موسڵ: 11 هەزار هاوڵاتی مەدەنی بێ سەروشوێنن
ئەفسەرێكی پۆلیسی موسڵ ئاشكرایدەكات لە دوای هاتنی داعشەوە تائێستا 11 هەزار هاوڵاتی مەدەنی شاری موسڵ بێ سەروشوێنن و تا ئێستاش چارەنوسیان یەكلایی نەكراوەتەوە.
عەقید باسم حەجار بەكەناڵی ئەلعەرەبیەی ڕاگەیاندوە، سەرەڕای بەردەوامی پرۆسەی گەڕان و پشكنین، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا نەیانتانیوە چارەنوسی ئەو بێ سەروشوێنكراوانە یەكلایی بكەنەوە.
بەوتەی ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی موسڵ، كەسوكاری بێسەروشوێنكراوان داواكارییەكانیان گەیاندۆتە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوەكو چارەنوسی كەسوكارییان ئاشكرا بكرێت.
ساڵی 2014 موسڵ كەوتە دەست رێكخراوی تیرۆرستی داعش، ماوەی سێ ساڵە ئەو شارە لەژێر دەستی ئەو رێكخراوەدا بو، بەوهۆیەشەوە جگە لە زیانە مادییەكان زیانێكی زۆری گیانی بەر خەڵكی موسڵ و تەواوی ئەو ناوچانە كەوت كە لەژێر دەستی داعشدا بون.
خوێندراوەتەوە176