ئابووری

هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی مالیكی: نابێت پشكی هه‌رێم له‌ 12% زیاتر بێت له‌ بودجه‌دا

فۆتۆ: ئه‌رشیف‌

ده‌نگوباسه‌كان له‌باره‌ی گفتوگۆكانی نێو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2018 به‌ره‌و توندبونه‌وه‌ ده‌چێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پشكی هه‌رێم له‌و بودجه‌ گشتیه‌دا بوه‌ته‌ به‌شێك له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت.

حكومه‌تی عه‌بادی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ و هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، راسته‌وخۆ له‌ به‌غداوه‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی 2018ی ئاماده‌كردووه‌ و ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كردووه‌، ئه‌وه‌ش "ته‌نها نیگه‌رانیی" لای حكومه‌تی هه‌رێم دروستكردووه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ هیچ هه‌نگاوێكی جدی بنێن بۆ راگرتنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ره‌هایه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌وه‌ش به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تی.

به‌هۆی نزیكبونه‌وه‌ی كاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ بڕیاره‌ له‌ (12/5/2018) ئه‌نجام بدرێت، فراكسیۆنه‌ عێراقییه‌كان پێشبڕكێیانه‌ بۆ فشاردروستكردنی زیاتر له‌سه‌ر كورد، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا لیسته‌كه‌ی نوری مالیكی له‌نێو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا كه‌ خۆیان به‌ ركابه‌ری لیسته‌كه‌ی عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌زانن، فشار ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی پشكی كورد له‌ بودجه‌دا نابێت له‌ 12% زیاتر بێت.

عه‌دنان ئه‌سه‌دی، سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا (سه‌ر به‌ نوری مالیكی) له‌ لێدوانێكدا ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند؛ رێژه‌ی 12%ی بودجه‌ شیاوه‌ بۆ هه‌رێم، ئه‌وه‌ش به‌پێی سه‌رژمێریی دانیشتوان، ناشبێت هیچ رێژه‌یه‌كی دیكه‌یان بۆ زیادبكرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك.

ئه‌سه‌ندی وتی؛ هه‌رێم خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت رێژه‌ی پێشوو (17%) بگێڕنه‌وه‌، ئێمه‌ش زۆر راشكاوانه‌ پێیان ده‌ڵێین، ئه‌و خه‌ونه‌ چیتر نایه‌ته‌دی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك.

وتیشی؛ "كۆده‌نگییه‌ك له‌نێو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا هه‌یه‌ كه‌ هیچ رێژه‌یه‌كی زیاتر نه‌درێته‌ هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ی مافی سه‌رژمێریی دانیشتوان، هه‌ر رێژه‌یه‌كی دیكه‌ش قسه‌ی له‌سه‌ر كرابێت له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر نادرێت".

ئه‌و لێدوانه‌ی ئه‌سه‌دی له‌كاتێكدایه‌، كه‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن؛ له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مشه‌وی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراقدا (سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران) فشار له‌سه‌ر عه‌بادی بووه‌ بۆئه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم زیادبكات، عه‌بادیش به‌شێوه‌ی زاره‌كی به‌ڵێنی داوه‌ ئه‌گه‌ر كورد به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ بكه‌ن، له‌ساڵی داهاتودا یه‌ك ملیار دینار ده‌خاته‌وه‌ سه‌ر پشكی هه‌رێم.

پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق له‌ 48 ماده‌ پێكهاتوه‌ و به‌شێكی زۆر له‌و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ مافی كورده‌وه‌ هه‌یه؛ به‌ده‌ر له‌ خواستی هه‌رێم په‌سه‌ندكراون، ئێستاش په‌رله‌مان له‌ دانیشتندایه‌ بۆ په‌سه‌ندكردنی بڕگه‌ و ماده‌كانی دیكه‌ی پڕۆژه‌كه‌.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە544