لەمانگی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت
چاودێران: لەم هەڵبژاردنەدا بانگەشەی نەتەوەیی و مەزهەبی و تائیفی باڵادەستی لەدەستداوە
رۆژنامەیەك: هەڵبژاردن لەعێراق بووەتە مەراسیم و هیچ ناگۆڕێت
لەمانگی ئایاری داهاتوو عێراق پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە كە ئەویش كاركردنی خولێكی نوێی پەرلەمانی و دامەزراندنی كابینەیەكی نوێی حوكمڕانییە، بەبۆچونی هەندێك لەچاودێرانی سیاسیش هەم پەرلەمانەكەی چوارساڵی داهاتوو جیاواز دەبێت، هەم حكومەتەكەش جیاوازدەبێت ،هاوكات ئەو بۆچونانەش كەم نین كە پێیان وایە هیچ گۆڕانكارییەك لەهەڵبژاردنەكانی عێراقدا روونادات ئەویش بەهۆی باڵادەستی مەزهەب و گرووپە چەكدارە جیاوازەكانەوە.
ئەگەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی رابووردوو و پێگەی حیزبە سیاسییەكانی عێراق لەناو خولەكانی پێشووی پەرلەماندا لەبەرچاوبگرین و یادی خۆمانی بخەینەوە، ئەوا ئەوەی دەیبنین بەدرێژایی ئەو ساڵانە خیتابی حەماسی و تائیفی و مەزهەبی لەسەرانسەری عێراقدا باڵادەستبووە، بەجۆرێك هەر ئەمەش بووەتە هۆكاری دابەشبوونی دەنگی دەنگدەران و دیاریكردنی كاندیدەكانیان بەپێوەری نەتەوەیی و مەزهەبی و تائیفی.
بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانی سیاسی لەم هەڵبژاردنەی داهاتوو زۆربەی هاوكێشەكان گۆڕاون و بەشێكی زۆری هێزە سیاسیە تەقلیدییەكانی عێراق دووركەوتونەتەوە لە خیتابی نەتەوەیی و تائیفی و مەزهەبی، تەنانەت ئەگەر جاران هاوپەیمانێتی شیعەكان بەجیاو هاوپەیمانی هێزە سونیەكان بەجیاو هاوپەیمانی كوردستان هەبووبن، لەئێستادا ئەو چەمكانە نەماون و لیست و هاوپەیمانێتیەكان بەناوی خۆیانەوە هاتونەتە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوەو هاوپەیمانێتیەكانی ئەمجارە تاڕادەیەك تێكەڵن و لەزۆر شوێندا لیستە شیعی و سونییەكان بەیەكەوەن، هاوكات رۆڵی كەسایەتیە ئاینییەكان و كاریگەرییان بەسەر دەنگدەرەوە كەمبووەتەوە.
بەپێی ئامارەكان ئەو هێزو لایەنانەی بەشداری هەڵبژاردنی 2018 دەكەن بەمجۆرەیە:
* 206 قەوارەی سیاسی بەشداری هەڵبژاردن دەكەن
* لەو ژمارەیە 73 لایەنی شیعە و 53 لایەنی سونەو 13 لایەنی كوردی و 9 مەسیحی و 7 توركمانی 42 مەدەنی وسەربەخۆ و 1 شیوعی و 2 شەبەكی و 2 لایەنی كوردی فەیلی بەشدارن.
* لەو 206 لایەنەی بەشداری دەكەن، 187 لایەنی سەركردەكانی لەساڵی 2003ەوە لەپرۆسەی سیاسی عێراقدان و 19 لایەنیش سەركردەكانیان نوێ ن.
* هاوكات لە 32 هاوپەیمانێتی 27 هاوپەیمانێتیان سەركردەكانیان بەشداری پرۆسەی سیاسین.
* 4 هاوپەیمانێتی شیعە چاویان لەپۆستی سەرۆك وەزیرانەو سونەكان چاویان لەسەرۆكایەتی پەرلەمانە و لایەنە كوردیەكانیش بەتەمای پۆستی سەرۆككۆمارن.
هەربەپێی پێشبینییەكانی ناوەندە سیاسیەكانی عێراق پێشبینی دەكرێت :
* سێیەكی ئەندامانی پەرلەمان بگۆڕرێن
* بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی كە 30-35 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت دروست ببێت.
هەرچەندە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكی لەتازەترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەكردووە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق هیچ گۆڕانكارییەك دروستناكات و لەكۆتاییدا دەبێتە هۆی دروستكردنی حكومەتێكی ئیتیلافی لەلایەن (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی ئێستاوە.
بەگوێرەی رۆژنامەكە هەڵبژاردن تەنها وەك مەراسیمێكی لێهاتووەو بەهۆی هەڵوەشانەوەی كۆمەڵگا و زاڵبوونی گرووپە چەكدارەكانەوە بەبەراورد بەرێككەوتنی ژێر بەژێری رەوتە مەزهەبی و سیاسیەكان، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی نیە.
خوێندراوەتەوە236