یەكەمجارە لەمێژووی عێراقدا شیوعیەكان و سەدرییەكان پێكەوە هاوپەیمانن
شیوعیەكان و سەدرییەكان لەیەك هاوپەیمانێتیدان بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق، بەوپێیەی ئەم دوو رەوتە عەلمانی و ئیسلامییە بەقسەی خۆیان ئەوەی كۆیكردونەتەوە خەباتە لەدژی گەندەڵی و بەدیهێنانی چاكسازییە، بەڵام لایەنگرانی ئەو دوو رەوتە لەگۆڕەپانی تەحریر قسە لەگەڵ یەك ناكەن و سیاسەتیش نەیتوانیوە لایەنەگرانی ئەو دوو لایەنە , سیاسییەكان یەكبخات.
وەكچۆن لەپێشوتردا وتراوە عێراق وڵاتی سەیرو سەمەرەكانە، دەكرێت لەرووە سیاسیەكەیشەوە بەتایبەت لەسەروبەندی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئایاری داهاتوو، تاڕادەیەك ئەم وڵاتە بەوڵاتی سەیرو سەمەرەكان ناوەزەند بكەین، ئەویش بە ئاشتبوونەوەی دوژمنە سیاسیەكانی دوێنێ و لێكترازانی هاوپەیمانەكان و كۆبوونەوەی بیرو بۆچونە جیاوازەكان لەیەك لیست و هاوپەیمانێتیە جیاوازەكاندا.
لەتازەترین هاوپەیمانێتیشدا كە دەكرێت بەهاوپەیمانێتی بۆچونە دژەكان وەسفبكرێت هاوپەیمانێتی شیوعیەكانی عێراق و رەوتی سەدرییەكانە لەژێر ناونیشانی هاوپەیمانێتی (سائرون).
ئاژانسی فرانس پرێس لەراپۆرتێكی خۆیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوە بۆ جاری یەكەمینە لەمێژووی هەموو عێراقدا موقتەدا سەدر وەك پیاوێكی ئاینی شیعە مەزهەب و جیاواز لەپیاوانی ئاینی دیكە ببێتە هاوپەیمانی حزبێكی شیوعی كە تا دوێنێیەكی نزیك بەحزبێكی عەلمانی و دوور لەدینی وەسفدەكرد.
حزبی شیوعی عێراق كە لەساڵانی سییەكانی سەدەی پێشووە لەعێراقدا چالاكیان هەیەو هەزاران قوربانییان داوە، لەپەرلەمانی ئێستادا یەك كورسی پەرلەمانی هەیە، رەوتی سەدریش كە لەدوای ساڵی 2003 هاتۆتە ناو پرۆسەی سیاسی عێراقەوە، لەپەرلەمانی ئێستادا 33 كورسی پەرلەمانی هەیە.
ئیبراهیم جابری سەركردە لەرەوتی سەدر و سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەكانی ئەو رەوتە دەربارەی هاوپەیمانێتیەكەی سەدرییەكان و شیوعیەكان دەڵێت: ئەمە یەكەم هاوپەیمانێتی لەمجۆرەیە لەعێراقدا، ئەوە شۆڕشی عێراقیەكانە لەپێناوی چاكسازیدا لەگەڵ رەوتە مەدەنیەكان یاخود رەوتە ئیسلامیە میانڕەوەكان.
جابری ئەوەشدەخاتەروو شیوعیەكان و سەدرییەكان زیاتر لە2 ساڵە دژی تائیفیەت لەهەموو پارێزگاكانی عێراقدا خەبات دەكەن، بۆیە ئەوە شتێكی سەیرنیە ئەو دوانە پێكەوەبن.
رائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعی عێراقی بە (فرانس پرێس)ی راگەیاندووە، داواكارییەكانی هەردوولا هیچ سروشتێكی تائیفیانەی نیە و لەپێناو پرۆژەیەكی نیشتیمانی مەدەنیانەیە، گرنگ ئەوەیە رێگادراوە بەو كەسانەی كەوا سەر بەرەوتە ئیسلامی و عەلمانیەكانن پێكەوە كاربكەن.
لەلایەكی ترەوە جاسم حەلفی رێكخەری خۆپیشاندانەكانی حزبی شیوعی، ئەوە ئاشكرادەكات یەكەم چاوپێكەوتنی ئەندامانی حزبەكەی و موقتەدا سەدر لەئەیلولی 2015 لەشاری نەجەف روویداوەو بەبانگهێشتی سەدر بووە، ئەوەشدەخاتە روو لەو بەروارەوە تا ئێستا هەموو هەفتەیەك یاخود دوو هەفتە جارێك یاخود مانگانە پێكەوە دادەنیشین.
فرانس پرێس ئەوەشدەخاتەروو لەگۆڕەپانی تەحریری شاری بەغداد ئەو ژنانەی كەعەبای رەشیان بەسەرەوەیە جگە لەزەردەخەنەیەك هیچ قسەیەك لەگەڵ ئەو ژنانەدا ناكەن كە سەریان رووتە و پیاوە جل رەشەكانیش قسە لەگەڵ ئەو پیاوانەدا ناكەن كە قات و بۆینباخیان بەستووە.
خوێندراوەتەوە135