ئابووری

هه‌رێم: گرێبه‌ستێكی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ نه‌وت ئاشكرا ده‌بێت

حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌وتی‌ كێڵگه‌ی‌ شێخان به‌ 22 دۆلار كه‌متر له‌ نرخی‌ خۆی‌ ده‌داته‌ كۆمپانیایه‌ك

حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌راجكردنی‌ نه‌وتی‌ كوردستان، به‌پێی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی‌ ده‌ست KNN كه‌وتو‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان نه‌وتی‌ كێڵگه‌ی‌ شێخان به‌ 22 دۆلار كه‌متر له‌ نرخی‌ خۆی‌ ده‌فرۆشێت به‌ كۆمپانیای‌ " گه‌ڵف كی‌ بستۆن پترۆلیۆم"، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێویسته‌ كابینه‌كه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ و قوباد تاڵه‌بانی‌ بۆ ده‌رهێنانی‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌و كێڵگه‌یه‌ زیاتر له‌ 12 دۆلار بداته‌ كۆمپانیاكه‌.

حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ئه‌وه‌نده‌ كاری‌ خراپ و ژێر به‌ژێریان هه‌یه‌، یه‌كێك بیه‌وێ رۆژ نیه‌ به‌ڵگه‌ی‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ ده‌ست نه‌كه‌وێت، ئه‌وه‌تا له‌ دوایین رێككه‌وتنی‌ ئه‌وان كه‌ ئاشكرا بووه‌، هه‌رزانفرۆشكردنی‌ نه‌وتی‌ كیڵگه‌كانی‌ شێخانه‌.

به‌پێی‌ هه‌ژمارێكی‌ بۆرسه‌ی‌ له‌نده‌ن كه‌ له‌ 16ی‌ كانونی‌ دووه‌می‌ 2018 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی‌ شكستخواردووی‌ هه‌رێم، رێككه‌وتنێكی‌ له‌ 1ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2017 بۆ ماوه‌ی‌ 14 مانگ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ وه‌به‌رهێنه‌ری‌ (گه‌ڵف كی بستۆن پترۆلیۆم) سه‌باره‌ت به‌ كێلگه‌ی‌ نه‌وتی‌ شێخان واژۆ كردووه‌.

به‌ پێی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌رێم نه‌وت به‌ 22 دۆلار كه‌متر له‌ نرخی‌ خۆی‌ به‌و كۆمپانیاكه‌ ده‌فرۆشێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێچو‌وی ده‌رهێنانی نه‌وتی كێڵگه‌كانی شێخان دراوه‌ به‌ كۆمپانیاكه‌.

هاوڵاتیان به‌س ئێوه‌ سه‌یر بكه‌ن، كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كه‌ رۆژانه‌ 40 هه‌زار به‌رمیل له‌كێڵگه‌ی‌ شێخانه‌وه‌ ده‌رده‌هێنێت، بزانه‌ بۆ مانگی كانونی دووه‌می ساڵی 2018 له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا تێكڕای نرخی نه‌وتی برێنت 68 دۆلار بووه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ چه‌ند نه‌وتی‌ ئه‌م كێڵگه‌یه‌ی‌ فرۆشتووه‌.

سه‌ره‌تا حكومه‌تی هه‌رێم به‌رمیلێك نه‌وتی شێخان كه‌ به‌ 22 دۆلار كه‌متر داوه‌ به‌كۆمپانیاكه‌، له‌ 68 دۆلار  ته‌نها (46) دۆلاری‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ تێچو‌وی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ كێڵگه‌كه‌وه‌ بۆ فیشخابور له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ له‌سه‌ری‌ بڕی (4) دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت خه‌رج بكات، به‌و پێیه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌وت 68 دۆلار بوو له‌و مانگه‌دا حكومه‌ت ته‌نها 42 دۆلاری‌ بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، ئاخر ئه‌م تاڵانكردنی‌ نه‌وته‌ بۆچی‌ و كێ لێی‌ به‌رپرسیاره‌؟

هاوڵاتیانی‌ سته‌م لێكراوی‌ كوردستان، دیسانه‌وه‌ ته‌ماشای‌ ئه‌م ئاماره‌ بكه‌ن، حكومه‌ت  مانگانه‌ بڕی (15) ملیوَن دۆلار وه‌ك كرێی تێچوی ده‌رهێنانی نه‌وتی‌ كێڵگه‌كانی شێخان له‌سه‌ری‌ ده‌كه‌وێت و ده‌یداته‌ كۆمپانیای‌ (گه‌ڵف كی بستۆن پترۆلیۆم) به‌و پێیه‌ش مانگانه‌ یه‌ك ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار به‌رمیل له‌م كێڵگه‌یه‌ ده‌رده‌هێنرێت، بۆیه‌ كرێی‌ ده‌رهێنانی‌ هه‌ر به‌میلێك 12.5 دۆلار له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم ماڵه‌، به‌وه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ بازاڕه‌كاندا هه‌ربه‌رمیلێك نه‌وت به‌ 68 دۆلاریش بوو بێت، ته‌نها 29.5 دۆلار بۆ هه‌رێم ده‌مێنێته‌وه‌.

تۆ سه‌یر بكه‌ن تاڵانی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم هه‌ر به‌مه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، ئاغاكانی‌ نه‌وت، به‌س بۆ ده‌ستكه‌وتنی‌ دۆلاره‌ حه‌یاته‌كه‌یان، چیان به‌سه‌ر نه‌وتی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ هێنا، ئاشتی  هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان ده‌ڵێت: نه‌وتی كوردستان به‌ (8) دۆلار كه‌متر له‌ نرخی نه‌وتی برێنت له‌ بازاره‌كانی  جیهاندا ده‌فرۆشرێت، كه‌واته‌  ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی هه‌رێم له‌ نه‌وتی‌ شێخان ده‌ستی‌ ده‌كه‌وێت بۆ یه‌ك به‌رمیل (21.5) دۆلاره‌، ئاخر چ ره‌وای‌ حه‌قه‌ نه‌وت وا تاڵان فرۆش ده‌كه‌ن.

هێشتا ماویه‌تی‌، تۆ سه‌یری‌ بكه‌ن بۆ به‌رمیلێك دوو دۆلار وه‌ك دانه‌وه‌ی‌ ئه‌و قه‌رزه‌ ده‌داته‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌، كه‌واته‌ بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی‌ شێخان حكومه‌تی‌ هه‌رێم ته‌نها 19.5 دۆلاری‌ ده‌ستی‌ ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر له‌ بازاڕدا نه‌وت به‌ 68 دۆلار بێت حكومه‌ته‌ شكستخواردووه‌كه‌مان 19.5 دۆلاری‌ ده‌ست ئه‌كه‌وێت، ئه‌رێ‌ پێمان ناڵێن گه‌ر له‌به‌ر پڕكردنی‌ گیرفانه‌ بێ‌ بنه‌كانتان نه‌بێ ئه‌م هه‌ڕاج فرۆشییه‌ بۆ؟

تۆ له‌وه‌ بگه‌ڕێن ئه‌وه‌ تاڵان فرۆشییه‌، ئه‌ی‌ داهاتی‌ ئه‌و نه‌وته‌ هه‌ڕاج فرۆشكراوه‌ له‌ كوێیه‌، ئاخر مه‌عقول چیه‌ نه‌وتی‌ وڵات هه‌ڕاج فرۆش ده‌كه‌ن، كه‌چی‌ به‌شی‌ میله‌ته‌ ره‌ش و ر‌ووته‌كه‌ش هه‌ر ناده‌ن؟


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە589