عێراق

چیرۆكی عێراقییه‌كان دوای 15ساڵ له‌ پرۆسه‌ی ئازادی

عێراقییه‌كان چاوه‌ڕێبوون دوای رووخانی سه‌دام له‌خۆشبه‌ختیدا بژین ‌

عێراقییه‌كان چاوه‌ڕێبوون دوای رووخانی سه‌دام له‌خۆشبه‌ختیدا بژین 
تیرۆر و شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و گه‌نده‌ڵی ژیانی عێراقییه‌كان تاڵتركرد




چیرۆكی عێراقییه‌كان له‌دوای 9ی نیسانی 2003ه‌وه‌  هه‌روه‌ك چۆن پڕیه‌تی له‌چیرۆكی خۆش و رزگاربوون له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن، ئاوه‌هاش سه‌دان چیرۆكی تراژیدی و خه‌مهێنه‌ر بوونی هه‌یه‌، شه‌ڕی تائیفی و ته‌قینه‌وه‌و گه‌نده‌ڵی و كوشتن و بڕین به‌شێكی دانه‌بڕاون له‌چیرۆكی عێراقییه‌كان، بۆنمونه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك (ئه‌بو عه‌لی) كه‌ شۆفێری ته‌كسیه‌ له‌به‌غدا به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ 3 كوڕی له‌ده‌ستداوه‌، كه‌یه‌كێكیان ته‌نها چوار رۆژی مابووه‌ هاوسه‌رگیری بكات.


 (ئه‌بو عه‌لی)ی هاوڵاتیه‌كی ته‌مه‌ن 60 ساڵه‌ و خه‌ڵكی شاری به‌غدایه‌، ئۆتۆمبیلی ته‌كسی پێیه‌ ئه‌و كاته‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام روخێنرا  ئه‌بو عه‌لی وه‌ك زۆرینه‌ی عێراقیه‌كان دڵخۆشبوو به‌نه‌مانی ئه‌و دیكتاتۆره‌، هیواخوازیشبوو ژیانێكی خۆش به‌سه‌ر به‌ربێت، به‌ڵام هه‌موو هیواكانی بوون به‌كابوس، ئه‌ویش كاتێك به‌هۆی دروستبونی شه‌ڕی تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌وه‌ له‌نێوان ساڵه‌كانی 2006 تا 2008، سێ كوڕی به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراوه‌ ده‌كوژرێن.


هه‌ر سێ كوڕه‌كه‌ی (ئه‌بو عه‌لی) له‌ته‌قینه‌وه‌ خوێناوییه‌كانی ناوچه‌ی (كه‌ڕاده‌) له‌ساڵی 2007 و ساڵانی دواتردا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و یه‌كێكیان ته‌نها 4 رۆژی مابووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خێزان پێكه‌وه‌بنێت، ئه‌بو عه‌لی به‌دڵێكی پڕ حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت : هه‌میشه‌ ده‌چم بۆ سه‌ر گۆڕه‌كانیان، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك یاخود ده‌ رۆژێك جارێكـ، له‌وێ هه‌ستده‌كه‌م زیندون و به‌چوار ده‌ورمه‌وه‌ داده‌نیشن، ئێستاش دۆخی عێراق چاوه‌ڕوانی باشه‌ی لێناكرێت، كه‌س بیر له‌گه‌ل ناكاته‌وه‌، هه‌موو لایه‌ن و حزبێك هه‌ڵپه‌ی كورسی خۆیانه‌.


رۆژی 9ی نیسانی 2003، دوای 22 رۆژ سوپای ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ سه‌ر رژێمی حزبی به‌عس له‌عێراق، له‌گۆڕه‌پانی فیرده‌وسی شاری به‌غدا، په‌یكه‌ره‌كه‌ی سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی ئه‌و رژێمه‌ هێنرایه‌ خواره‌وه‌و كۆتایی به‌سه‌رده‌مێك هات و له‌و رۆژه‌ به‌دواوه‌ ژیانی عێراقییه‌كان گۆڕانكاری گه‌وره‌و جۆراوجۆری به‌سه‌ردا هات.


ئاژانسی فرانس پرێس له‌راپۆرتێكدا به‌بۆنه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی رووخانی ئه‌و رژێمه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات به‌رووخانی رژێمی سه‌دام كۆتایی به‌و ئابڵوقه‌ ئابوورییه‌ هات كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ به‌سه‌ر عێراقدا سه‌پاندبووی، به‌و جۆره‌ش نزیكه‌ی 34 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی گه‌ڕانه‌وه‌ ناو گه‌مه‌ی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی داهاتی تاكی نزیكه‌ی 8 ملیۆن كه‌س نزیكه‌ی 3 دۆلاری رۆژانه‌یه‌، له‌كاتێكدا عێراق دووه‌م وڵاتی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وتی رێكخراوی ئۆپیكه‌ و داهاتی ناوخۆیی گه‌یشتۆته‌ 171 ملیار دۆلار.


(قه‌یس)ی ته‌مه‌ن 42 ساڵ له‌گۆڕه‌پانی فیرده‌وس له‌ ساڵی 2003 سه‌رتاشخانه‌ی هه‌بووه‌، ئه‌و ئه‌وكات ته‌مه‌نی (27) ساڵ بووه‌،  باس له‌وه‌ده‌كات تا سه‌دام مابوو هه‌موبه‌یانیه‌ك كه‌ دوكانی ده‌كرده‌وه‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی ده‌بینی، به‌ڵام له‌رۆژی 9ی نیسان ده‌ڕواته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌و له‌رێگای شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ی روخانی په‌یكه‌ره‌كه‌ ده‌بینێت، قه‌یس ده‌ڵێت : بڕوام وابوو سه‌دام بڕوخی یانه‌كانی شه‌وان و چێشتخانه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌و به‌ئازادی سه‌ردانی هه‌موو جیهان ده‌كه‌ین، به‌ڵام واده‌رنه‌چوو.


عه‌بدولسه‌لام سامر 28 ساڵه‌ مامۆستای كۆلیژی راگه‌یاندنه‌، ئه‌و كه‌ هاوڕێیه‌كی به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌ له‌ده‌ستداوه‌، به‌فرانس پرێسی وت: هه‌موو داموده‌زگاكانی وڵات توشی زیان بوون، ئێمه‌ هیواداربووین له‌دوای به‌عس گۆڕانكاری له‌خوێندنی باڵادا رووبدات و نه‌وه‌كان رزگاریان بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ واده‌رنه‌چوو، هه‌موو شتێك تێكچو.


هه‌ربه‌پێی راپۆرته‌كه‌ی فرانس پرێس عێراق له‌گۆڕینی سه‌رچاوه‌كانی داهاتدا شكستی هێناوه‌و تا ئێستا ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 99 پشت به‌ نه‌وت ده‌به‌ستێت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهات و له‌ساڵی 2003ه‌وه‌ تائێستا عێراق نزیكه‌ی 800 ملیار دۆلاری به‌ده‌ستكه‌وتوه‌، به‌ڵام 312 ملیار دۆلاری به‌گه‌نده‌ڵی به‌هه‌ده‌ر دراوه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە246