هه‌رێمی كوردستان: حكومه‌ت به یاسایه‌كی هه‌ڵوه‌شاوه باج زیاد ده‌كات
سلێمانی: ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دانیشتنێكی خۆی تایبه‌ت ده‌كات به پرسی زیادكردنی باجه‌كان
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ زیادكردنی باج و رسومات له‌سه‌ر هاوڵاتیان، پشتی به‌یاسایه‌كی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی سه‌رده‌می به‌عس به‌ستوه، بۆ راگرتنی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت له پارێزگای سلێمانی ژماره‌یه‌ك له رێكخراوه‌كان سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایان كرد، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بڕیاریداوه دانیشتنێكی خۆی تایبه‌ت بكات به‌و پرسه.
جارێك زیادكردنی سزای سه‌رپێچی هاتووچۆ و جارێكی تر بڕیاری وه‌رگرتنی پاره‌ی خۆڵ و خاشاك.. دواین بڕیار دوو هێنده‌كردنی باج و ڕسوماته‌كانه له‌سه‌ر هاوڵاتیان, ئه‌مه چیرۆكی كابینه‌ی هه‌شتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و پیاوه‌یه كه 17 ساڵه له هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندایه.
ئه‌مانه نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ك رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نین هاتون بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و ده‌یانه‌وێت په‌یامێك به ئه‌نجومه‌ن بگه‌یه‌نن، ئه‌ویش ره‌تكردنه‌وه‌ی زیادكردنی باجه‌كان له‌سه‌ر هاوڵاتیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌یه‌وێت دانیشتنی داهاتوی خۆی ته‌رخان بكات بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی پرسی زیادكردنی باجه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌نجومه‌ن راسپێدراون به‌دواداچون بۆ كه‌یسه‌كه بكه‌ن له‌ڕوی یاسایبون و نایاسایبونییه‌وه.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی, بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ زیادكردنی باجه‌كان به نایاسای ناوده‌بات و ده‌ڵێت له ساڵی 2016 ئه‌وبڕیاره له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه.
بۆ په‌رده‌پۆشكردنی شكست و شاردنه‌وه‌ی قه‌یرانه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی، حكومه‌تی هه‌رێم بۆ زیادكردنی باجه‌كان له‌سه‌ر هاوڵاتیان په‌نای بردوه‌ته یاسایه‌ك كه ساڵی 1963 و له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كاندا ده‌رچوه و ئه‌و یاسایه ساڵی 2016 له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراقه‌وه هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه.
خوێندراوەتەوە701