حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌ڵێنده‌ران: هیچ پاره‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان
بانكی نێوده‌وڵه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم ناچار ده‌كات كار به سیسته‌مێكی نوێ بۆ پرۆژه‌كان بكات
دوای 4 مانگ له وه‌ستانی سلفه‌ی مانگانه, حكومه‌تی هه‌رێم به به‌ڵێنده‌رانی ڕاگه‌یاندووه كه هیچ پاره‌یه‌ك نییه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان, ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه نزیكه‌ی هه‌زار كۆمپانیای به‌ڵێنده‌رایه‌تی مایه‌پووچ بوون و ده‌یان هه‌زار كه‌سیش له‌و كه‌رته بێكاربوون, بانكی نێوده‌وڵه‌تیش حكومه‌تی هه‌رێمی ناچار كردووه كار به سیسته‌مێكی جیهانی بۆ پرۆژه‌كان بكات, كه تیایدا ڕێگری له قۆرخكاری و گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان و پرۆژه فرۆشتنه‌وه ده‌كرێت.
كاركردن به یاسایه‌كی كۆنی ته‌مه‌ن 50 ساڵه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه بۆ پرۆژه‌كان له‌ساڵانی ڕابردودا ده‌رگای به‌ڕوی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان و قۆرخكاری كۆمپانیا حزبیه‌كان كرده‌وه, له‌ژێر فشاری بانكی نێوده‌وڵه‌تیدا وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم ناچاركراوه كار به سیسته‌مێكی جیهانی بۆ پرۆژه‌كان بكات له داهاتوودا, به‌رپرسانی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌ران ده‌ڵێن پرۆژه‌كه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی ڕێگری له گه‌نده‌ڵی و قۆرخكاری و به‌هه‌ده‌ردان ده‌كات.
چوار مانگه حكومه‌تی هه‌رێم سلفه‌ی مانگانه‌ی پرۆژه‌كانی به‌ڵێنده‌رانی خه‌رج نه‌كردووه و پێی ڕاگه‌یاندون كه هیچ بڕه پاره‌یه‌كیان نییه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان, ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه دۆخی به‌ڵێنده‌ران له‌و په‌ڕی خراپیدایه‌و هێشتا مانگانه باجێكی زۆریان له‌دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت لێوه‌رده‌گیرێت.
به‌پێی ئاماره‌كان له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی داراییه‌وه نزیكه‌ی هه‌زار كۆمپانیای به‌ڵێنده‌رایه‌تی مایه‌پوچ بون و ده‌یان هه‌زار كه‌سیش كاره‌كانیان له‌ده‌ستداوه, نزیكه‌ی 5 هه‌زار پرۆژه‌ی جۆراوجۆریش له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كاندا كاركردن تیایاندا وه‌ستاوه‌و به‌شێك له پرۆژه ته‌واونه‌كراوه‌كانیش تێكچونه‌ته‌وه.
خوێندراوەتەوە297