رێژه‌ی ئه‌و زیانه‌ی هه‌رێم له داخستنی مه‌رزی په‌روێزخان و حاجی ئۆمه‌ران لێی كه‌وتووه
دوای 79 ڕۆژ له داخستنیان به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ردوو مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان و حاجی ئۆمه‌رانی به‌ڕوی بازرگانان و هاوڵاتیاندا كرده‌وه, به‌هۆی داخستنه‌كه‌شیانه‌وه زیانی زیاتر له 100 ملیۆن دۆلار به هه‌رێم كه‌وتووه و نزیكه‌ی 5 هه‌زار بازرگان و شۆفێر و كرێكاریش له‌و ماوه‌یه‌دا بێكاربون, به‌ڕای بازرگانانیش زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی له داخستنی مه‌رزه‌كان ئێران بووه و ئه‌و بڕیاره‌ش به قازانجی توركیا شكاوه‌ته‌وه.
له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراق له دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌رێمی كوردستان, له 14 تشرینی یه‌كه‌م سه‌رجه‌م ده‌روازه سنوریه‌كانی نێوان هه‌رێم و ئێران داخران.
دوای نزیكه‌ی 2 هه‌فته مه‌رزی باشماخ كرایه‌وه, له دوای تێپه‌ڕبونی 79 ڕۆژ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان و حاجی ئۆمه‌رانیش به‌ڕوی بازرگانان و هاوڵاتیاندا كرانه‌وه.
داخستنی هه‌ردوو مه‌رزی په‌روێزخان و حاجی ئۆمه‌ران بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 3 مانگ زیانی زیاتر له 100 ملیۆن دۆلاری به هه‌رێمی كوردستان گه‌یاند و زۆر له‌و ژماره‌یه زیاتریش زیانی به ئێران گه‌یاندووه,به‌وته‌ی به‌رپرسانی یه‌كێتی هاورده و ناردنكارانی هه‌رێمی كوردستان داخستنی مه‌رزه‌كان به قازانجی توركیا شكاوه‌ته‌وه و به‌شێك له‌و بازرگانانه‌ی گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كارگه‌كانی ئێران هه‌بووه دوای داخستنه‌كه ڕوویان له توركیا كردووه.
به پێی ئه‌و داتایانه‌ی ده‌ست KNN كه‌وتووه نزیكه‌ی 5 هه‌زار بازرگان و شۆفێری بارهه‌ڵگر و كرێكار له هه‌ردوو مه‌رزی په‌روێزخان و حاجی ئۆمه‌ران كار ده‌كه‌ن و له‌ماوه‌ی 3 مانگی ڕابردودا زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه, ئه‌وه جگه له وه‌ی له دیوی قه‌سری شیرین و پیرانشاریش هه‌زاران كه‌س به هۆی داخستنی مه‌رزه‌كانه‌وه بێكاربون و كۆمپانیا‌و كارگه‌كانی ئێرانیش زیانی ده‌یان ملیۆن دۆلاریان به‌ركه‌وتووه.
خوێندراوەتەوە828