ئابووری

هێشتا داهاتی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم هه‌ر نادیاره‌

یه‌كێتی‌ و پارتی‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ چه‌وتیان له‌گه‌ڵ سامانی‌ نه‌وت كردووه‌
سیاسه‌تی‌ چه‌وتی‌ ئه‌و دوو حزبه‌ هه‌رێمی‌ گه‌یاندووه‌ به‌م ڕۆژه‌  


نه‌وت, ئه‌و سامانه‌ سروشتیه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ندێك وڵاتدا بوه‌ته‌ نیعمه‌ت و هۆكاری‌ گه‌شه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان, به‌ڵام له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هۆی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ چه‌وتی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ و مامه‌ڵه‌كردنی‌ حزبیی و بنه‌ماڵه‌یی‌ له‌گه‌ڵیدا ئه‌و سامانه‌ گرنگه‌ بوه‌ته‌ هۆی‌ هێنانی‌ نه‌هامه‌تیی‌ بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان و ده‌وڵه‌مه‌ندبونی‌ چه‌ند كه‌سانێك له‌نێو بنه‌ماڵه‌و حزبدا.

سیاسه‌تی‌ هه‌ڵه‌ی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كایه‌كانی‌ حوكمڕانیی‌ له‌هه‌رێم له‌نێویاندا دۆسیه‌ی‌ نه‌وت, بوه‌ته‌ هۆی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبونی‌ كۆمپانیا شه‌خسیی‌‌و حزبیی‌ و بنه‌ماڵه‌ییه‌كان, گه‌لیش هه‌ژار و نه‌دارو بێ موچه‌و  به‌بنبه‌ستبونی‌ هه‌موو بواره‌كانی‌ ژیان و په‌یوه‌ندی‌ سیاسی‌ له‌گه‌ڵ به‌غداو له‌ده‌ستدانی‌ خاكی‌ هه‌رێم و شكاندنی‌ هه‌یبه‌تی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی‌ كوردستان. 

به‌ ڕای‌ ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان  دۆسیه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌ ده‌ست باندێكی‌ مافیادایه‌و ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌رو حكومه‌ت و یاساو دامه‌زراوه‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌یه‌, یه‌كێتی‌ و پارتی‌ نه‌وتیان كرده‌ به‌ڵایه‌ك بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان و كردیانه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهات بۆ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ گه‌نده‌ڵ.

سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت: له‌ گه‌رمه‌ی‌ قه‌یرانی‌ دارایدا دزینی‌ نه‌وت به‌بۆری‌ و ته‌نكه‌ر به‌رده‌وامه‌, چه‌ند جارێك وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانیان له‌و ڕاستیانه‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌, به‌ڵام ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی‌  به‌سه‌ر ئه‌و مافیایانه‌ی‌ نه‌وتدا نییه‌, چونكه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر گواستنه‌وه‌و كڕین و فرۆشتن و حیمایه‌ی‌ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كاندا گرتووه‌ پشتئه‌ستورن به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌كته‌ب سیاسی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌.

به‌وته‌ی‌ سۆران عومه‌ر زۆربه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ پشكیان له‌پاڵاوتن و فرۆشتنی‌ نه‌وتدا هه‌یه‌و مانگانه‌ پاره‌ی‌ ملیۆنه‌ دۆلاری‌ خۆیان به‌كاشی‌ وه‌رده‌گرن, ده‌شڵێت ده‌توانین بڵێین كۆمه‌ڵێك مافیا ئاسا ده‌ستیان به‌سه‌ر نه‌وتی‌ هه‌رێمدا گرتووه‌و بونه‌ته‌ مه‌ترسیی‌ بۆ سه‌ر ئاینده‌ی‌ خه‌ڵك, ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتوشێتی‌ هۆڵه‌ندیه‌كان به‌مانگا ئه‌ژین, چونكه‌ خاوه‌نی‌ سیسته‌م و كه‌سانی‌ دڵسۆزو پاكن, ئێمه‌ش نه‌وتمان هه‌یه‌, به‌ڵام وامیله‌ته‌كه‌مان له‌ برسا ده‌مرێت, چونكه‌ خاوه‌نی‌ حكومڕانی‌ مافیایین.

سۆران عومه‌ر ده‌شڵێت ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌واشه‌كارییه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ‌و پارتی‌ گرتیانه‌به‌ر له‌سیاسه‌تی‌ هه‌ڵه‌یان به‌رامبه‌ر سامانی‌ نه‌وت, بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌كۆنترۆڵی‌ نه‌وت له‌ده‌ست خۆیان بمێنێته‌وه‌و به‌كه‌یفی‌ خۆیان داهاته‌كه‌ی‌ ببه‌ن, چه‌ند ساڵێكیشه‌ داهاتی‌ ئه‌و سامانه‌ گرنگه‌ی‌ هه‌رێم به‌ نادیاری‌ ماوه‌ته‌وه‌.

له‌دوای‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ هه‌نارده‌ی‌ چیمه‌نتۆ و شیش به‌م دواییانه‌ش مریشك و چه‌ندین كاڵاو به‌رهه‌می‌ دیكه‌ بۆ ناوخۆی‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو كه‌می‌ كردووه‌و یه‌كێتی‌ و پارتی‌ جگه‌ له‌زیانی‌ گه‌وره‌ به‌ئابوریی‌ هه‌رێم و خه‌ڵكی‌ كوردستان, ده‌یانه‌وێ ئاگری‌ شه‌ڕی‌ تائیفیی‌ كوردو عه‌ره‌ب و پێكهاته‌كانی‌ دیكه‌ خۆش بكه‌ن, بۆ ئه‌وه‌ی‌ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانیان بشارنه‌وه‌ له‌هه‌موو بواره‌كانی‌ حوكمڕانیی‌ و دزینی‌ سامانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌و له‌ده‌ستدانی‌ خاك.

یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌بواری‌ نه‌وتدا ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ هه‌ردوو پاڵاوگه‌ی‌ نه‌وته‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانی كه‌له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ ته‌واوكران، دواتر حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی به‌سه‌رداگرتن و به‌ موڵكی دران به‌ دوو كۆمپانیای یه‌كێتی و پارتی، به‌پێی زانیاریه‌كانی‌ KNN ئه‌و پاڵاوگانه‌ رۆژانه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌پاڵێون و به‌شێك له‌ نه‌وتی سپی ئه‌و پاڵاوگانه‌ ره‌وانه‌ی وڵاتانی دراوسێی هه‌رێم ده‌كرێت، هه‌ندێك جاریش هه‌ر ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌رێم له‌و وڵاتانه‌وه‌و له‌لایه‌ن كۆمپانیا ئه‌هلیه‌كانه‌وه‌ به‌ دوو قات ده‌كڕدرێته‌وه‌و ده‌هێنرێته‌وه‌ هه‌رێم و به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت. 

شاره‌زایانی‌ ئابوریی‌ رایده‌گه‌یه‌نن كۆمپانیاكانی حزب  له‌رێگای بازرگانیی ناشه‌رعیی به‌نه‌وت و به‌نزینه‌وه‌و ئاڵوگۆڕكردنی له‌نێوان ئێران و توركیادا مانگانه‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار قازانج ده‌كه‌ن. 

زیاتر له‌ 3 ساڵ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ نه‌وتی‌ كێڵگه‌كانی‌ ئاڤاناو بای‌ حه‌سه‌نیان فرۆشت كه‌ به‌رهه‌میان 260 هه‌زار به‌رمیل بوو, 165 هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه‌ی‌ جه‌مبورو خه‌بازو بابه‌گوڕگوڕ و جگه‌ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم و عه‌ین زاله‌, به‌ڵام ڕوبعه‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمیان پێنه‌درا. 

به‌هۆی‌ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ نه‌ك هه‌ر له‌دۆسیه‌ی‌ نه‌وتدا, به‌ڵكو له‌سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانی‌ دیكه‌دا, هه‌رێمی‌ گه‌یاندووه‌ به‌م قه‌یران و نه‌هامه‌تیانه‌.   

- تا پێش ڕوداوه‌كانی‌ 16 ئۆكتۆبه‌ر هه‌رێم ڕۆژانه‌ 650 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ ده‌فرۆشت, به‌ڵام به‌هۆی‌ ڕوداوه‌كانی‌ 16 ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌رێم نزیكه‌ی‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ له‌ده‌ستدا.
- هه‌رێم كیڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ عه‌ینزاله‌و به‌تمه‌و مه‌خموریشی‌ له‌ده‌ستدا كه‌به‌رهه‌میان ڕۆژانه‌ 40 هه‌زار به‌رمیل بوو
- به‌رهه‌می‌ ڕۆژانه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌دوای‌ 16 ئۆكتۆبه‌ر زیاتر له‌ 300 هه‌زار به‌رمیله‌و داهاته‌كه‌شی‌ نادیاره‌. 
- به‌رهه‌می‌ كێڵگه‌ی‌ ته‌ق ته‌ق 20 هه‌زار به‌رمیل و حه‌سیره‌ له‌ گه‌رمیان 6 هه‌زار به‌رمیله‌.
- به‌رهه‌می‌ كێڵگه‌ی‌ تاوگێ‌ له‌ زاخۆ ڕۆژانه‌ 110 هه‌زار به‌رمیل و شێخانیش 40 هه‌زار به‌رمیله‌.
- به‌رهه‌می‌ كێڵگه‌ی‌ خورمه‌ڵه‌ش 105 هه‌زار به‌رمیله‌و له‌ژێر ده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌و به‌غداش داوای‌ ده‌كات, ئه‌گه‌ر كێڵگه‌ی‌ خورمه‌ڵه‌ بكه‌وێته‌وه‌ ده‌ست عێراق به‌رهه‌می‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم بۆ 180 هه‌زار به‌رمیل كه‌مده‌بێته‌وه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە237