عێراق

لەبارەی چۆنێتی دیاریکردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق

بڕیارە هاوڵاتیانی عێراق مانگی ئایاری داهاتوو بڕۆنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و پەرلەمانێكی نوێ و سەرۆكوەزیرانێكی نوێ دیاریبكەن، بەڵام بەدرێژای پرۆسە هەڵبژاردنیەكانی عێراق لەدوای ساڵی 2003ەوە تائێستا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان سەرۆكوەزیرانی دیاری نەكردووە، بەڵكو ئەمریكا و ئێران رۆڵی گرنگیان گێڕاوەو بەڕازی بوونی هەردولایان كەسێك بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانكراوە.

هەرچەندە وابڕیارە هاوڵاتیان و دەنگدەرانی عێراقی لەرۆژی 12ی ئایاری داهاتوو دەنگ بە لایەنی سیاسی  بەدڵخوازی خۆیان بدەن و لەرێگای لیستی براوەی هەڵبژاردنەوە سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق بۆ ماوەی 4 ساڵی ئایندە دیاریبكەن، بەڵام بەپێی مێژووی دەستنیشانكردن و مێژووی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكانی دوای ساڵی 2003ەوە، ئەوەی دەبێتە سەرۆكوەزیرانی عێراق مەرج نیە هەمان ئەو كەسە بێت كە خەڵكی دەنگی پێدەدەن، كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە كێ دەبێتە سەرۆكوەزیران..؟ یاخود ئەگەر روونتر بپرسین كێ سەروەكوەزیران دەستنیشاندەكات؟ ئەمریكا یان ئێران..؟.

دوابەدوای داگیركردنی عێراق لەلایەن هێزە ئەمریكییەكانەوە لەساڵی 2003و رووخانی رژێمەكەی سەدام حسێن، سیستەمێكی سیاسی نوێی پەرلەمانی و حكومی جیاواز لەسیستەمی پێشوو هاتە كایەوە، ئەگەر جاران سەرۆكوەزیران تەنها رۆڵێكی كارتۆنی هەبوایە، ئەوا لەدوای ئەو پرۆسەیەوە پۆستی سەرۆكوەزیرانی بوو بەدڵی پرۆسەی سیاسی عێراق و شەڕی لایەنە سیاسیەكان و  وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر ئەو پۆستە بەنهێنی و بەئاشكرا دەستیپێكرد بەتایبەتیش لەنێوان ئەمریكا و ئێران.

گۆڤاری (نیویۆركەر)ی ئەمریكی لەراپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەكردووە هەرچەندە لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی كانونی دووهەمی 2005 هاوپەیمانێتی شیعەكان زۆرینەی دەنگەكانیان بەدەستهێناو كاندیدەكەیان (ئیبراهیم جەعفەری) بوو، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی ئەمریكا و كورد و بەشێك لەهێزە سونیەكان (جەعفەری) لابرا و لەبری ئەو (نوری مالیكی) دانرا و ئێرانیش ڤیتۆی لەسەری نەبوو.

گۆڤارەكە ئەوەشی خستۆتە روو، سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا (جۆرج بۆش) بەئاشكرا لەجەعفەری ناڕازیی بووەو داوای لە (زەڵمای خەلیل زاد)ی باڵوێزی ئەوكاتی ئەمریكا كردووە لەعێراق، جەعفەری دووربخەنەوە، ئەوەبوو جەعفەری دوورخرایەوەو مالیكی دانرا.

لەهەڵبژاردنەكەی ساڵی  2010ش، دوای ئەوەی لیستی (عێراقیە) كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكرد، هەرچەندە 91 كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت كە یەكەم لیستی پەرلەمان بوو، بەڵام نەبوو بەسەرۆك وەزیران.

(نیویۆركەر) دەنوسێت: دوای ئەوەی عەلاوی زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێناو چاوەڕوانی سەرۆك وەزیرانی بوو، بەڵام بەهۆی ئێرانەوە نەكرا بەسەرۆك وەزیران، بەجۆرێك لەرێككەوتنێكی نهێنی نێوان هێزە شیعەكان و جەنەڕاڵ قاسمی سلێمانی لە شاری قوم، بڕیاردرا بۆجاری دووهەم مالیكی ببێتەوە بەسەرۆك وەزیران و ئەمریكاش ڤیتۆی لەسەری نەبوو.

لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ساڵی 2014ش، دوای هاتنی داعش و لەدەستدانی نیوەی خاكی عێراق، هەرچەندە مالیكی زۆر هەوڵیدا بۆ جاری سێهەم ببێتەوە بەسەرۆكوەزیران، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی ئەمریكا و كورد و هێزە سوننیەكانەوە، جارێكی تریش ئەمریكا و ئێران بەنێوەندگیری عەلی شەمخانی گەورە بەرپرسی ئێران، توانرا قەناعەت بەمالیكی بهێنرێت خۆی كاندیدنەكاتەوەو لەبری ئەو (حەیدەر عەبادی) ببێتەوە سەرۆك وەزیران.

لەدواین لێدوانیشدا (حەیدەر عەبادی) بەگۆڤاری (تایم)ی ئەمریكی راگەیاندووە ئەو رێز لەهاوكارییەكانی هەریەكە لەئەمریكا و ئێران دەگرێت بۆ عێراق، بەڵام داوایان لێدەكات گرفتەكانیان بەدووربگرن لەو وڵاتە و نەیكەن بەگۆڕەپانی ململانێی نێوانیان.

هاوكات نوسەرو لیكۆڵیار هیشام ئەلهاشمی، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ (KNN) ئاماژە بەوەدەكات بەپێی هاوكێشەی واقیع، ئەمریكا بەهێزترین و ئێرانیش مەترسیدارترین هێزە لەهەڕەشەدا لەناو عێراق، هەربۆیە هیچ سەرۆكوەزیرانێك نیەو نابێت لەعێراقدا ئەگەر بەتەنسیقی نێوان ئەمریكا و ئێران دانەنرێت.

هاشمی ئەوەشدەخاتەروو هەر لەساڵی 2005ەوە تائێستا هیچ هەڵبژاردنێك رۆڵی لەدانانی سەرۆكوەزیرانی عێراقدا نەبووە.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە248