ئابووری

یاسین مەحمود: كەرتی وەبەرهێنان لە گەشەیەكی گەورەوە بەرەو پووكانەوە هەنگاو دەنێت

 كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵدا گۆڕانكاری گەورە و پێچەوانەوە بەخۆوە دەبینێت و لەوبارەوە وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت "ئەم كەرتە لە گەشەیەكی گەورەوە بەرەو پووكانەوە و لەناوچوون هەنگاو دەنێت". 

قەیرانی دارایی و ئابووری چەند ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستان كاریگەری گەورەی لەسەر هەموو كەرتەكان هەبووە، كەرتی ئابووری و بازرگانی لەنێویاندا كەرتی وەبەرهێنان پشكی گەورەیان لەو زیانانە بەركەوتووە و ژمارەیەكی زۆر سەرمایەدار و وەبەرهێنەر و بەڵێندەر و خاوەن كۆمپانیاكان لە میانی ئەو چەند ساڵەدا، مایەپووچ بوونی خۆیان راگەیاندووە.

یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان باس لە رەوشی ئێستای وەبەرهێنان و كاریگەری بەردەوامی دۆخی دارایی و ئابووری لەسەر ئەو كەرتە و كاریگەری بودجەی ساڵی 2018ی عێراق لەسەر وەبەرهێنانی هەرێم دەكات.

 یاسین مەحمود رایدەگەیەنێت، "رەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان بەگشتی و وەبەرهێنان بەتایبەتی لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا ( 2015 تا 2018 ) لە رەوشێكی ناسەقامگیردایە و ئابووری هەرێمی كوردستان شڵەژاوییەكی زۆر گەورەی بەخۆوە بینی كە چاوەڕوان نەكراوبوو و لە ئێستادا وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان تەنها ناوی ماوە و ناوەڕۆكی وەبەرهێنان پووكانەوەیەكی گەورەی بەخۆوە بینیوە. لە ئێستاشدا كە هیچ پڕۆژەیەك جێبەجێ‌ ناكەین هۆكارەكەی بازاڕی هەرێمی كوردستان و رەوشەكەیە كە بۆ خۆی هانی وەبەرهێنەر نادات لەناوخۆ و دەرەوە بێت پڕۆژە پێشكەش بكات بەتایبەت پڕۆژە ستراتیجییەكان".

دەشڵێت "ئەوەی ئێمە زیاتر پێی كاریگەرین وەك وەبەرهێنەران ئەوەیە كە پڕۆژە تەواوبووەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو لەناوچوون دەڕوات، بەو پێیەی عێراق لەو سیاسەتانەی پیادەی دەكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەت دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم هەوڵ دەدات پڕۆژەكان بووەستن یان بیبات بۆ لای خۆی كە لەلای خۆی تۆمار بكرێت و لە لیستەكانی ئێمەی كەرتی تایبەت یان دامودەزگاكانی حكومەت رەش بكرێتەوە، ئەوەش حاڵەتێكی چاوەڕوان نەكراوە كە عێراق جگە لە شەڕی سیاسی شەڕێكی ئابووری سەخت لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات بە پەكخستنی فڕۆكەخانەكان و داخستنی خاڵە سنوورییەكان و جێگیركردنی خەڵكانێكی نامۆ لە خاڵە سنوورییەكانی نێوان هەردوولا، ئەوەش وای كردووە كە وەبەرهێنەر هێندە تووشی دڵەڕاوكێ‌ بووە كە ئێستا ناوێرێت لە هەرێمی كوردستان پڕۆژە جێبەجێ‌ بكات".

یاسین مەحمود هەروەها گوتی: "وەبەرهێنان ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خاوبوونەوەی زۆر گەورەدایە و لە كەوتندایە، ئەو وەبەرهێنەرانەشی كە ماونەتەوە و توانای جێبەجێكردنی پڕۆژەیان هەیە روویان لە شارەكانی عێراق كردووە، عێراق باشترین وەبەرهێنەرەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ خۆی بردووە، ئێستا لە هەرێمی كوردستان هۆتێلە پێنج ئەستێرەییەكان كە دروستمان كردن و جێگای شانازی بوون بۆ هەرێمی كوردستان بەرەو داخستن دەڕۆن و شەوانە هۆتێل هەیە لە شاری سلێمانی دە ژوور نادات بەكرێ‌، بەم شێوەیەش مانگانە زیانی 100 هەزار دۆلاری لێدەكەوێت لە بەرامبەردا هۆتێلەكانی بەغدا بەر ناكەون". 

وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەران ئاماژەی بەوەکرد "رەوشی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بەجددی پێویستی بەوە هەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری و ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە هەڵوەستەی جددی لەسەر بكات و دانیشتنی بەپەلەی بۆ بكات، چونكە وەبەرهێنەرانی هەرێم كە سەرمایەی نیشتمانی هەرێم بوون، ئێستا گیرۆدەن بەدەست ئەو پڕۆژانەی كە ساڵانێكە رەنجی لەگەڵ دەدەن، ئەمڕۆ كەرتی تایبەت بە بێ‌ خاوەن ماونەتەوە".

ساڵی 2013 بە ساڵی گەشەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت و قەبارەی وەبەرهێنان لەو ساڵەدا گەیشتە زیاتر لە 13 ملیار دۆلار، بە پێچەوانەوە وەك گوتەبێژەكەی وەبەرهێنەران دەڵێت "2017 ساڵی پاشەكشەی گەورەی وەبەرهێنان و ساڵی رەشی وەبەرهێنەران بوو، لەو ساڵەدا وەبەرهێنان بە هەموو سێكتەرەكانییەوە لە هەرێمی كوردستان كەوت. لە ساڵی 2013 دا، 730 هەزار هەلی كارمان هەبوو لە كەرتی تایبەتدا، بەڵام لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان 90 لەسەدی هەلی كارمان لەدەستداوە".

 یاسین مەحمود تیشکی خستە سەر ئەوەی لە دوای رزگاركردنی مووسڵ لە داعش و لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەدا، چاوەڕوانی ئەوەیان دەكرد ئاسانكارییان بۆ بكرێت و وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان لە پێشەوە بن بۆ بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، بەڵام بەگوتەی ئەو حكوومەتی عێراقی كێشە و لەمپەر بۆ كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات لە بەشداریكردن لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و وەرگرتنی تەندەرەكانی پڕۆژەكانی شارەكەدا.

لە بەشێكی دیکەی لێدوانەكەیدا و لە بارەی كاریگەری پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018ی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان كە رۆژی شەممەی رابردوو پەسەندكرا، یاسین مەحمود باس لە دەركەوتنی كاریگەری زیاتری بوودجەكە دەكات و بە نیگەرانییەوە دەڵێت "بەداخەوە ئیرادەی زۆرینە لە عێراقێكی فرەنەتەوە زاڵ بوو بەسەر ئیرادەی كەمینە، هەرچەندە فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا یەكهەڵوێست بوون لەبەرامبەر لایەنەكانی تردا، بەڵام نەیانتوانی بەرامبەر بە زۆرینە لە عێراقدا خواستەكانی هەرێمی كوردستان لە بوودجەدا جێگیر بكەن، كارەسات لە دوای پەسەندكردنی بوودجەكەوەیە، بەو بوودجەیەی پەسەند كرا مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت چاوەڕوانی مووچەكانیان بە پاشەكەوتەوە بكەن بە دوو مانگ تا سێ‌ مانگ جارێك بە هۆی كەمی ئەو رێژەیەی بۆ هەرێم دانراوە، هەروەها لەو بوودجەیەی پەسەند كراوە ئەو بەشەی بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە بوودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی تیادا نییە و بۆ چوار ساڵی داهاتووش هەرێم بە بێ‌ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەڕێدەكات".


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە320