عێراق؛ كەمكردنەوەی هاوردەكردنی سووتەمەنی بە رێژەی لەسەدا 25
حكوومەتی عێراق بە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی بەرووبوومە نەوتییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ لە پاڵاوگەكان، بە رێژەی لەسەدا 25 هاوردەكردنی سووتەمەنی كەم دەكاتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند؛ حكوومەت هاوردەكردنی بەرووبوومە نەوتییەكان بەرێژەی لەسەدا 25 كەمدەكاتەوە و هۆكارەكەشی بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی بەرووبوومە نەوتییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ لە پاڵاوگەكاندا، گەڕاندووەتەوە.
لە روونكردنەوەیەكدا، وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لعێبی رایگەیاند، كەمكردنەوەی هاوردەكردنی بەرووبوومە نەوتییەكان، بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی ژمارەیەك لەو پاڵاوگەنە دەگەڕێتەوە كە پێشتر بە هۆی شەڕی دژ بە داعش زیانیان بەركەوتبوو.
هەر چەندە جەبار لعێبی وادەی كەمكردنەوەی هاوردەكردنی بەرووبوومە نەوتییەكانی ئاشکرانەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا كە پرۆسەی بەرهەمهێنان لە پاڵاوگەكانی وڵات دەستی پێكردووەتەوە كە بە هۆیەوە بەرهەمی نیشتمانی زیادیكردووە.
وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشكردووە كە بە هۆی دابینكردنی پێدوایستییەكانی بەرهەمهێنانی غازی شل، هاوردەكردنی غاز كەمكراوەتەوە، هەروەها وەگەڕخستنەوەی یەكەكانی بەرهەمهێنان لە پاڵاوگەكانی حەدیسە و سینییە لە پارێزگای ئەنبار، گەیارە لە پارێزگای نەینەوا و کەرکووک لە پارێزگای كەركووک بەرهەمهێنانی سوومەتەنیش زیادی كردووە.
حكوومەتی عێراق ساڵانە، بە بەهای پێنج ملیار دۆلار بەرووبوومە نەوتییەكان هاوردە دەكات بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی لە سووتەمەنی دابین بكات.
خوێندراوەتەوە293