ئابووری

به‌هۆی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بودجه‌ بۆ حه‌شدی شه‌عبیش زیادكرا

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بڕی یەك ترلیۆن دیناری عێراقی بۆ پشكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان زیاد ده‌كات، به‌ڵام دواتر حه‌شدی شه‌عبیش ده‌خرێته‌ ناو بڕیاره‌كه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی پێویستی په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ و كورد به‌ده‌ستبهێنێت.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید لە لێدوانێكیدا لە بارەی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018ی عێراق و زیادكردنی ئەو بڕە پارەیەوە زیاتر دوا و وتی: "لە دواین كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لەسەر ئەوە رێكکەوتین كە بڕی پارەی یەدەگی لەناكاو ببێتە سێ‌ ترلیۆن دینار و بەشێك لەو یەدەگە دابنرێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بە هۆی مەرجی ئەوانەوە كە دایان نابوو بۆ چوونەوەی ئێمە بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بوودجە نەگەیشتینە ئەنجام، ئەوەش جۆرێك لە شەرعیەت دان بوو لە لایەن هێزە كوردییەكانەوە بەو كەمكردنەوەیە".

ئەو وتی: "ئەمڕۆ جارێكی تر ئەو بڕگەیە باس كراوەتەوە كە بڕگەكە سەد لەسەد بەخواستی ئێمە نەبووە، چونكە هێزەكانی حەشدی شەعبیش نیگەرانییان هەیە لەگەڵ حكوومەتدا، بۆیە كە ئەو ترلیۆن دینارە زیادكراوە بۆ قەرەبووی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە و باسی مووچەی حەشدی شەعبیشی تیاداكراوە"،

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌مین به‌كر، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ دیجیتاڵ میدیای KNNی راگه‌یاند؛ ئه‌و ترلیۆنه‌ی زیادكرا له‌ژێر به‌ڵێنی حه‌یده‌ر عه‌بادی بوو كه‌ به‌ لیسته‌ كوردستانیه‌كانیدا ئه‌گه‌ر به‌شداری ده‌نگدان بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كان بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌یان كردبوو، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نه‌خرابوه‌ یاساكه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ له‌ رێگای بڕیارێكی راستكردنه‌وه‌وه‌ داوامانكرد ئه‌و ترلیۆنه‌كه‌ش بخرێته‌وه‌ ناو یاسای بودجه‌كه‌، به‌ڵام له‌كاتی ده‌نگداندا ره‌زامه‌ندی پێویستی به‌ده‌ستنه‌هێنا، هه‌ر بۆیه‌ دوای گفتوگۆكردن بڕیاردرا كه‌ له‌ بودجه‌ی یه‌ده‌گی فریاگوزاریی (ئیحتیاتی ته‌واری) 3 ترلیۆن دینار بۆ بودجه‌ی كوردستان و حه‌شدی شه‌عبی خه‌رج ده‌كرێت كه‌ پێشتر ته‌نها 2 ترلیۆن بوو.

لە بارەی دەنگۆی بڕیاری سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بۆ رەوانەكردنی مووچەی مامۆستایانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی پارێزگاكان یان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكانەوە بۆ دابەشكردنی بە بێ‌ ئەوەی ئەو پارەیە رادەستی حكوومەتی هەرێم بكرێت، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند؛ لە لایەن پەرلەمانتارێكی لیستی شیعەكانەوە ئەو هەواڵەی پێ راگەیەنراوە و لە ئێستادا سەرقاڵی بەدواداچوونی ئەو بڕیارەن.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەوەشی وت "پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی ساڵی 2018ی عێراق پێرێ لە پەرلەمان پەسەندكرا و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو دەچێتە بەردەم سەركۆمار بۆ واژووكردنی، ئەگەر لە ماوەی 15 رۆژدا واژووی نەكات ئەوا پڕۆژەكە بەپەسەندكراو هەژمار دەكرێت، چونكە سەركۆمار دەسەڵاتی ئەوەی نییە پڕۆژەكە رەوانەی پەرلەمان بكاتەوە".

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1064