌كانیش پرۆژه‌كانیان ته‌واو كردووه‌.

ئه‌م جۆره‌ سه‌رمایه‌داره‌ هه‌ڵتۆقیوانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی قه‌زاری حكومه‌تن، قه‌رزاری خه‌ڵكیشن، به‌ ناوی پشكداركردنی هاوڵاتیانه‌وه‌، پاره‌یان له‌ خه‌ڵك وه‌رگرتووه‌ و دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كه‌دا هیچ سودێكیان به‌ خاوه‌ن پشكه‌كان نه‌داوه‌.

ئه‌م جۆره‌ سه‌رمایه‌دارانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نه‌ك قازانجیان بۆ ئابوری هه‌رێم نه‌بووه‌ به‌ڵكو له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ زیانی گه‌وره‌شیان به‌ ئابوری هه‌رێم گه‌یاندووه‌، نه‌ باج به‌ حكومه‌ت ده‌ده‌ن، نه‌ ده‌رفه‌تی كاری ئه‌وتۆیان دروست كردووه‌ كه‌ له‌ ئاستی ئه‌و سه‌رمایه‌ زۆره‌دا بێت كه‌ له‌ ئێستادا هه‌یانه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك خاوه‌نی یه‌ك ملیار دۆلار بێت به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ده‌توانێت نزیكه‌ی پێنج هه‌زار ده‌رفه‌تی كار بۆ هاوڵاتیان بڕه‌خسێنێت، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر بێت و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌دان ملیۆن دۆلاره‌ی ئه‌وان له‌ كه‌رتی نیشته‌جێبووندا خه‌واندوویانه‌، بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵدا ته‌رخان كرابا، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا ده‌یتوانی به‌رگه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ قورسه‌ ئابورییه‌ بگرێت.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە440