نوسینگه‌ی عه‌بادی: توركیا به‌بێ ره‌زامه‌ندی عێراق هیچ ئۆپه‌راسیۆنێك ئه‌نجام نادات
حه‌یده‌ر عه‌بادی‌و بینالی یه‌ڵدرم په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق‌و بیناڵی یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا پرسی په‌كه‌كه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان تاوتوێده‌كه‌ن.
نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكرده‌وه، دره‌نگانێكی شه‌وی رابردو، عه‌بادی‌و یه‌ڵدرم په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامداوه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا به عه‌بادی راگه‌یاندوه، كه وڵاته‌كه‌ی رێز له‌سه‌روه‌ری خاكی عێراق ده‌گرێت‌و هیچ ئۆپه‌راسیۆنێكیش به‌بێ ره‌زامه‌ندی به‌غدا له دژی په‌كه‌كه ئه‌نجامناده‌ن.
عه‌بادی، یه‌ڵدرمی دڵنیا كردوه‌ته‌وه له‌وه‌ی، كه هێزه‌كانی عێراق ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ته‌واوی وڵات‌دا هه‌یه‌و رێگه‌ناده‌ن له عێراقه‌وه هیچ ده‌ستدرێژییه‌ك بكرێته سه‌ر توركیا.
له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنیه‌كه‌دا، هه‌ردوولا پرسی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم‌و په‌یوه‌ندییه ئابوریی‌و بازرگانییه‌كانی نێوانیان تاوتوێكردوه.
هه‌ردوولایان جه‌ختیان له‌سه‌ر هاوكاری نێوان هه‌ردوو وڵات كردوه‌ته‌وه له رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه، هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیران پرسی په‌كه‌كه‌یان تاوتوێكردوه‌و توركیا چاوه‌ڕوانی عێراق ده‌كات رێوشوێنی پێویست دژی په‌كه‌كه بگرێته‌به‌ر.
هه‌روه‌ها عه‌بادی‌و یه‌ڵدرم پرسی وزه‌و په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی نێوانیان تاوتوێكردوه.
خوێندراوەتەوە233