عێراق

عێراق؛ هەموو ئەگەرەكان كراوەیە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌

چاودێران: سەدریەكان لە ژێر هەژمونی ئێران و ئەمریكادا نین ‌

چاودێران: سەدریەكان لە ژێر هەژمونی ئێران و ئەمریكادا نین 
 
لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئاشكرابوونی  قەبارەی راستەقینەی لایەنە سیاسیەكانی شیعە, لەئێستادا قسە لەسەر شێواز و ئەگەرەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق دەكرێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو, هەموو ئەگەرو پێشهاتەكانیش باس لەوە دەكەن سەدریەكان زۆر چاویان لەپۆستەكە نیە, هێندەی دەیانەوێت تێڕوانینیان بۆ حوكمڕانیی بخەنەڕوو و پێگەی سیاسیی و جەماوەرییان بەهێزتر بكەن.  

هەر چەندە ئیئتیلافی سائیرون بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر براوەی هەڵبژاردنەو دەنگێكی زۆری بەدەستهێناوەو هەموو ئەگەرەكان باس لەوە دەكەن ئەوان رۆڵیان دەبێت لەدیاریكردنی سەرۆك وەزیری نوێدا, بەڵام پێناچێت ئیئتیلافەكەی سەدر زۆر چاوی لەو پۆستە بێت، هێندەی دەیەوێت پێگەی سیاسی و جەماوەریی خۆی لەرێگەی تارمایی و سێبەری بەسەر ئەو پۆستەو سەرۆك وەزیری داهاتوو هەبێت, چونكە لەحكومەتی رابردووشدا سەدریەكان زۆر چاویان لەپۆست نەبوو, هێندەی دەیانویست بەرنامەو تێڕوانینیی خۆیان بۆ پرۆسەی سیاسی بخەنەڕوو و پێگە جەماوەرییەكەیان لەدەست نەدەن و لەگەڵ شەقام بمێننەوە, پشتیوانیشیان لەلابردنی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران كە پۆستێكی لای ئەوان بوو, بەڵگەی ئەو راستیەیە. ئەو راستیەش دەردەخات كە لەماوەی چەند ساڵی رابردو  سەدرییەكان پێیان باش بووە لەناو جەماوەردا بن, نەك  لەدەسەڵات.

بە بڕوای چاودێران یەكێك لەفاكتەرەكانی زیاتر بەهێزبونی پێگەی جەماوەریی سەدریەكان, نەچونە ژێر هەژمونی ئێران و ئەمریكایە. 

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی نوسیوێتی, بردنەوەی ئیئتیلافی سائیرون هەموو حساباتی ئەمریكاو ئێرانی لەعیراق تێكداوە, هەر چەندە سەدریەكان ئەگەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیری خولی رابردووش دابنێنەوە لەپۆستەكەیدا، بەڵام دەبنە بەربەست و بێزاریی بۆ ئەمریكیەكان. 

رۆژنامەی فۆرین حۆلیسی ئەمریكیش نوسیویەتی, ئەوە یەكلا بوەتەوە سەرۆك وەزیری نوێ لەزۆرینەی شیعە دەبێت, ئەگەر عەبادیش نەبێت ئەوا كەسێك دەبێت هاوسەنگیی لەنێوان عیراقیەكان و كۆمەڵی نێودەوڵەتیی رادەگرێت. 

رۆژنامەكە ناوی 10 كەسی بڵاوكردەوەتەوە كە زۆرترین چانسیان هەیە ببنە سەرۆك وەزیرانی نوی،َ  كەئەمانەن: حەیدەر عەبادی و عەلی دەوای لازم پارێزگاری میسان كە بەكەسایەتیی سەدریەكان دەناسرێت, هادی عامری و عەلی عەلاوی و نوری مالكی و ساڵح حەسناوی وەزیری پێشووی تەندروستی كە ئەویش هەر كەبەكاندیدی سەدریەكان دادەنرێت, عادل عەبدولمەهدی و تارق نەجم بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و  زیا ئەسەدی سەرۆكی پێشووی كوتلەی ئەحرار لەپەرلەمان.   

هەر چەندە موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لەتویتێكدا رایگەیاندووە, ئەوان لەگەڵ حكومەتێكی تەكنۆكراتدان و حكومەتی ئایندە دەبێتە سەرچاوەی قوتی گەل, بەڵام دواجار گفتوگۆ و دانوستانی نێوان لیستە براوەكانی هەڵبژاردن لەچەند رۆژی داهاتوودا, خاڵی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ شێوازی پێكهێنانی حكومەتی ئایندەو بەرنامەو تێڕوانینی ئەو حكومەتە.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1377