عێراق

عێراق.. دەستبەسەرداگرتنی سامانی سەركردەكانی حزبی بەعس

ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی حزبی به‌عس له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن، دیكتاتۆری عێراق، كه‌ له‌ئێستادا ماڵ و موڵكه‌كانیان و حسابه‌ بانكییه‌ جیهانیه‌كانیان وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆسه‌ر ئاسایشی جیهان و عێراق به‌كارده‌هێنرێن...‌

دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە دەست بگرێت بەسەر سامانی چوار هەزارو ٢٥٧ کەس لە سەركردەكانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لە سەروویانەوه‌ سەدام حوسێن. 

 لە نامەیەكدا كە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری ئاراستەی سكرتارییەتی حكوومەت و وەزارەتەکانی دارایی، داد و كشتوكاڵی كردووە تیایدا دوای دەستبەسەرداگرتنی سامانەکانی سەرانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە و كەسوكارەكانیان دەکات.

دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەستەیەكی حكوومییە و ئەركەكەی تایبەتە بە دەركردنی سەركردەكانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لە دامەزراوە حكوومییەكاندا. 

دەستەی لێپرسنەوە و دادپەروەری كە پێشتر ناوی دەستەی ریشەكێشكردنی بەعس بوو دوای رووخاندنی رژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن حاكمی مەدەنی ئەمریكا، پۆل برێمەر پێكهێنرابوو كە ژمارەیەكی زۆری لە فەرمانبەران و ئەفسەرانی بەعسی لە خزمەت دوورخستەوە، هەروەها دەستی بەسەر سامانەكانیاندا گرت.

لە نامەکەدا کە بەسەر میدیاکاند دابەشکراوە و کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری رایگەیاندووە كە لەو داواییەدا، پشتی بەستووە بە حوكمەكانی یاسایی ژمارە ٧٢ بۆ ساڵی ٢٠١٧ تایبەت بە دەستبەرداگرتنی سامانی گوازاروە و نەگوازرەی سەرانی رژێمی پێشوو.

دەستەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە لە لیستەكەدا هەریەكە لە سەرۆكی رژێمی پێشوو، سەدام حوسێن لەگەڵ منداڵ و نەوەكانی تەنانەت ئەو كەسوكارانەیان كە لە پلە دوو لەگەڵ ئەو بریكارانەیان كە سامانەكانیان گواستووەتەوە و لەم یاسایەدا ئاماژەی پێ كراوە دەگرێتەوە.

هەر لە لیستەكەدا ناوی ٥٢ لە وەزیر و سەركردەكانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە چی ئەوانەی زیندانی كراوان یان مردوون یان لەسێدارەدراون لەگەڵ ناوی هاوسەر و منداڵ و نەوەكانیان، ئەو كەسوكارانەیان كە پلە دوون، تۆمار كراوە.

لەنێو ئەو سەركردانەی بەعس كە ناویان لە لیستەكەدا تۆماركراوە، هەریەكە لە عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی كیمیایی و ئامۆزای سەدام حوسێن كە لە ساڵی ٢٠١٠ لە سێدارەدراوە لەگەڵ زڕبرای سەدام حوسێن، بەرزان ئیبراهیم حەسەن تكریتی كە لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەسێدراوە هەیە.

هەروەها لە لیستەكەدا ناوی هەر یەكە لە جێگری سەرۆكی رژێمی پێشوو، تەها یاسین رەمەزان كە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە سێدارە دراوە لەگەڵ سكرتێری تایبەتی سەدام حوسێن، عەبدولحەمید مەحمود ناسراو بە عەبد حمود كە لە ساڵی ٢٠١٢دا لە سێدارەدراوە، هاتووە.

هاوكات ناوی تارق عەزیز كە لە ساڵی ٢٠٠٣دا خۆی رادەستكردەوە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٥دا لە گرتووخانە كۆچی دوایی كرد لە لیستەكەدا هاتووە.

هەروەها ناوی ئەوانەی کە پارێزگاربوون یان ئەوانەی پلەی ئەندامی لقی بەعس و بەسەرووە هەبووە لەگەڵ ئەوانەی پلەی عەمیدیان هەبووە لە دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی پێشوو لە لیستەكەدا هاتووە كە ژمارەیان چوارهەزار و ٢٥٧ كەسە.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1636