هه‌رێم: له دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمه‌وه كه‌رتی پیشه‌سازی ڕوبه‌ڕوی چه‌ندین كێشه بوه‌ته‌وه
له دوای ڕیفراندۆمه‌وه حكومه‌تی عێراق گومرگی له‌سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌رێم داناوه
به‌هۆی دانانی گومرگ له سه‌ر به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه ئاڵوگۆڕی بازرگانی 50% كه‌میكردووه, زیادكردنی باج و ڕسومات و كرێی كاره‌با و سوته‌مه‌نی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه چه‌ندین كێشه‌ی بۆ كه‌رتی پیشه‌سازی دروستكردووه و نزیكه‌ی هه‌زار كارگه له هه‌رێم كێشه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان دروست بووه.
سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی و وه‌ستانی پرۆژه‌كان و خه‌رجنه‌كردنی سلفه‌ی به‌ڵێنده‌ران كه زیانی گه‌وره‌ی به‌كه‌رتی پیشه‌سازی هه‌رێم گه‌یاند, هاوكات زیادكرنی باج و ڕسومات و كرێی كاره‌با و سوته‌مه‌نی به‌شێكی تری ئه‌و كێشانه‌ن كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه له ساڵی 2017 دا بۆ كه‌رتی پیشه‌سازی و بازرگانی دروست كرا, له‌دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمیشه‌وه به‌غداد گومرگی له‌سه‌ر به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم داناوه و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه له باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق دروستكردووه.
به‌پێی ئاماره‌كان نزیكه‌ی هه‌زار كارگه‌ی گه‌وره و بچوك و مامناوه‌ند له هه‌رێمی كوردستان له‌كاردان و به‌هۆی ئه‌و كارگانه‌وه هه‌لی كار بۆ زیاتر له 20 هه‌زار كه‌س ڕه‌خساوه, به‌شێك له‌كارگه گه‌وره‌كانی وه‌ك چیمه‌نتۆ و ئاسن له 30 %به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ناوخۆ ساغده‌كه‌نه‌وه و له 70 % به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌نارده‌ی شاره‌كانی باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌كه‌ن.
خوێندراوەتەوە460