ئابووری

هه‌رێم؛ حكومه‌ت بۆری نه‌وتی فرۆشت

وته‌بێژی حكومه‌ت: فرۆشتنی بۆری نه‌وتی هه‌رێم كارێكی ئاساییه‌
وته‌بێژی حكومه‌ت: فرۆشتنی بۆری نه‌وت له‌ دونیادا كارێكی ئاساییه‌
KNN به‌دواداچوون بۆ لێدوان وته‌كانی سه‌فین دزه‌یی ده‌كات
به‌پێی به‌دواداچونێكی KNN: هیچ وڵاتێكی جیهان بۆری نه‌وته‌كه‌ی نه‌فرۆشتووه‌


حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆری نه‌وتی (كوردستان- به‌نده‌ری جه‌یهانی) به‌ كۆمپانیای رۆس نه‌فت فرۆشت، سه‌فین دزه‌ییش ده‌ڵێت: فرۆشتنی بۆری نه‌وتی هه‌رێم كارێكی ئاساییه‌ و له‌ دونیادا باوه‌، به‌پێی به‌دواداچونێكی KNN یش ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كابینه‌ی هه‌شت هاوشێوه‌ی نیه‌ له‌ سه‌ر ئاستی رووی زه‌وی.

ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆری نه‌وتی هه‌رێم- به‌نده‌ری جه‌یهانی فرۆشت به‌ كۆمپانیای رۆس نه‌فت به‌ یه‌ك ملیارو 800 ملیۆن دۆلار، كه‌ ده‌كاته‌ 180 هه‌زار ده‌فته‌ر دۆلار، نه‌كه‌س ده‌زانێت بۆچی فرۆشتیان و نه‌كه‌سیش ئاگاداری پاره‌كه‌یه‌تی.

به‌پێی یاساش ده‌بوایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرایه‌، كه‌چی سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت: فرۆشتنی بۆری نه‌وتی هه‌رێم كارێكی ئاساییه‌.

جه‌نابی دزه‌یی KNN چوار رۆژه‌ به‌دواداچوون بۆ لێدوانه‌كه‌ی تۆ ده‌كات، دوای گه‌ڕانێكی زۆر هیچ گرێبه‌ستێكمان نه‌دۆزیه‌وه‌ كه‌ تێیدا حكومه‌ت بۆری نه‌وتی وڵاته‌كه‌ی به‌ كۆمپانیایه‌كی بیانی فرۆشتبێت، ته‌نانه‌ت له‌ وڵاتانی ئه‌فریقاش گرێبه‌ستی له‌و شێوه‌یه‌ نیه‌.

با ئێمه‌ بۆت روون بكه‌ینه‌وه‌، گرێبه‌ستی نێوان وڵاتان و كۆمپانیاكان ته‌نها له‌ دوو چوارچێوه‌یه‌دایه‌ یه‌كه‌میان راكێشانی بۆری نه‌وتی له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ساڵی 2011 كردتان و 400 ملیۆن دۆلارتان دایه‌ كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئێنه‌رجی توركی له‌ به‌رامبه‌ر راكێشانی بۆریه‌كی نه‌وت له‌ كێڵگه‌كانی ته‌ق ته‌قه‌وه‌ و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ بۆری نه‌وتی كه‌ركوك- جه‌یهان.

به‌شه‌كه‌ی تری گرێبه‌سته‌كان تایبه‌تن به‌ چاككردنه‌وه‌ی بۆری نه‌وت له‌كاتی تێكچوونیدا له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی دیاری كراو به‌بڕێك پاره‌ و به‌ گرێبه‌ستێك كه‌ كاتێكی دیاری كراوی هه‌یه‌.
به‌ڵام نه‌بو‌وه‌ حكومه‌ت بۆری نه‌وته‌كه‌ی بفرۆشێت و دواتر له‌ به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌ی نه‌وت پاره‌ بداته‌ كۆمپانیایه‌كی بیانی.

جه‌نابی وته‌بێژی حكومه‌ت، به‌شی دووه‌می گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت سه‌باره‌ت به‌ بۆری گواستنه‌وه‌،  له‌ نێوان وڵاتان ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌گه‌ڵ توركیا كردتان كه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌ربه‌رمیلێك 5 دۆلار ده‌ده‌نه‌ حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی ستانداری جیهان له‌نێوان 1 بۆ 3 دۆلاردایه‌.

با ئێمه‌ بپرسین حكومه‌تێك چۆن تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ قوتی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ده‌خاته‌ ده‌ستێكی‌ نادیار و بێگانه‌وه‌، ئاخر له‌ كوێی‌ دونیا بووه‌ قوڕ قوڕاگه‌ی‌ بژێوی‌ هاوڵاتییه‌كانی‌ بخاته‌ ناو په‌نجه‌ و ده‌ستی‌ وڵاتێكی‌ ده‌ره‌وه‌ و كه‌سیش نه‌توانێ لێپرسینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ بكات و پێتان بڵێ بۆچی‌ ئه‌و كاره‌تان كرد، باشه‌ گه‌ر ئه‌و گرێبه‌سته‌ به‌و شێوه‌یه‌ی‌ كه‌ ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ سه‌ری‌ نه‌گرت، ئه‌وكاته‌ هاوڵاتیان په‌نا بۆ چ لایه‌نێك ببه‌ن بۆ چاره‌كه‌ موچه‌كه‌تان و چۆن شیر و دایبی‌ منداڵه‌كه‌ی‌ بۆ په‌یدا بكرێت.

ئه‌و هێڵی گواستنه‌وه‌یه‌ی ئێوه‌ ئێستا 180 هه‌زار ده‌فته‌ر دۆلارتان له‌ فرۆشتنی وه‌رگرتووه‌ تا پێش ر‌ووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر رۆژانه‌ زیاتر له‌ 700 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی لێوه‌ هه‌نارده‌كراو و  توانای هه‌ر دوو بۆریه‌كه‌ش یه‌ك ملیۆن و 600 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌یه‌، و بۆری یه‌كه‌میان ساڵی 1977 و ئه‌وه‌ی دووه‌میان ساڵی 1987 ته‌واوبووه‌، به‌درێژترین بۆری نه‌وتی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ عێراق داده‌نرێن.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە3844