هه‌رێم: به‌پێی داتای سامانه سروشتییه‌كان ملیارێك و 162 ملیۆن دۆلار داهاتی نه‌وت نادیاره
KNN داتاكانی هه‌نارده‌ی نه‌وت به وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان ئاشكراده‌كات
وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان بڕی هه‌نارده‌ی چوار مانگی رابردووی نه‌وت بڵاوده‌كاته‌وه، به‌ڵام داهاته‌كه‌ی ئاشكرا ناكات، به‌پێی به‌دواداچوونێكی KNN و به لێكدان و به‌راوردكردنی ژماره‌كانی خودی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان، داهاتی نه‌وت له‌و چوار مانگه‌دا زیاتره له دوو ملیار دۆلار، له كاتێكدا ته‌نها مالیارێك دۆلار دراوه به مووچه، واته زیاتر له یه‌ك ملیار دۆلار دیار نیه.
له‌م راپۆرته‌دا زانیاری زیاتر ده‌خرێته‌ڕوو...
دوابه‌دوای راپۆرتێكی KNN له‌سه‌ر هه‌نارده و داهاتی نه‌وتی هه‌رێم له ماوه‌ی 87 رۆژی كۆتایی ساڵی رابردودا، وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان دوای چوار مانگ له بێده‌نگی و رۆژی هه‌ینی و له كاتی پشووی فه‌رمی فه‌رمانبه‌رانیدا و به‌بێ هیچ بۆنه‌یه‌ك، ئاماری هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی له ماوه‌ی چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2017 دا ئاشكرا كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌ك به پاره و داهاتی نه‌وته فرۆشراوه‌كه و نرخی هه‌ر به‌رمیلێكی نه‌وت بدات، به‌ڵام KNN به لێكدان و به‌راوردكردنی ژماره‌كان خودی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان، داهاتی نه‌وت له‌و چوار مانگه‌دا به‌م شێوه‌یه ئاشكرا ده‌كات.
ئاماری وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان:
*مانگی 9 رۆژانه 514 هه‌زار و 54 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌كراوه، كه ده‌كاته 15 ملیۆن و 582 هه‌زار به‌رمیل
*مانگی 10 رۆژانه 384 هه‌زار و 659 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌كراوه، كه ده‌كاته 11 ملیۆن و 924 هه‌زار به‌رمیل
*مانگی 11 رۆژانه‌ی 252 هه‌زار‌و 301 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌كراوه، كه ده‌كاته حه‌وت ملیۆن و 569 هه‌زار به‌رمیل
*مانگی 12 رۆژانه 263 هه‌زار و 542 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌كراوه، كه ده‌كاته هه‌شت ملیۆن و 169 هه‌زار به‌رمیل
به‌پێی ئه‌م ژمارانه بێت كه هی خودی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانه، هه‌رێم له‌و چوار مانگه‌دا بڕی نه‌وتی 43 ملیۆن و 244 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی فرۆشتووه، داهاته‌كه‌شی ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رمیلێك لانی كه‌م به 50 دۆلار فرۆشرابێت، ده‌كاته 2 ملیار و 162 ملیۆن و 200 هه‌زار دۆلار.
به‌پێی داتای وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان:
* هه‌رێمی كوردستان له چوار مانگی رابردوودا 43 ملیۆن و 244 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی فرۆشتووه
* داهاتی ئه‌و 43 ملیۆن به‌رمیله‌ش ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رمیلێكی به 50 دۆلاریش فرۆشرابێت، ده‌كاته دوو ملیار و 162 ملیۆن و 200 هه‌زار دۆلار
* هه‌رێم له‌و ماوه‌یه‌دا دوو چاره‌كه مووچه‌ی داوه‌ته فه‌رمانبه‌ران كه بڕه‌كه‌ی ملیارێك دۆلار بووه، به‌وه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت بڕی ملیارێك و 162 ملیۆن دۆلار پاره‌ی نه‌وت نادیاره
* هه‌رێم جگه له‌و دوو ملیار و 162 ملیۆنه‌ی نه‌وت، له‌و ماوه‌یه‌شدا مانگانه بڕی 100 ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆی هه‌بووه و بۆ خه‌رجی حكومه‌ت به‌كاریهێناوه.
بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئاماره بێ پاره‌یه‌ی نه‌وتی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان له كاتێكدایه كه پێشتر KNN، به‌پشت به‌ستن به ژماره‌كانی سایتی چاودێریی كه‌شتییه بارهه‌ڵگره‌كانی نه‌وت، هه‌نارده و داهاتی 87 ڕۆژی كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ ی ئاشكراكردبوو، كه له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌رێم بڕی ٢٩ ملیۆن و ٧٧١ هه‌زار و ٧٢٧ به‌رمیل نه‌وتی فرۆشتووه. ئێستا نرخی نه‌وت ٦٨ دۆلاره، گریمان ئه‌گه‌ر تێكڕا هه‌ر به‌رمیلێك ٥٠ دۆلاریشی مابێته‌وه، ئه‌وا داهاتی نه‌وت له‌و ماوه‌یه‌دا یه‌ك ملیار و ٤٨٨ ملیۆن دۆلاره. ٣٥ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیش ڕۆژانه ده‌درێته پاڵاوگه‌كانی كه‌ڵه‌ك و بازیان و دوكان و داهاتی به‌ده‌ستهاتوو له‌و 35 هه‌زار به‌رمیله‌ش ١٥٤ ملیۆن دۆلاره. به‌مه‌ش كۆی داهاتی به‌ده‌ستهاتووی نه‌وت یه‌ك ملیار و ٦٤٢ ملیۆن دۆلاره.
خوێندراوەتەوە581